کەروێشک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-26-22:46:00 - کۆدی بابەت: 6723
کەروێشک

ناوه‌ڕۆك

کەروێشکەکان

کەروێشک (بە ئینگلیزی: Rabbit)، ئاژەڵی مەمکداری قەبارە بچووکن، لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە ٣٠ جۆری هەیە، کۆمەڵایەتین و پێکەوە بە کۆمەڵەی گەورە دەژین، بۆ خۆ شاردنەوە لە ڕاوچی و ئاژەڵە دڕندەکان ئەوا زۆرینەی چالاکییەکانیان لە زەردەپەڕ و بەرەبەیاندا ئەنجام دەدەن، لەم کاتەدا بە هۆی ئەوەی ڕووناکی زۆر کەمە بە سەرکەوتوویی خۆیان دەشارنەوە، هۆکاری دووەمیش بۆ ڕزگاربوونی بریتییە لە توانا بەرزەکەی بۆ ڕاکردن بە خێراییەکی زۆر، کە لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت ٢٩ کم ببڕیت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کەروێشکەکان بوون بە خۆراکی ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵە ڕاوکەرەکانی کۆمەڵەی شیردەر و باڵندەکانیش، هەروەها دەتوانن چەند نەخۆشیەکیش بۆ مرۆڤەکان بگوازنەوە، وەک تای کەروێشک و نەخۆشی توڵاریمیا، لە ئێستادا دوو جۆری کەروێشکەکان مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، چونکە مرۆڤەکان ڕاویان دەکەن لە سروشتدا بە تایبەت جووتیار و خاوەن کێڵگەکان، چونکە کەروێشکەکان هۆکاری کەمبوونی بەروبومەکانن و بە نەخۆشی کێڵگەکان ناو دەبرێن، جگە لە مرۆڤەکانیش لەناوبردنی ژینگەکانیان و توشبوونیان بە نەخۆشی و ڕاوکردنیان لە لایەن ئاژەڵە دڕندەکان هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەیانن، لە سروشتدا ناوەندە ڕێژەی تەمەنی دەگاتە ٨ ساڵ، بەڵام لە کاتی ماڵی کردنی و گرنگیپێدانی زۆر تەمەنیان دەگاتە ١٠-١٢ ساڵ.     

نشینگە

کەروێشکەکان لە ژینگە جیاوازەکاندا نیشتەجێ دەبن، وەک بیابانەکان، ناوچە شێدارەکان و دارستانە کەمەرەییەکان، بە گشتی لە هەموو کیشوەرەکاندا بڵاوبوونەتەوە، لانە تایبەتەکانیان لە ڕێگەی هەڵکۆڵینی زەوییەوە بە دەستەکانیان دروست دەکەن، دەکرێت درێژییەکەی بگاتە ٣م، لە ناوەوە ژوری زۆر لە خۆ دەگرێت، لەگەڵ ژمارەیەک دەروازەی چوونە ژورەوە و هاتنە دەرەوە بۆ خێرا دەربازبوون لە ئەگەری هەبوونی مەترسی.

شێوەی دەرەوەی

چاوی کەروێشکەکان لە بەشێکی کەللەی سەریاندا جێگیر کراوە کە دەتوانێت ٣٦٠ پلە  چاوی بیجوڵێنێت و هەموو دەوروبەری ببینێت، و دوو گوێچکەی درێژیشی هەیە کە ٦ سم دەبێت ئەوپەڕی ١٠ سم، ئەم درێژییە هاوکاری دەکات لە خێرا بیستنی جووڵە بەتایبەتیش نێچیرگر و ڕاوچییەکان، هەروەها ڕزگاربوون لە پلەی گەرمی زیادەی جەستەی بە دەردانی گەرمییەکە لە ئەو لوولە خوێنانەی لە گوێچگەکانیدا هەن، کلکێکی کورت و باریکی هەیە، و قەبارەیان بە گشتی بچووکە هەندێکیان ئەوەندەی پشیلەیەک دەبن، لەکاتێکدا هەندێکی دیکەیان ئەوەندەی منداڵێکی ساوان، بچووکترینیشیان بە کەروێشکی کورتەباڵا ناسراوە کە درێژییەکەی ٢٠ سم دەبێت و کێشی دەگاتە ٤٠٥ گم، لە کاتێکدا گەورەترینەکان ٥٠ سم دەبن و کێشیان لە سەروو ٤.٥ کگم ە، پێیەکانی دوواوەی درێژ و بەهێزن و لەسەر نووکی پێیەکان بازدەدەن، فەروویەکی درێژ و نەرم جەستەی دادەپۆشێت، دەکرێت ڕەنگەکەی لە نێوان ڕەنگەکانی سپی و قاوەیی و پرتەقاڵی و زەرد و خۆڵەمێشی و ڕەش بێت.

خۆراک

کەروێشکەکان ئاژەڵی ڕووەکخۆرن، کە بە هیچ جۆرێک گۆشت ناخۆن، بە گشتی  هەموو جۆرە گیایەکان و ڕووەکە ڕەقەکانی وەک برۆکلی و کاهوو و کەلەرم دەخۆن، لە ئەگەری نەبوونیان میوە و تۆو و ڕەگ و خونچە و قەدی درەختەکان دەخۆن، بەگوێرەی جۆرەکانیان، لەبەر ئەوەی کەروێشکەکان توانای ڕشانەوە و هەڵهێنانەوەی خۆراکیان نییە، بۆیە زۆر گرنگە کە خۆراکی گونجاو بخوات، لە ئەگەری دەستنەکەوتنی بڕی پێویستی خۆراک کەروێشکەکان پاشەڕۆی خۆیان دەخۆن بۆ سوود وەرگرتن لە ئەو بەشانەی کە هەرس نەکراون.

