گەشکە

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-23-14:30:00 - کۆدی بابەت: 6682
گەشکە

ناوه‌ڕۆك

گەشکە چییە؟

کێشەیەکە لە سیستمی کارەبایی مێشکدا، پرتەیەکی کارەبایی بەهێزی ناو مێشک هۆکاری گۆڕانکاری کورتخایەنە لە جوڵە و ڕەفتار و هەستکردن و ئاگاییدا، ئەم ڕووداوانەش ناودەبرێت بە (گەشکە) کە پێدەچێت لە چەند چرکەیەک تاکو چەند خولەکێکی پێ بچێت، ئەو کەسانەی دوو گەشکە یان زیاتری بێ هۆکاریان هەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دا ئەوا تووشی پەرکەم بوونە، نیشانەکانی تووشبوون بە حاڵەتەکە خۆی لە جوڵەی لەناکاو و کۆنتڕۆڵ نەکراو دا دەبینێتەوە.

تێبینی: لەبەرئەوەی کە گەشکە لەناکاوە و حاڵەتێکی کتوپڕە دەبێ ئەو کەسەی کە بەسەری دێت پێشووتر ڕێگای سەلامەتی گرتبێتە بەر و لەو کارانە دوور بکەوێتەوە کە مەترسین بۆ سەر ژیانی، لەو کارانە (مەلەکردن و شاخڕەویی و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل)ـە کە لەهۆشخۆچوون لەو کاتەدا مەترسییە بۆ سەر ژیانی کەسەکە.

هۆکارەکانی تووشبوون بە گەشکە

• بۆماوە.
• گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشک.
• بەرکەوتنی زەبری توند بە سەر .
• جەڵتەی مێشک.
• کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە لەش.

ئایا منداڵان گەشکەیان لێدێت؟

بەڵێ هەندێک لە منداڵانیش تاکو چەند ساڵێک بەردەوام دەبێ تیایاندا، زۆرجار کۆرسی دەرمانی ڕێک و پێک دەیوەستێنێت، ئەگەر هاتوو بەو دەرمانانە چارەسەر نەبوو ڕێگە چارەی دیکە یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتەکە دەدات، ئەو منداڵانەی گەشکەیان لێدێت پێویستییان بە ستافی تایبەت هەیە بۆ ئاگاداربوونیان و پاراستنیان لەکاتی بەربوونەوە و لە هۆشخۆچوونیان.

دیاریکردنی گەشکە

پزیشک دووبارە پێداچوونەوەی ڕەچەتەی تایبەت بە حاڵەتەکە دەکاتەوە و پشکنینی پێویست دەکات، یەکێک لە پشکنینەکان ناودەبرێت بە ELECTROENCEPHALOGRAM کە تۆمارێکی هێڵیی کارەباییە و کردارێکی بێ ئازارە هەروەها لە شەپۆلە کارەباییەکانی مێشک دەکۆڵێتەوە و کێشەکانی دیاری دەکات، کاتێک شێوازەکانی دەرکەوتنی شەپۆلەکە دەگۆڕێت  بەپێی ئەوە دەزانرێت چی بەشێکی مێشک کێشەی هەیە ئەمەش یارمەتی زوو چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات.

بێجگە لە (EEG) پزیشکان سوود لە هەردوو تیشکی (MRI-CT)ـیش دەبینن بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکە، لەوانەیە گۆڕانی شێوەی مێشک و خوێنبەربوون و گرێی شێرپەنجەیی هۆکاربن بۆ گەشکەکە کە لەڕێی ئەم تیشکانەوە پەی بە حاڵەتەکە دەبەین، شایانی باسکردنە تیشکی CT بەهێزترە لە MRI و یارمەتیدەرێکی باشن لە زوو چارەسەرکردنی حاڵەتەکەدا.

چارەسەری گەشکە

دەرمانی دژە گەشکە: دەرمانی دژە گەشکە باوترین جۆری دەرمانە بۆ پەرکەم و نەخۆشێکی زۆر سوودیان لێی وەرگرتووە، لە حاڵەتێکیشدا ئەگەر هاتوو دەرمانەکە سوودی نەبوو پزیشکی تایبەت هەڵدەستێت بە گۆڕینی کۆرسی دەرمانەکە و بەکارهێنانی چەند دەرمانێکی جیاواز.
ژەمە خۆراکی تایبەت: خواردنی خۆراکی تایبەت و جیاواز کە ڕێڕەوی خۆراک دەگۆڕێت بۆ شێوازێک کە چەوری بەکاربهێنرێت لە جێی گلوکۆز، پێویستە ژەمەکان دەوڵەمەند بن بە پرۆتین و چەوری بەمەش ئەگەری تووشبوون بە پەرکەم کەمدەکاتەوە.
• چارەسەر بە هاندانی دەماری (ڕەگی): کارەبایی مێشک بەتایبەت ڕەگی دەیەم، بەدانانی ئامێری تایبەت لە مل و ناو مێشکدا.
• نەشتەرگەری: لە دوو حاڵەتدا دەتوانین سوود لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری ببینین:

  1. ئەگەر هاتوو زانرا ناوچەی پەرکەمەکە لە هەمان شوێنی مێشکدا دووبارە دەبێتەوە، بەلابردنی ئەو بەشە ئەگەری ڕوودانی پەرکەمەکە کەمدەبێتەوە.
  2. گەر بارودۆخێکی جیاواز بوونی هەبێت وەکو گرێی شێرپەنجەیی و لابردنی گرێکە سوودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکە. 


سەرچاوەکان



6890 بینین