سووتانی پلە دوو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-10-23:20:00 - کۆدی بابەت: 6847
سووتانی پلە دوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سووتانی پلە دوو سووتانێکە کە توندترە لە سووتانی پلە یەک، لە سووتانی پلە دوودا چینی سەرەوەی پێست بە تەواوی دەسووتێت و بەشێک لە چینی ژێرپێستیش دەسووتێت و کاریگەری دەبێت لەسەری، سووتانی پلە دوو مەترسیدارە و چەند هەفتەیەکی پێ دەچێت تاکوو چاک ببێتەوە و دەکرێت لێکەوتی خراپی لێ ببێتەوە و زۆر جار تووشی هەوکردن ببێت، دەکرێت سووتانی پلە دوو ئاسایی بێت کاتێک قەبارەی شوێنەکەی کەم و شوێنەکە هەستیار نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت زۆر هەستیاریش بێت کاتێک قەبارەی زۆر و شوێنی سووتانەکە هەستیار بێت.

نیشانەکانی سووتانی پلە دوو

  • ئازارێکی کەم یان مامناوەندی هەیە لەگەڵ سووربوونەوەیەکی زۆردا.
  • بڵق و هەڵئاوسانی هەیە.
  • شوێنەکە تەڕە و دەدرداوی سپی یاخود زەردی لێوە دێتە دەرەوە.
  • پێستەکە بەرەو قاوەیی دەڕوات.
  • هەبوونی تا کە نیشانەیەکە بۆ هەوکردن.
  • سووربوونەوەی زۆر.
  • پێستەکە هەستیارە بە دەست لێدان.
  • گۆڕانی ڕەنگی پێستەکە لە یەک جێگادا دەکرێت پێستەکە چەند ڕەنگێک بێت.

هۆکارەکانی سووتانی پلە دوو

  • سووتان بە تیشکی خۆر، کاتێک کەسێک پێستێکی زۆر ناسک و هەستیاری هەیە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم تیشکی خۆردا دەمێنێتەوە پێستەکەی زۆر دەسوتێت و دەکرێت سووتانەکەی پلە دوو بێت.
  • سووتان بە شلەی گەرم، سووتان بە ئاوی گەرم و شلەی گەرم بە هەمان شێوە دەکرێت ببنە هۆی سووتانی پلە دوو
  • کەوتنە ناو ئاگر و یاخود سووتان بە ئاگر،

چارەسەری سووتانی پلە دوو لە ماڵەوە

ئەگەر شوێنی سووتانەکە زۆر کەم بێت و شوێنێکی هەستیار نەبێت دەکرێت لە ماڵەوە چارەسەری بۆ بکەیت بەم ڕێگایانە:

  • شوێنی سووتاویەکە بخەرە بەر ئاو بۆ ماوەی ١٥ خولەک یان زیاتر.
  • بەکارهێنانی حەپی ئازارشکێن ئەگەر پێویستی کرد.
  • بەکارهێنانی کرێمی دژە هەوکردن لە کاتی هەوکردنیدا.

سووتانی ئەم بەشانەی لەش پێوستی بە چارەسەری پزیشکە

  • ڕووخسار.
  • دەستەکان.
  • سمت.
  • ڕان.
  • قاچ.

سووتانی پلە یەک کەی مەترسیدارە؟

  • بەشێکی زۆری جەستە سووتابێت واتە قەبارەکەی زۆر بێت.
  • یەکێک بێت لەو شوێنانەی جەستە کە ئاماژەی پێدرا.
  • کۆئەندامی زاوزێ بێت.
  • کەسێک کە خۆی نەخۆش بێت و کۆئەندامی بەرگری جەستەی لاواز بێت، وەک ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە دەرمانی کیمیایی بەکاردەهێنن.
  • هەندێک لە برینەکان کرابنەوە و تەڕبن.

دیاریکردنی سووتانی پلە دوو 

کاتێک پزیشک دەیەوێت سووتانی پلە دوو چارەسەر بکات، پزیشکەکە بە چەند هۆکارێک سووتانەکە دیاری دەکات و ئینجا بڕیار دەدات لەسەر جۆری چارەسەرەکەی کە ئەمانەن:

  • تەمەنەکەی، تەندروستی، پێشینەی نەخۆشی.
  • قەبارەی سووتاوییەکەی.
  • شوێنی سووتانەکەی.
  • هۆکاری سووتانەکەی.
  • بەرگەگرتنی بۆ دەرمانێکی تایبەت.

چارەسەری سووتانی پلە دوو لەلایەن پزیشکەوە

سووتانی پلە دوو زۆر جار ناگاتە ئەوەشی کە ٪١٠ـی جەستە بگرێتەوە بۆیە چارەسەریشی لای پزیشک ئاساییە ئەویش بە:

  • پێدانی دەرمانی دژەبەکتریا لە کاتی بوونی هەوکردندا.
  • پاککردنەوە و شۆردنی سووتانەکە و بەکارهێنانی کرێمی تایبەت و بەستنی بە لەفافێک.
  • زۆرجار سووتانەکە لە شوێنی هەستیاردایە و قەبارەی زۆرە بۆیە ئەگەری زۆرە پزیشک بڕیار بدات کە نەشتەرگەری بۆ بکات پێستی شوێنێکی دیکە بهێنێت و لەو شوێنەدا دایبنێت کە پێستەکەی زۆر تێکچووە.

چاودێریکردنی سووتانی پلە دوو

  • هەر جۆرە جل و خشڵێک جیابکەرەوە لە شوێنی سووتانەکە.
  • بە تایبەت لە کاتی سووتانەکەدا یەکەم کار کە بیکەیت ئەو خشڵەی لەو شوێنەدا هەیە لایببە چونکه گەرم دەبن و زیاتر یارمەتی سووتانەکە دەدەن.
  • ئاو بکە بە شوێنی سووتانەکەدا و هەرگیز سەهۆڵ مەخەرە سەری.
  • بەردەوام ڕۆژانە بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی بخۆرەوە.
  • شوێنی سووتانەکە بە لەفاف بپێچەوە و ڕۆژانە تەداوی بکە و پاکی بکەرەوە.
  • قەتماغەی برینی سووتانەکە هەڵمەکەنە و دەستی لێ مەدە.


سەرچاوەکان



618 بینین