پیشەسازی کیمیایی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-30-14:23:00 - کۆدی بابەت: 6757
پیشەسازی کیمیایی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پیشەسازییە کیمیاییەکان (بە ئینگلیزی: Chemical Industries، بە عەرەبی: (الصناعات الكیمیائیة) دەکرێت پێناسە بکرێت بەوەی کە کۆمەڵێك کردار و پرۆسەی پێشەسازی ئاڵۆزن کە سەر بە ڕێکخراو و دامەزراوەی تایبەتن بۆ درووستکردنی ماددە کیمیاییەکان و بەرهەمەکانیان، یاخود دەکرێت بڵێین کە بریتییە لەو پیشەسازییەی کە پەیوەستە بە بەکارهێنانی پێکهاتە و ماددەی کیمیایی و سوود وەرگرتن لە زانستەکانی کیمیا و کارلێکی کیمیاییەکان بۆ درووستکردنی بەرهەمی کیمیایی وەکوو: بابەتە پترۆکیمیاییەکان، دەرمان، بۆیە، نەوت و بەرهەمەکانی و چەندان بەرهەمی تر، هەروەها پیشەسازییە کیمیاییەکان کارێکی تر لەخۆدەگرن، ئەویش خستنەکار و گۆڕین و ساغکردنەوەی ماددەی خاوە کە لە کشتوکاڵ و كانەکانی بەرد و خەڵووز بەدەستدەهێنرێت بۆ ماددەیەك کە سوودبەخش و بایەخدارە بۆ ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ، هەروەها پیشەسازی خۆراکی بەشێك نییه لە پیشەسازی کیمیایی.

مێژووی پیشەسازییە کیمیاییەکان

پیشەسازی کیمیایی مێژوویەکی دێرینی هەیه، سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم پیشەسازییە بە ڕێگا و شێوازی سەرەتایی ئەنجام دراوە، وەکوو جیاکردنەوی پێکهاتەکانی ڕووەکی و ئاژەڵی، یان جیاکردنەوە و پارچەکردنی ئەو ماددانەی کە بۆ ئامادەکردنی کحول لە کاربۆهیدراتەکان پێویستن، هەروەها سابوون و گلیسیرین لە گریس، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم پیشەسازییە کیمیاییەکان بە هۆی دۆزینەوەی کارلێکی ئۆرگامییەکان و یاساکانی فیزیای کیمیایی زیاتر بەرەوپێش چوون، لەو ماوەیەدا پێکهاتە ئارۆماتیکەکانی وەکوو (بەنزین، تۆلوێن، فینۆل و نەفتالین) بەرهەمهێنراون، پاشان بەرهەمهێنانی مۆنۆکسایدی کاربۆن ڕاگەیەنرا کە بۆ بەگازکردنی سووتەمەنی بەکاردەهێنرا.

لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە هۆی بەرەو پێشچوونی ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن و پێویستی زیاتر بۆ سووتەمەنییەکان بۆیە زیاتر بایەخ بەم کەرتە درا و زانستێکی نوێ دۆزرایەوە، زانستی پیشەسازی پترۆکیمیایی، کە بەشێکە لە پیشەسازی کیمیایی ئۆرگانیک ئەم بەشە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پیشەسازی نەوت و بەرهەمەکانی.

جۆرەکانی پیشەسازییە کیمیاییەکان

  • پیشەسازی کیمیایی ئۆرگانیكی
  • پیشەسازی کیمیایی نائۆرگانیك
  • پیشەسازی پتروکیمیایی

چەند نموونەیەك لەسەر پیشەسازییە کیماییەکان

ـ پیشەسازی پلاستیك: پلاستیك بەربڵاترین نموونەی پیشەسازییە کیمیاییەکانە، درووستکردنی پلاستیك ئاسانە پێکهاتەکانی بەردەستە، پێکهاتە کیمیاییە پلاستیکییەکان لە نەوت درووستکراون و بە شێوەی پۆلیمەرن، کە ئەم پۆلیمەرانە تایبەتمەندی هەمەجۆر دەبەخشنە پلاستیکەکان، پلاستیك لە زۆر بەرهەمی ڕۆژانەدا بەردەستە.

ـ پیشەسازی چیمەنتۆ و کەرەستەکانی بیناسازی: چیمەنتۆ پێکهاتەیەکی سەرەکی کەرەستەکانی بیناسازییە، لە بەردی کلس (کاربۆناتی کالسیۆم CaCo3) درووستکراوە، بە گەرمکردنی سیلیکای کالسیۆم درووست دەبێت، پاشان پرۆسەی بەرهەمهێنانی پشتدەبەستێت بە وشک کردنەوە و تەڕکردن.

ـ پیشەسازی سابوون و پاکەرەوەکان: نموونەیەکی تر لەسەر پیشەسازی کیمیایی پاکەرەوەکانە، سابوون لە کارلێکردنی ترشەکان لەگەڵ تفتەکان درووست دەکرێت، پاکەرەوەکانیش بڕێکی زۆر لە کلۆر لە پێکهاتەکانیاندا بوونی هەیە.

ـ پیشەسازی بۆن: درووستکردنی بۆن بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە کرداری دڵۆپاندن بە هەڵم، ئەم پرۆسەیە یەکێکە لە کردارە گرنگەکانی پیشەسازی کیمیایی. 

کاریگەری پیشەسازییە کیمیاییەکان لەسەر پیسبوونی ژینگە

وەکوو هەموو پیشەسازییەکانی تر، پیشەسازی کیمیایی هۆکارێکی کاریگەرە لە درووستبوونی پیسبوون و کێشەکانی ژینگە، دوو جۆر پیسبوون لە دەرئەنجامی پیشەسازییە کیمیاییەکان ڕوو دەدەن:

- پیسبوون بە هۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان.

- ئەو پیسبوونەی کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی پێکهاتە کیمیاییەکان لە درووستکرودنی بەرهەمەکاندا ڕوودەدات، ئەم جۆرەیان هەمان کاریگەری پیسبوونی پیشەسازییەکانی تری هەیە و ئەگەر چارەسەری پێویستی بۆ نەکرێت دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ترسناك.

نموونەی پیسبوونی ژینگە بە پیشەسازییە کیمیاییەکان ئەمانەن:

ـ پاشماوەی ئەو جیوەیەی کە لە پیشەسازییەکان بەکاردەهێنرێت، هەندێکات ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی نەخۆشی میناماتا (نەخۆشییەکی ترسناکە واتا ژەهراوی بوونی لەش بە جیوە).

ـ پاشماوەی ترشەڵۆکەکان کە لە پیشەسازییە نا ئۆرگانیکەکان بەرهەمدەێنرێت و كانزا قورسەکان نموونەی کڕۆم کە دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون و نەخۆشی.

ـ هەندێك لە پیشەسازییە کیمیاییەکان کە ماددەی فینۆڵ و کلۆر بە بڕێکی زۆر لە پێکهاتەکانیان هەیە وەکوو: پاکەرەوەکان و پلاستیك و پێکهاتە و پەینی کیمیایی کشتوکاڵی، لە سەردەمی ئێستادا بە هۆی بەربڵاویان و شینەبوونەوەیان لە داهاتوودا سەرچاوەی زۆرینەی کێشە ژینگەییە باوەکانن.


سەرچاوەکان



2612 بینین