مراوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-16-13:16:00 - کۆدی بابەت: 6895
مراوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مراوی (بە عەرەبی: بطة، بە ئینگلیزی: duck)، لە پلەیەکی جیاکراوەی باڵندە ئاوییەکاندا پۆلێندەکرێت، هەتا ئێستە ١٦٢ جۆری جیاوازی دۆزراوەتەوە و ناسراوە، نشینگەی مراوی دەکرێت هەموو ناوچە جیاوازەکانی جیهان بگرێتەوە جگە لە جەمسەرە بەستووەکان، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی سنوردارن و تەنها لە نشینگە و ناوچەی دیاریکراودا دەژین، بە گشتی مراوی حەزی لە جێگەی شێدار و تەڕە لە نزیک ڕووبار و دەریاچە و گۆماو و زەلکاوەکاندا دەژی، و باڵندەیەکی کۆچەرییە کە لە وەرزی زستاندا پێکەوە و بە کۆمەڵە کۆچ دەکەن بۆ ناوچەی گەرمتر.

شێوەی دەرەوەی

قەبارەی مراوی تا ڕادەیەک بچووکە بەڵام دەنووکێکی درێژ و فراوانی هەیە، شێوازی دروستبوونی پێیەکانی بەجۆرێکە کە هاوکاری دەکات بە ئاسانی لە نێو ئاودا مەلە بکات تەنانەت لە ئاوە زۆر ساردەکاندا بەبێ ئەوەی هەست بە سەرما بکات، بەڵام لەسەر وشکانی جووڵەیەکی بە لەنجەولاری پێدەدات، نێرینە و مێینەکانی لە هەندێک لە خاسیەتەکانیان جیاوازن وەک ڕەنگ و کێش و قەبارە، ڕەنگی پەڕی نێرینەکان ڕەنگدارە و زۆر جوانە کە سەرنجی مێینەکان ڕادەکێشێت لە وەرزی یەکگرتندا، بەڵام پەڕی مێینەکان قاوەییەکی کاڵە و بەهۆیەوە بە ئاسانی خۆی حەشاردەدات لە ڕاوچی و دوژمنەکانی، هەروەها هەردوو نێرینە و مێینە ساڵانە پەڕەکانیان دەوەرێت لە دوای وەرزی یەگرتن، پاشان سەرلەنوێ دروستدەبنەوە، قەبارەی نێرینەی مراوی گەورەترە لە مێینە کە درێژییەکەی لە نێوان ٣٠-٥٠ سم دەبێت و درێژی باڵەکانیشی لە نێوان ٦٠-٨٠ سم دەبێت، کێشی مراوییەکان جگە لە ڕەگەز بە گوێرەی جۆرەکانیش دەگۆڕێت، هەندێکیان مێینەکانی قورسترە بەڵام هەندێک جۆری دیکەیان نێرینەکان قورسترن، بە گشتی ناوەندە کێشی مراوییەکان لە نێوان ٠.٠٨-٣ کگم دەبێت.

خۆراک

مراوی هەردوو ڕووەک و گۆشتیش دەخوات، ژەمە خۆراکییەکانی بە گوێرەی ژینگەکەی دەگۆڕێت، بە گشتی گژوگیا و ڕووەکی ئاوی و ماسی و مێروو و میوە و تۆو و چەرەس و توێكڵدارەکان دەخوات، وە لەبەر ئەوەی جۆری خۆراکەکەی جیاواز و هەمەچەشنە بۆیە بە ئاسانی بڕی پێویستی لە ژەمەکانی دەستدەکەوێت، و دەتوانێت بە درێژایی ساڵێک لە هەمان ناوچەدا بمێنێتەوە.

یەکگرتن و زۆربوون

لە وەرزی یەکگرتندا نێرینەکان لە مێینەکان نزیک دەبنەوە بە کردەوەی لەنجەولاری دڵداری و ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان، دوای یەکگرتن کاری مێینەکە دروستکردنی هێلانەیە لە کاتێکدا نێرینەکە پاسەوانی و پارێزگاری دەکات لە ناوچەی هێلانەکە، بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی نێرینەی دیکە بۆ سنورەکەی، دوای یەکگرتنیان کە بە زۆری دەکەوێتە وەرزی بەهارەوە مێینەکان هێلکە دادەنێن، پاشان لە ماوەی ٢٨ ڕۆژدا بێچووەکان لە هێلکەکان هەڵدێن، دایکەکەش لەگەڵ بێچووەکان دەمێنێتەوە و گرنگییان پێدەدات هەتا ئەو کاتەی کە توانای فڕینیان دەبێت، ئەم ماوەش بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، کە دەکرێت تەنها ٢ هەفتە بخایەنێت لە هەندێک لە جۆرەکانیدا، وە ناوەندە ڕێژەی تەمەنی مراوییەکان بە گشتی لە نێوان ٢٠-٣٠ ساڵ دەبێت.

پەیوەندیکردن

مراوییەکان بە دەرکردنی دەنگ پەیوەندی دەکەن، مێینە دەنگی بەرز و توند دەردەکات، دەتوانێت دەنگی جیاواز دەربکات کە بە خێراییەکی زۆر دەگوازرێتەوە، بەڵام نێرینەکان بە زۆری بێدەنگن و تەنها کەمینەیان دەنگیان دەبێت، هەروەها ئەو دەنگەی کە مراوییەکان هەیانە تایبەتمەندە بەوەی دەنگدانەوەی لەگەڵدایە، و جگە لە دەرکردنی دەنگی وەک فیکە و زیکاندن، لە ڕێگەی دڵداریشەوە پەیوەندی دەکەن بە یەکترییەوە بە تایبەتی لە وەرزی یەکگرتندا.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • مراوی تەڕ: ئەم جۆرە لە نشینگەکانی نیوە گۆی باکووری زەوی دەژی.
  • مراوی مەلەوان: ئەم مراوییە ژەمە خۆراکەکانی لە ژێر ئاودا بە مەلەکردن دەستدەکەوێت، کە ئەم جۆرە خۆراکەکەی تایبەتمەندە و تەنها ماسی دەخوات، و بە زۆری لە ویلایەتی ماین دەژی.
  • مراوی چینی: نشینگە بنەڕەتییەکەی بریتییە لە چین و ژاپۆن و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
  • مراوی کێوی: زۆرینەیان لە ئاسیا و ئەورووپا و ئەمریکای باکوور دەژین.
  • مراوی پەکینی: جۆرێکی ماڵیکراوە و خەڵکێکی زۆر لە ماڵەکانیاندا پەروەردەی دەکەن، چونکە ئاژەڵێکی میهرەبانە و خۆشەویستی دەردەبڕێت، هەروەها ژمارەیەکی زۆری بازرگانی پێوە دەکرێت.


سەرچاوەکان



1234 بینین