کۆمپانیای دیۆر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-10-20-13:32:00 - کۆدی بابەت: 6929
کۆمپانیای دیۆر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

کۆمپانیای دیۆر (بە ئینگلیزی: Dior) کۆمپانیایەکی فەڕەنسییە و بارەگای سەرەکی لە شاری پاریسە، تایبەتە بە پۆشاک، پێڵاوی گرانبەها، ماکیاج (ئارایشت)، خشڵ، بۆن و جانتای دەستی خانمان، بەرهەمەکانیان بە گشتی تایبەتن بە خانمان، بەرهەمی پیاوان ومنداڵانیش درووستدەکەن، لە هەموو جیهاندا بەرهەمەکانی بەردەستن، ڕکابەری هەریەك لە کۆمپانیاکانیان شانێڵ و گوتشی و برادا دەکات، کریستیان دیۆر بەشێک لە بیرۆکەی دیزاینەکانی لە سروشت وەرگرتووە و باخ، سەوزی و گوڵ بە ڕوونی لە دیزاینەکانی تێبینی کراوە، کەسایەتی کریستیان دیۆر بەوە ناسراو بووە کە کەسێکی ڕەوشت بەرز و بە ئەمەك بووە، هەروەها زۆر درشت و ڕژد بووە لە کارەکانیدا و زۆر وردکار بووە، هەر بۆیە چەندان خەڵاتی ناودار و مەزنی بەدەستهێناوە، بەرهەمی دیزاینی پۆشاکەکانی دیۆر دیاریکراوە بۆ خەڵاتی "سیزار" کە خەڵاتێکی تایبەتە بە هەڵبژاردنی باشترین دیزاینی جلوبەرگ، هەروەها خەڵاتی "ئۆسکار"ـی بەدەستهێناوە بۆ جلوبەرگی ڕەنگ ڕەش و سپی

مێژووی دروستبوونی کۆمپانیای دیۆر

کۆمپانیای دیۆر لە ساڵی 1946 لەلایەن دیزاینەری فەڕەنسی "کریستیان دیۆر" دامەزرا، لە سەرەتادا ژمارەی کارمەندەکانی 80 کارمەند بوون، دیۆر پاڵپشتی درایی کراوە لەلایەن پیاوێکی پارەداری ئەو سەردەمە بە ناوی "مارسێل بۆساك" و بووەتە هاوبەشی دیۆر، لە ساڵی 1947 دیۆر یەکەمین کۆمەڵەی لە دیزاینی جلوبەرگی بەهاری نمایشکرد و لەو نمایشەدا 90 نموونەی لە دیزاینەکانی لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکەی پێشکەش کرد، دیزاینی جلەکان خانمانە و جیاواز بوون و بەشێک لە پۆشاکەکانی دیۆر لە تەنوورەی درێژ و تەسک پێکهاتبوون بۆیە جیاواز بوون لەو پۆشاکانەی کە لەو سەردەمەدا باو بوون، پاشان کۆمەڵەی دووەمی لە دیزاینەکانی بە ناوی "نیو لوک" پێشکەش کرد، بیرۆکەی ئەم دیزاینی جلوبەرگەی کلاسیکی بوو، لە دیزاینەکانی ساڵی 1912 بیرۆکەی وەرگرتبوو، ئەم نمایشەی ناوبانگێکی زۆری پێبەخشی و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و کەسایەتییە ناودارەکانی ئەورووپا و هۆڵیود ئەم دیزاینەیان دەپۆشی، کار و بەرهەمەکانی کۆمپانیای دیۆر لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم کاریگەری هەبووە لە گەڕانەوەی گرنگی و پێگەی فەڕەنسا بە گشتی و پاریس بە تایبەتی وەکوو پایتەختی مۆدە و نمایش کە بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ڕادەیەک لەو بوارەدا لاواز و سست ببوو ، کۆمپانیاکە بە شێوەیەک ناودار بوو لە ساڵی 1957 لە یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی 100 هەزار جلوبەرگی فرۆشران. 

بەرهەمەکانی کۆمپانیای دیۆر 

ـ بۆن: کۆمپانیای دیۆر پێشەنگە لە بەرهەمهێنانی بۆن لە جیهاندا، بۆنەکانی تایبەتمەندن بەوەی کە نرخ و بەهایان زۆر گرانە، یەکەم نموونەی بۆن لە کۆمپانیای دیۆر لە ساڵی 1948 درووستکراوە بە ناوی "مس دیۆر" ئەم بەرهەمە بووە پێشەنگ لە بازاڕەکاندا و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە ناساندنی کۆمپانیاکە، هەروەها لە ساڵی 1949 بۆنی "دیۆراما" بەرهەمهێنرا کە داهاتی گەیشتە 12.7 ملیۆن فڕەنکی فەڕەنسی.
ـ پۆشاك: دیزاینی جلوبەرگەکانی دیۆر جیاواز و ناوازەن، تاڕادەیەک کلاسیکیین و زۆربەی ناودار و هونەرمەندەکانی جیهان دیزاینەکان دەپۆشن، بەڵام هەندێکجار دیزاینی جلەکانیان ڕووبەڕووی ڕەخنە دەکرێنەوە بەوەی کە سایزی جلەکان تەسک و بچووک و کورتن و بەشێکی زۆری جەستەی خانمان دەردەخەن، هەروەها پێستی ئاژەڵان بەکاردەهێنن بۆ بەشێک لە بەرهەمەکانیان، چەند نموونەیەکی تری بەرهەمەکانی کۆمپانیا بریتین لە بۆینباخ، گۆرەوی، کڵاو و شەپقە، دەستکێش، جزدانی دەستی، جانتای خانمان، شاڵ و ملپێچ.
ـ بەرهەمەکانی پارێزگاریکردن و گرنگیدان بە پێست و بەرهەمی ئارایشت و ماکیاجەکانی تا ڕادەیەک تەندرووستە و لە هەموو جیهاندا بەردەستن.
ـ جانتای Lady Dior: لە بەرهەمە ناوازەکانی دێورە لە ساڵی 1995 کرایە بەزاڕەکانەوە و شازادە دیانا بەکاریهێناوە هەر بەناوی ئەوەوە ناو نراوە.
ـ لە ساڵی 2002 کاتژمێرێکی دەستی خانمانی بە ناوی "Dior 66" بەرهەمهێنا، دیزاینەکەی زۆر ناوازە و سەرەنجڕاکێش بوو و ناوبانگی زۆری هەبووە. 


سەرچاوەکان



981 بینین