زوها حەدید

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-07-13:13:00 - کۆدی بابەت: 6823
زوها حەدید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

زوها محەمەد حەدید خانمە تەلارسازی ناوداری عێراق و جیهان، لە 31ـی تشرینی یەکەمی 1950 لە بەغداد لەدایکبووە، لە خێزانێکی کاریگەر و دەوڵەمەندی شاری بەغداد پەروەردە کراوە، باوکی ناوی محەمەد ئەلحاج حوسێن حەدید بووە، بازرگانێکی دەست ڕۆشتوو بووە و یەکێكە لە دامەزرێنەرانی حیزبی پارتی نەتەوەیی دیموکراتی عێراق، هەروەها دایکیشی وەجیحە سابونچی هونەرمەند بووە، باوکی زوها حەدید ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە  پەروەردەکردن و درووستبوونی کەسایەتییە بەهێزەکەی، زوها هەمیشە دەیوت: "هەرگیز گوومانم لەوە نەبوو کە دەبمە کەسێکی پیشەگەر و لێهاتوو".

بۆ تەواوکردنی خوێندنی چووتە زانکۆی بەیروتی ئەمریکی وڵاتی لوبنان پسپۆڕی وەرگرت لە بیرکاریدا، لە ساڵی 1972 بۆ خوێندنی تەلارسازی ڕووی کردە شاری لەندەن لە زانکۆی کۆمەڵەی تەلارسازی ئەو شارە ئاشنای  کۆمەڵێك مامۆستا و خوێندکاری تەلارسازی بە توانابوو  هەر لەوێوە بناغەی دانا بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتووی ژیانی تەلارسازی. 

گرنگترین کارەکانی

خەیاڵ و نموونەیی هەرە تایبەتمەندی کارەکانێتی گرنگترین کارەکانی ئەمانەن:
- ژیانی پیشەیی لە ساڵی 1977 دەستی پێکرد، کاتێك بووە ئەندامی ئۆفیسی تەلارسازیی میترۆپلیتەین لە وڵاتی هۆڵەندا، دەستی کرد بە وانە وتنەوە لە کۆلێژی تەلارسازی.
-  لە ساڵی 1980 زوها ئۆفیسەکەی بەجێهێشت و نوسینگەی تەلارسازی تایبەت بە خۆی لە شاری لەندەن دامەزراند، کە لە ئەمڕۆدا پتر لە 350 کەس کاری تێدا دەکەن.
- یەکەمین پرۆژەی سەرکەوتووی وێستگەی ئاگرکوژێنەوەی ڤیترا بوو، لە ناوچەی Weil am Rhein لە شاری لوراخ لە وڵاتی ئەڵمانیا پڕۆژەکە لە ساڵی 1990 تاکوو 1993 دەستبەکار بوو دواتر بیناکە گۆڕدرا بۆ مۆزەخانە.
- لە ساڵی 1994 دیزاینە تایبەت و ناوازەکەی بۆ بینای کاردیف بای ئۆپێرا هاوس لە وێڵز لە بەریتانیا هەڵبژێردرا، هەر ئەم دیزاینە ناوبانگی زیاتر کرد، بەڵام بەداخەوە بیناکە پەسەند نەکرا چونکە شارەکە بڕیاریدا پارەی تەرخانکراوی ئەم پرۆژەیە تایبەت بکات لە درووستکردنی یاریگایەکی وەرزشی.
- لە ساڵی 1988 سەرکەوتنێکی مەزنی تۆمارکرد کاتێك یەکەمین پرۆژەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەسەند کرا، دیزاینە تایبەتەکەی بۆ سەنتەری ڕۆزینتاڵ بۆ هونەری هاوچەرخ هەڵبژێردرا و بەهۆیەوە بووە خاوەنی دوو خەڵاتی مەزن خەڵاتی پەیمانگای شاهانەی تەلارسازی بەریتانی لە ساڵی 2004، هەروەها خەڵاتی تەلارسازی ئەمریکی لە مۆزەخانەی تەلارسازی شیکاگۆ لە ساڵی 2005، دیزاینی کردنی  بۆ سەنتەری ڕۆزنتاڵ بۆ هونەری هاوچەرخ، بووە یەکەمین مۆزەخانەی ئەمریکی کە ژنێك دیزاینی بۆ کردووە، ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بە گرنگترین بیناکانی ئەمریکای دانا کە لە دوای جەنگی ساردی ئەو وڵاتەوە دامەزراوە.
- لە ساڵی 2005 دیزاینە تایبەتەکەی بۆ یاری ئۆڵۆمپیاتی وەرزشی دەریایی لەندەن هەڵبژێردرا.
- زوها حەدید لە چەندان زانکۆی ناودار وەکوو مامۆستا لە کۆلیژی تەلارسازی وانەی وتووەتەوە، لە ساڵانی نەوەدەکان لە زانکۆی ئێلینۆی لە شیکاگۆ کاری کردووە، هەروەها لە زانکۆی هونەرە جوانەکان لە هامبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا، لە کۆلێژی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ و لە بەشی خوێندنی باڵا لە تەلارسازی و پلاندانان لە زانکۆی کۆلۆمبیا کاری کردووە. 

