بوراق

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-09-17-03:10:00 - کۆدی بابەت: 6603
بوراق

ناوه‌ڕۆك

بوراق چییە؟

بوراق ناوی ئەو گیاندارەیە کە پێغەمبەر محەمەد ﷺ سواری بوو شەوی ئیسڕا و میعراج کە ڕۆیشت بۆ مزگەوتی ئەقسا و پاشان لەوێوە بۆ ئاسمانی حەوتەم، ناوی بوراق لە (برق)ـەوە وەرگیراوە ئەوەش لەبەر خێراییەکەی، لە زمانەوانیدا بوراق جەمعی بورقەیە، کە سیغەی موبالەغەیە، کاتێک دەڵێین (سیف براق) واتە شمشێرێکی زۆر بریقەدار، یا وتراوە هۆکاری ناوناکەی ئەوەیە کە زۆر پاک و جوانە و ڕەنگەکانی زۆر ناوازە و ڕوونن، یا وتراوە هۆکاری ناونانی بە بوراق ئەوەیە کە خاوەنی دوو ڕەنگە، بوراق گیاندارێکی سپییە، لە گوێدرێژ گەورەترە و لە مایەن بچوکترە، هەنگاوێکی بوراق هێندەی مەودای بینینی چاویەتی، بەو مانایەی کە چاوی چەندەی بڕکرد بە یەک هەنگاو دەیگاتێ، هەر بۆیە بە هێز و دەسەڵات و قودرەتی خودای گەورە توانی ئەو مەودا زۆرە ببڕێت، هەروەها دەوترێت بە بوراق ناونراوە چونکە زۆر بریقە و بریسکەی دێت وەک ڕوون کرایەوە، هەروەها وەسف و تایبەتمەندی ئەم بوراقە لە فەرموودە شیرینەکانی پێغەمبەر ﷺ ـدا هاتووە.

ئەم بوراقە پێغەمبەر ﷺ ـی هەڵگرت لە مەککەی پیرۆزەوە بۆ مزگەوتی ئەقصا لە بەیتول مەقدیس شەوی ئیسڕا و میعراج، کاتێک کە گەیشتنە ئەوێ دەوترێت جوبرەئیل (سەلامی خودای لەسەربێت) بوراقی بەستەوە لەلای دیوارێک کە ئەو دیوارە لای موسڵمانان بە "دیواری بوراق ناودەبرێت"، کە ئەو دیوارەش دیواری ڕۆژهەڵاتیە لە مزگەوتی ئەقصا، پاشان پێغەمبەر ﷺ چووە ژوورەوە و نوێژی بۆ پێغەمبەران کرد و پاشان گەڕایەوە و بەرز بوونەوە بۆ ئاسمانەکان پاشان گەڕانەوە بۆ شاری مەککەی پیرۆز.

وەسفی بوراق

لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە (خودای گەورە لێی ڕازی بێت) دەگێڕدرێتەوە کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: ( أُتيتُ بالبُراقِ، وهو دابَّةٌ أبيضُ طويلٌ، فوق الحمارِ، ودونَ البغلِ، يضعُ حافرَه عند مُنتهَى طرْفِه، فركبتُه، حتى أتيتُ بيتَ المقدسِ) واتە: "بوراقم بۆ هێندرا کە گیاندارێکی سپی درێژە، گەورەتر لە گوێدرێژ و بچوکتر لە مایەن، چاوی چەندێکی بڕکرد هەنگاوی لەوێ دادەنێت، پاشان سواری بووم تا گەیشتمە بەیتول مەقدیس"، کەواتە لە فەرموودەکەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بوراق ـەکە ئەم سیفەتانەی هەیە.

  • ڕەنگی سپییە.
  • درێژیەکەی لە گوێدرێژ زیاترە و لە مایەن کەمترە.
  • زۆر خێرایە.

لە هەمان شەودا پێغەمبەر ﷺ چووەتە بەیتول مەقدیس پاشان بۆ ئاسمانەکان پاشان گەڕاوەتەوە بۆ مەککەی پیرۆز.

