مەڕ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-05-13:30:00 - کۆدی بابەت: 6795
مەڕ

ناوه‌ڕۆك

مەڕەکان

مەڕەکان (بە ئینگلیزی: Sheep) ئاژەڵی مەمکداری سمدارن، سەر بە خێزانی مانگاکانن کە هەریەک لە (بزن، گامێش، مانگا، مەڕ) لە خۆدەگرێت، مەڕەکان تایبەتمەندن بە جەستەیەکی پڕ و پتەو بە بەراورد بە ئەندامەکانی دیکەی خێزانی مانگاکان، و لە بنەڕاتدا لە سروشتدا هەبوون، بەڵام مرۆڤەکان لە ١٠٠٠٠ ساڵ پێش ئێستەوە سەرکەوتو بوون لە ماڵی کردنیان، سەرەتاش لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیاوە دەستیپێکردووە، سوودی زۆریان هەیە وەک سوود وەرگرتن لە گۆشت و شیر و فەرووەکەی (خوری)، خوری مەڕەکان بۆ جلوبەرگ دروستکردن زۆرترین بەکارهێنانی هەبووە و هەتا ئێستاش زۆر بەنرخە، و تەنها لە وەرزی بەهاردا خوری مەڕەکان دەبڕدرێت، لە زمانی کوردیدا بە مێینە دەوترێت مەڕ و بە نێرینەش دەوترێت بەران، لە ڕابردوودا خەڵکی بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشت و خوری مەڕەکان، لە ناوچە زۆر دوورەکانی شارەکان ماڵییان دەکردن، چونکە مەڕەکان ژیانی بە کۆمەڵیان بەلاوە پەسەندە، هەروەها لەوێ دەبران بۆ لەوەڕگا و ناوچەی پڕ لە ڕووەک و گژ و گیا، بەمەش گۆشتەکەیان زۆرتر دەبوو، وە لە ئەنجامدا ئەو مەڕانەی گۆشتەکەیان زیاتر بێت خورییەکەشی بەنرختر و بەهێزترە، جووتیار یاخود بازرگانەکان مەڕەکانیان دەبرد بۆ ناوچە کەم ئاوەکانیش، چونکە توانای بەرگەگرتنی کەم ئاوییان هەیە، لە ئێستاشدا وڵاتی ئوستورالیا پێشەنگە لە بەرهەم هێنان و ماڵی کردنیان.

شێوازی ژیانکردن

ئەم ئاژەڵانە کۆمەڵایەتین و ژیانکردنیان لە سوڕی کۆمەڵەدا دەبێت، لە سروشتدا نێرینەکان لە کۆمەڵەی جیاوازدا دەژین کە ٥-٥٠ ئەندام لە خۆدەگرێت، وە ئەو بەرانانەی کە بەهێزترینن لەگەڵ یەکتر شەڕ دەکەن بە بەکارهێنانی شاخەکانیان، بۆ بوون بە سەرپەرشتی کۆمەڵەکە و بەدەستهێنانی مافی یەکگرتن لەگەڵ مێینەکان، کە شەڕەکە دەکرێت چەند کاتژمێرێک بخایەنێت تا ئەوکاتەی یەکێکیان واز دەهێنێت، بەڵام کۆمەڵەی مێینەکان بە نزیکەیی لە ١٠٠ مەڕ و بێچووەکانیان (بەرخەکانیان)  پێکهاتون، هەروەها کۆمەڵەی مەڕەکان دەکرێت توشی کۆمەڵێک نەخۆشی ببن وەک (هەوکردنی دەم، شیبوونەوەی سمەکان، توشبوونی بە ڤایرۆس)، ئەمانە دەبنە مەترسی لەناوچوونیان، جگە لە ئەوانە گورگ و ئاژەڵی مەترسیداری دیکەش دەبنە هۆی کەمبوونەوەیان.  

شێوەی دەرەوەی

بەرانەکان واتە نێرینەکان دوو شاخی کەوانەیی ئەستووریان هەیە، پێکهاتووە لە ماددەی کیراتین، دەکرێت تەمەنی نێرینەکان بە ژمارەی ئەو بازنانەی لە شاخەکانیدا هەیە هەژماربکرێت، کە لە زستانی هەموو ساڵێکدا بازنەیەکی بۆ دروست دەبێت، بەڵام مێینەکان ئەو شاخانەیان نییە، بە گشتی درێژی مەڕەکان لە نێوان ١٢٠-١٨٠ سم دایە، و کێشیان لە نێوان ٤٠-٨٠ کگم دایە، جگەری مەڕەکان ئەندامێکە زۆرترین پڕۆتینی تێدایە، بۆیە بۆ بازرگانیکردن خواستێکی زۆری لەسەرە، جگە لە جگەر گورچیلە و دڵیشی بەهەمان شێوە گرنگە.    

یەکگرتن و زۆربوون

کاتی یەکگرتنیان لە وەرزی پاییزەوە دەستپێدەکات، ئەو نێرینەی کە بە هێزە و نێرینەکانی دیکە دەبەزێنێت مافی یەکگرتنی دەبێت، بە دوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکە ٥ مانگ دەخایەنێت، کە بێچوویەک یان دووانی دەبێت، بە بێچووەکەشی دەوترێت بەرخ، واتە کاتی زۆربوونەکەیان دەگاتە وەرزی بەهار، لەبەر ئەوەی گۆشتەکەیان سوودی زۆری هەیە، بازرگانەکان دەرزی تایبەتیان بۆ دەکەن لە ماوەی سکپڕی، کە ببێتە هۆی زیادکردنی ژمارەی بێچووەکان لە دانەیەکەوە بۆ دووان و سیان.   

خۆراک

مەڕەکان گیانەوەی گیاخۆری کاوێژکەرن، لەبەر ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووەک دەخۆن، کە لە لەوەڕگاکاندا هەیە، بەڵام ئەوانەی ماڵین تۆو و میوە و سەوزەش دەخۆن، وەک هەموو کاوێژکەرەکانی دیکە، گەدەیان لە ٤ بەش پێکهاتووە بۆیە بە خێرایی بڕێکی زۆر خۆراک دەخۆن و لە گەدەیاندا کۆدەبێتەوە، دواتر دەیگەڕێننەوە دەمیان و بەهێواشی دەیجون و قوتی دەدەنەوە.

جۆرەکانی

لە جیهاندا زیاتر لە ٢٠٠ جۆر مەڕ هەیە، زۆربەیان خوری لێ بەرهەم دێت و کەمینەیان بۆ گۆشتەکەیان سوودیان لێ دەبینرێت، ئەوانەیان کە مووی فەرووەکەیان درێژە بۆ بەرهەم هێنانی خوری ماڵی دەکرێن، کە ڕەنگ ڕەشەکان بەنرخترن بە بەراورد بە سپییەکان، چونکە ڕەنگ ناکرێن، بەڵام ئەوانەی مووەکانیان ناوەند یاخود بچووکە بۆ گۆشتەکەیان ماڵی دەکرێن، باوترین جۆرەکانیش بریتین لە (سکۆتلەندی سەر ڕەش، ڕۆژئاواییەکان، کۆریداڵی، کۆڵۆمبی، ڕۆمانی و زۆری دیکە)، وە ئەو جۆرانەی کە لە ناوەڕاستی ئاسیا دەژین گەوترین قەبارەیان هەیە، کە کێشی دەگاتە ١٨٥ کگم.  


سەرچاوەکان



2381 بینین