یەکگرتن و زۆربوون

نێرینە و مێینەکان دەکرێت لە هەر کاتێکی ساڵەکەدا بێت یەکگرتن بکەن، تەمەنی پێگەیشتنی مێینەکان لە ٥-٦ مانگییەوە دەستپێدەکات، ماوەی وەچە خستنەوەیان هەتا ٤ ساڵ دوای پێگەیشتنیان دەخایەنێت، دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی ٣١ ڕۆژ دەخایەنێت، دوای ئەم ماوەش ١-١٢ بێچووی دەبێت بە جارێک، تەنها دوای چەند ڕۆژێک دەتوانێت دیسانەوە سکپڕ ببێتەوە، هۆکاری ئەوەی مێینەکان توانایان هەیە ژمارەیەکی زۆر بێچوو بخەنەوە، ئەوەیە کە هێلکەدانان و دەرپەڕینی لە هێلکەدانەوە بە سوڕێکی ڕێکخراو نابێت، بەڵکو لە کاتی جووتبوون لەگەڵ نێرینەکەدا دەبێت، بەهۆی ئەمەشەوە ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوونی بێچووەکانی کەروێشکە مێینەکە دەگەڕێتەوە ماوەی زەیستان، بێچووەکان دوای لەدایکبوونیان بێ فەروو و نابینا و بێچارەن، دایکەکانیش گرنگییەکی تەواویان پێنادەن، بەجۆرێک لە ڕۆژێکدا تەنها یەکجار شیریان پێدەدەن ئەویش بۆ چەند خولەکێکی کەم، بۆیە شیری کەروێشکەکان لە هەموو شیردەرەکانی دیکە ماددەی خۆراکی زیاترە و بەنرخترە، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی کەمی گرنگیپێدانەکەیە، دوای مانگێک لە لەدایکبوون بێچووەکان لە شیر دەبڕدرێنەوە، هەروەها نێرینە و باوکەکان هیچ کاتێک گرنگی بە بێچووەکان نادەن.

جۆرە دیارەکانی کەروێشک

  • کەروێشکی سپی نیوزلەندی: لە بنەڕەتدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە و دواتر بۆ هەموو وڵاتەکانی جیهان بڵاوبووەتەوە، ئەم کەروێشکە فەروویەکی سپی هەیە و کێشی نێرینە پێگەیشتووەکانی دەگاتە نزیکەی ٤-٥ کگم لە کاتێکدا مێینەکان دەگاتە ٤.٥-٥.٥ کگم، توانای زۆربوونی مێینەکانی زۆر بەرزە و لە ساڵێکدا دەتوانێت ٥٠ بێچووی ببێت، ئەم جۆرە بێدەنگە بە خێرایی گەشە دەکات و گۆشتەکەشی جۆرێکی باشە.
  • کەروێشکی بابیون: نشینگە بنەڕەتییەکەی نەزانراوە بەڵام لە ئەمریکا و ئینگلتەرا دەژی، فەرووەکەی سپی و ڕەشە و قەبارەی پێگەیشتووەکانی دەگاتە ٧ کگم.
  • کەروێشکی کالیفۆرنیا: لە بنەڕەتدا لە ئەمریکا هەبووە، بەڵام ئەم کەروێشکە لە ئەنجامی یەکگرتنی سێ نەوەی جیاوازەوە دروستبووە، کە بریتین لە جۆرەکانی شنشیلا و هیمالایا و نیوزلەندا، فەرووی جەستەکەی سپییە بەڵام گوێچگە و کلک و لووت و پێیەکانی ڕەشن، گوێچکەکانی پتەو و درێژە و درێژییەکەی دەگاتە ١٢ سم و ئەم جۆرە گۆشتێکی زۆری هەیە.
  • کەروێشکی ژاپۆنی: نشینگەکەی لە بنەڕەتدا ژاپۆنە و ڕەنگەکەی قاوەییە.
  • کەروێشکی شنشیلا: نشینگەکەی لە بنەڕەتدا فەڕەنسایە و سێ ڕەنگی جیاوازی هەیە کە بریتین لە ڕەساسی و سپی و شین، هەروەها جۆرە مامناوەندەکانی کێشی دەگاتە ٢.٥ کگم.
  • کەروێشکی بوکسات: لە بنەڕەتدا نشینگەکەی فەڕەنسا بووە بەڵام دواتر بڵاوبووەتەوە بۆ هەموو وڵاتەکانی دیکە، فەرووەکەی سپییە و چاوەکانی سوورن و گوێیەکانی درێژن و سەری گەورەیە، کەروێشکی بوکساتی پێگەیشتو کێشی دەگاتە ٥-٦.٨ کگم، بۆیە بەکاردەهێنرێت بۆ باشکردنی گۆشتی نەوەی جۆرەکانی دیکە.


سەرچاوەکان



3363 بینین