ئەو ڕووداوانەی کە پێش ئیسڕا و میعراج ڕوویدا

پاش ئەوەی دایکی ئیمانداران دایە خەدیجە  و ئەبو تاڵیبی مامی پێغەمبەر ﷺ کۆچی دواییان کرد، پێغەمبەر ﷺ زۆر بێتاقەت و غەمبار بوو، لەبەر ئەوەی هەم خەدیجە و هەم ئەبو تاڵیب پاڵپشت و سەنەدێکی زۆر باشی پێغەمبەر ﷺ بوون، هەموو کاتێک پشتگیریان دەکرد کاتێک قوڕەیش ئازاریان دەدا، وە کاتێک کە بۆ بانگەواز بەرەو تائیف ڕۆیشت بەو هیوایەی کە موسڵمان ببن و پاشان بە درۆیان خستەوە و سوکایەتیان پێکرد، خەڵکی تائیف منداڵ و شێتەکانیان لێ هاندا و بەرد بارانیان کرد تا لە تائیف دوورکەوتەوە، پاش ئەو ڕووداوە جوبرەئیل (سەلامی خودای لەسەربێت) هاتە خزمەت پێغەمبەر ﷺ و بانکی گرد بۆ گەشتێکی گرنگ و موعجیزەیەکی تایبەت کە دڵەکانی سەرسام دەکرد و بیر و هۆشی دەبرد، ماڵی هیچ کەسێک نەما کە باسی ئەم ڕووداوە گرنگە نەکات ئەویش ئەم ڕووداوی ئیسڕا و میعراجە بوو، وە ئەم موعجیزە گەورە مژدەیەک و دڵدانەوە و دڵخۆشکردنێک بوو لەلایەن خودای گەورەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ، لە هەمان کاتدا ئەم موعجیزە پشت ڕاستکردنەوەی پیغەمبەرایەتی بوو بۆ پێغەمبەر ﷺ لەلای گەلەکەی، ڕۆیشتن بۆ مزگەوتی ئەقسا و بەرزبوونەوە بۆ ئاسمانەکان و گفت و گۆ کردن لەگەڵ خودای گەورەدا و گەڕانەوە بۆ مەککەی پیرۆز لە بەشێکی شەودا بۆ خۆی گەورەترین موعجیزەیە، ئەم ڕووداوە تاقیکردنەوەیەکیش بوو بۆ هاوەڵان بە گشتی و بە تایبەت ئەوانەی کە تازە هاتبوونە ناو ئیسلام و باوەڕیان هێنابوو.

گەشتی پێغەمبەر ﷺ بە بوراق بەرەو ئاسمانەکان

ئەم ڕووداوە بە پێی مێژووە ئیسلامیەکان باس دەکرێت کە دە ساڵ پاش بوونی پێغەمبەر ﷺ بە پێغەمبەر ڕووی داوە، پاش کۆچی دوایی خەدیجەی خێزانی و ئەبو تاڵیبی مامی و چوونی بەرەو تائیف و بەرەنگاربوونەوەی ئێش و ئازار، واتە لەو ساڵەدا بوو کە ناونرا بە ساڵی ماتەمینی، جوبرەئیل سەلامی خودای لەسەر بێت بە بوراقەوە هات و پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ خۆی برد بەرەو مزگەوتی ئەقسا، پێغەمبەر ﷺ هەموو پێغەمبەرانی بینی لەوێ، دوو ڕکات نوێژی بۆ کردن، پاشان بە یاوەری جوبرەئیل سەلامی خودای لەسەربێت گەشتی بەرزبوونەوە و میعراج دەستی پێکرد بەرەو ئاسمانەکان کە لە مزگەوتی ئەقساوە بەرەو سەر بەڕێوە کەوتن، لەم گەشتە گەورە و مەزنەدا بەرەو ئاسمانەکان پێغەمبەر ﷺ ژمارەیەک لە پێغەمبەرانی دیکەی بینی و بەخێرهاتنیان کرد، لەوانە: پێغەمبەر ئادەم، موسا و هارونی برای، عیسا، یەحیا، یوسف، ئیدریس، پاشان بەرزبوویەوە بۆ ئاسمانی حەوتەم و بە باوکی پێغەمبەران پێغەمبەر ئیبراهیم سەلامی خودای لەسەربێت گەیشت، پێغەمبەر ﷺ سەلامی لێکرد، پاشان بەرەو سیدرەتول مونتەها بەرزبوویەوە.

هەر لەو سەفەرە گرنگ و پڕ خێر و بەرەکەدا خودای گەورە نوێژی فەرز کرد لەسەر پێغەمبەر ﷺ و ئوممەتەکەی، یەکەمجار خودای گەورە 50 نوێژی لەسەر ئومەتی پێغەمبەر ﷺ فەرزکرد، بەڵام کاتێک پێغەمبەر ﷺ گەڕایەوە لە ڕێدا چاوی بە پێغەمبەر موسا کەوت سەلامی خودای لەسەربێت و لێی پرسی: خودای گەورە چی لەسەر ئوممەتەکەت فەرز کرد؟, پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: 50 نوێژ لە شەو و ڕۆژێکدا, پێغەمبەر موسا پێی فەرموو کە ئوممەتەکەت توانای ئەوەیان نییە، چونکە من لە بەنی ئیسڕائیلەوە ئەزمونم وەرگرتووە و تاقیم کردوونەتەوە بگەڕێرەوە بۆ لای پەروەردگار و داوای لێبکە کە بۆ ئوممەتەکەت کەم بکاتەوە، پێغەمبەر ﷺ گەڕایەوە و بە پەروەردگاری فەرموو: خودایە گیان داوات لێدەکەم کە لەسەر ئوممەتەکەمی ئاسان بکەیت و کەمی بکەیتەوە، خودای گەورەش 5 فەرزی لێ لابرد، پاشان گەڕایەوە و دووبارە پێغەمبەر موسای بینی و پێێ فەرموو کە خودای گەورە 5 فەرزی لێ لابردووە، پێغەمبەر موسای پێی فەرموو ئەوە لەسەر ئوممەتەکەت قورسە و توانای ئەوەیان نییە، بگەڕێوە بۆ لای پەروەردگارت و داوای ئاسانکاری لێبکە و داوای لێبکە کە کەمی بکاتەوە بۆت، هەر جارێک کە دەچووە بۆ لای پەروەردگار 5 فەرزی بۆ کەم دەکردەوە هەتاوەکو بوو بە 5 فەرز لە شەو و ڕۆژێکدا.


سەرچاوەکان



1510 بینین