ئۆپەراسیۆنی عاشوورا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-13-15:54:00 - کۆدی بابەت: 7821
ئۆپەراسیۆنی عاشوورا

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ناوخۆی عێراق

دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق یان جەنگی دژی داعش (بە عەرەبی: الحرب الأهلية العراقية الثانية، بە ئینگلیزی: War in Iraq)، جەنگێکی چەکدارییە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراق لە شێوەی یاخیبوون دەستی پێکرد. دوای ئەوەی شارەکانی مووسڵ و فەلووجە و کۆمەڵێکی زۆر ناوچەی سەرەکی عێراق داگیرکران و ئەبووبەکر بەغدادی خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند، بەخێرایی ڕووداوەکان بەرەو جەنگێکی سەربازی ماوەدرێژ درێژەیان کێشا.

ئەم جەنگە بووە هۆی دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن سەروەزیرانی عێراق نووری مالیکی، دوای ئەوەش دەسەڵاتەکانی درا بە حەیدەر عەبادی سەروەزیرانی نوێ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و سوپای عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی چوونە نێو جەنگ دژی تیرۆر و چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوەکە ئەنجام دران، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ جەنگەکە بە گرتنەوەدەستی تەواوی خاکی عێراق لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە کۆتایی هات.

بابەتی سەرەکی: جەنگی دژی داعش

ئۆپەراسیۆنی عاشوورا

ئۆپەراسیۆنی عاشوورا ئۆپەراسیۆنێکی دوو ڕۆژەیە کە لەلایەن هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبیەوە ئەنجامدرا، کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ـەوە بەئامانجی وەرگرتنەوەی ناوچەی ستراتیجی جورف ئەلنەسری نزیک بەغداد لە داعش دەستی پێکرد. بۆ ڕێگری لە گەیشتنی تیرۆرستان بە شارەکانی کەربەلا و نەجەف کە پێشتر داعش هەڕەشەی کوشتنی هەزاران کەسی کردبوو لە مەراسیمی عاشوورا کە ساڵانە لە چلەی ئیمام حسێن ئەنجام دەدرێت.

لە ڕۆژی ٢٤ـی تشرینی یەکەم بە بەشداری سوپای عێراق و یەکەکانی حەشدی شەعبی و فەرماندەیی هادی عامری و وەزیری بەرگریی ئەوکاتی عێراق هێرش کرایە شوێنەکە. زۆرێک لە شاهێدەکانی ئەو شەڕە دەڵێن هادی عامری و قاسم سولەیمانی لە مەیدانی جەنگ پێکەوە بینراون و کۆمەڵێک چەکداری ئێرانییش بەشداری پڕۆسەکەیان کردووە.

لە ماوەی شەڕەکەدا نزیکەی ٥٠٠ چەکداری داعش کوژران، کە ٣٥ کەسیان خەڵکی سعوودیە و ٣٠ کەس لە چیچان و ٢٤ کەسی سووریییان تێدابوو. هەروەها لەنێو کوژراوەکان ٦٠ نیشانەشکێن و ٢٩ خۆکوژی تێدابوو.

دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٩ـی تشرینی یەکەم حکوومەت ڕایگەیاند بۆ ماوەی هەشت مانگ شارەکە بەڕووی ئاوارەکاندا دادەخرێت تاوەکوو هەموو تەقینەوە و مینەکان پاک بکەنەوە کە نزیکەی ١٠٠ مین و تەقینەوەی خانوویی بوون.

زانیاری گشتی

ڕێکەوت ٢٠١٤/١٠/٢٤ بۆ ٢٠١٤/١٠/٢٦
ناوچە جورف نەسڕ، عێراق
شێوە هێرشی ڕووبەڕوو

هێزەکان

دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کۆماری عێراق
  سوپای عێراق
  پۆلیسی فیدراڵی
  حەشدی شەعبی
  فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران 
  حیزبوڵڵا

هێز

داعش عێراق
نەزانراو زیاتر لە حەوت هەزار سەرباز

 


سەرچاوەکان



425 بینین