کۆمپانیای پوما

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-06-13:04:00 - کۆدی بابەت: 6806
کۆمپانیای پوما

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای پوما (بە ئینگلیزی: Puma) کۆمپانیاییەکی نێودەوڵەتی ئەڵمانییە، تایبەتە بە پۆشاك و پێڵاو و پێداویستییە وەرزشییەکان، لە ساڵی 1948 لەسەر دەستی "ڕۆدۆڵف داسلەر" دامەزرا پاش ئەوەی لە براکەی جیابووەوە کە دانەری کۆمپانیای ئەدیداس بوو هەردووکیان هاوبەش بوون، لە ئێستادا کۆمپانیای پوما سپۆنسەری چەندین یانەی وەرزشی ناوداری تۆپی پێی جیهانی دەکات نموونەی یانەکانی ئەی سی میلان و مانچستەر سیتی و ئەرسناڵ و بۆروسیا دۆرتمۆند، هەروەها لەگەڵ چەند یاریزانێکی ناوداری وەرزشی گرێبەستی هەیە نموونەی یاریزانی پێشوی ئەرجەنتینی "دیێگۆ مارادۆنا" و هەروەها سپۆنسەری یاریزانی ناوداری مانچستەر سیتی "دەیڤد سیڤا" دەکات، سپۆنسەری هەڵبژاردەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا، میسڕ و جەزائیری کردووە، لە ساڵی 2019 لەگەڵ ڕاهێنەری تۆپێ پێی ئیسپانی "پیپ گواردیۆلا" گرێبەستی واژوو کرد، هاوبەشی و گرێبەستی کۆمپانیای پوما لە ساڵی 2019 لەگەڵ پێشەنگی خولی پریمەرلیگ یانەی "مانچستەر سیتی" گەورەترین مامەڵە و گرێبەست بوو لە مێژووی کۆمپانیاکەدا، بەپێی ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا تێچووی ئەم گرێبەستە گەیشتووەتە نزیکەی 758 ملیۆن یۆرۆ، و ماوەی پەیوەستبوونی یانەکە لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە 10 ساڵە، لە ئێستادا کۆمپانیای پوما لە 80 وڵات لقی هەیە 11000 کارمەندی هەیە لە لقەکانی، قازانج دەستکەوتەکانی نزیکەی چوار ملیار دۆلارە.

مێژووی درووستبوونی کۆمپانیای پوما

دامەزرێنەری کۆمپانیای پوما "ڕۆدۆڵف داسلەر" برای "ئەدۆڵف داسلەر" لەساڵی 1924 بە هاوبەشی کۆمپانیای ئەدیداسیان دامەزراند ئەدۆڵف شارەزاییەکی باشی هەبوو لە درووستکردنی پێڵاودا و ڕۆدۆڵفیش کاری ڕیکلام و ناساندنی بەرهەمەکانی دەکرد، بەڵام لە ساڵی 1948 لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم بەهۆی ناکۆکی خێزانی لە نێوانیان ڕۆدۆڵف جیابووەوە و کۆمپانیایەکی تایبەت بە خۆی دانا، کۆمپانیاکەی بەرەوپێشچوونێکی گەورەی بەخۆیەیەوە بینی، زۆر بە خێرایی گەشەی کرد و ناودار بوو، ڕکابەری نێوان هەردوو کۆمپانیاکە کاریگەری هەبوو لە بەرەوپێشبردن و ناودارکرن و ناساندنی کۆمپانیای پوما. 

واتای ناوەکەی

لە پاش جیابوونەوەی دوو براکە ئەدۆڵف ناوی کۆمپانیاکەی خۆی نا "ئەدیداس" کە وەرگیراوە لە بڕگەی یەکەمی ناوی خۆی و باوکی، ڕودۆڵفیش ویستی بۆ ناوی کۆمپانیاکەی هەمان شت جێبەجێ بکات و ناوی "ڕودی" هەڵبژارد کە کورتکراوەی: (contraction de Rudolf Dassler ڕودۆڵف داسلەر)، بەڵام دواتر ناوی PUMAـی هەڵبژارد، چوونکە ئامانجی لە درووستکردنی بەرهەمەکانی بریتیبوو لە بوونی تایبەتمەندی هێز و پتەو و نەرمی و بەرگەگرتن، هەموو ئەو سیفەتانە لە ئاژەڵی پوما (شێری کێوی جۆرە ئاژەڵێکی شاخاوییە زۆر خێرایه) هەبوو، هەروەها "پوما" ناوێکی باشترە و زیاتر خوێندنەوەکەی لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانەوە نزیکە بۆیە ئەو ناوی هەڵبژارد.

بەرهەم و گرێبەستەکانی کۆمپانیای پوما

دیزاینی بەرهەمەکانی کۆمپانیا جیاوازن، دەزووی بەکارهێنراو و قۆپچەی جیاواز و نامۆ بەکاردەهێنن لە بەرهەمەکانیان سەرەنجی یاریزانان ڕادەکێشن، هەروەها بەرهەمەکانیان زۆر پتەو و بەهێزن بە جۆرێك دیزاین کراوە کە بەرگەی یاریکردنی قورس بگرێت، بە گشتی بەرهەمەکانیان هەمەچەشنن، بریتیین لە پۆشاك و پێڵاو و پێداویستییە وەرزشییەکان، گرنگترین ئەو یایزانانەی کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ کۆمپانیای پوما (پێلێ، مارادونا و بۆریس بیکەر و چەندانی تر)، هەروەها کۆمپانیای پوما سپۆنسەری زۆربەی هەڵبژاردە وەرزشییەکانی تۆپی پێی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقیایە نموونەی: هەڵبژاردەی تۆپی پێی جەزائیر، هەڵبژاردەی تۆپی پێی گانا و هەڵبژاردەی تۆپی پێی میسر، هەروەها یانەکانی وەکوو یانەی ئەرسناڵی ئینگلیزی، یانەی ئەلئەهلی سعودی، یانەی بۆروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و یانەی زەمالکی میسڕی مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆمپانیاییە دەکەن.

ڕەخنە و تێڕواین

لە ساڵی 2021 کەمپینێک لە وڵاتانی جیهانی لە دژی ئەم کۆمپانیایە ڕاگەیەندرا بەهۆی ئەوەی کە سپۆنسەری و گرێبەستی هەبوو لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئیسڕائیلی، چالاکوانان ئەو کەمپینەیان لەژێر ناونیشانی "BoycottPuma" ڕاگەیاند، داوایان دەکرد کۆمپانیای پوما گرێبەستەکانی لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئیسڕائیل هەڵبووەشێنێتەوە بەهۆی ئەو ستەمەی کە وڵاتی ئیسڕائیل لە فەڵەستین ئەنجامیدەدا.


سەرچاوەکان



1134 بینین