خەڵات و ڕێزلێنانەکانی

ژمارەی خەڵات و ڕێزلێنانەکانی ژمارە 100ـی تێپەڕاندووە، و لە چەندان ڕۆژنامە و گۆڤاری ناودار ناوی هێنراوە و وەکوو ژنە تەلارسازێکی بێ وێنە و ناوازە باسکراوە، گرنگترین خەڵاتەکانی:
- یەکەمین خەڵاتەکانی لە ساڵی 1982 بە دەستهێناوە، کە مەدالیای زێڕین بوو بۆ تەلارسازی کە بۆ دیزاینەکانی لە وڵاتی بەریتانیا بە دەستهێنا.
- لە ساڵی 2004 بووە یەکەمین ژن کە خەڵاتی "Pritzker Priz" (خەڵاتێکە تایبەت بەئەندیازاری تەلارسازی، بەرزترین پلەی ڕێزلێنانە لە تەلارسازیدا لە هەموو جیهاندا) بە دەستهێنا.
- لە ساڵی 2010 بە هۆی دیزاین کردنی بۆ مۆزەخانەی نەتەوەیی هونەری لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا خەڵاتی سترلنجی بە دەستهێنا، ڕۆژنامە ناودارەکانی ئەو وڵاتە ئەو دیزاینەیان بە هاوشێوەی شوێنە دێرین و سەرسوڕهێنەرە مێژووییەکانی ڕۆما لە قەڵەمیاندا.
- لە ساڵی 2012 مەدالیای شکۆداری لەلایەن شاژنی بەریتانیا پێبەخشرا، بە پلەی خانمی پێشەوا و ڕابەر.
- لە ساڵی 2014 بە هۆی دیزاینکردنی بۆ سەنتەری ڕۆشنبیری حەیدەر عەلییف لە ئازەربایجان، بووە خاوەنی خەڵاتی دیزاینی گشتی بۆ مۆزەخانەکان. 

باری خێزانی

زوها حەدید هەرگیز هاوسەرگیری نەکردووە و نەبووەتە خاوەنی هیچ منداڵێك، هەموو ژیانی تەرخان کردبوو بۆ زانست و تەلارسازی، هیچکات گرنگی بە دابونەریتی کۆمەڵگە نەداوە، بەسەر هەموو کۆسپ و تەنگەژەکانی ژیانی سەرکەوتوو بووە، زوها حەدید بەرزترین نرخی تەلارسازی هەبوو بۆ دیزاینەکانی لە جیهاندا، لە دوای کۆچی دوایی سامان و سەرەوەتەکەی بە بڕی 215 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە، چەندان پرۆژەی خانووبەرە و وەبەرهێنانی هەبوو، لە بوارەکانی جوانکاری و چێشتخانە و تیمی تۆپی پێ و عەتر و دیزاینی جلوبەرگ پرۆژەی هەبووە، هەروەها لە ڕووی بیروباوەڕ و ئاینەوە زوها حەدید لە خێزانێکی موسڵمانی سوننە لەدایک بووە.

کۆچی دوایی 

لە 31ـی مارسی ساڵی 2016 لە تەمەنی 65 ساڵی بە هۆی جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەی مەیامی کۆچی دوایی کرد، نەخۆشی هەوکردنی سییەکانی هەبووە و چارەسەری بۆ وەرگرتووە. 


سەرچاوەکان



816 بینین