چۆن هاوکاری هاوڕێ خەمبارەکەت دەکەیت؟

چۆن هاوکاری هاوڕێ خەمبارەکەت دەکەیت؟

له‌لایه‌ن: سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-22-22:31:00 - کۆدی بابەت: 6937
چۆن هاوکاری هاوڕێ خەمبارەکەت دەکەیت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بە پشت بەستن بە چەندین توێژینەوەی نوێ دەرکەوتووە کە نزیکی ٧٪ گەنجانی ئەمریکا ئەزموونی دۆخێکی دیاری خەمۆکییان کردووە، لە هەموو جیهاندا زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو و منداڵ لەگەڵ خەمۆکیدا دەژین، بەڵام هەموو مرۆڤەکان وەک یەک ئەزموونی خەمۆکی ناکەن و نیشانەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە.

نیشانەی کەسی خەمبار

  • بێتاقەت و دڵپڕ دیارە.
  • لە کاتی ئاسایی زیاتر ڕەشبین دەردەکەوێت و بێهیوایە سەبارەت بە داهاتوو.
  • هەمیشە باسی هەستکردن بە تاوان و بەتاڵی و بێسوودی دەکات.
  • وا دەردەکەوێت کە کەم حەزی بە کات بەسەربردن بێت لەگەڵ دەوروبەریدا، هەروەها وەک کاتی ئاسایی کۆمەڵایەتی دەرناکەوێت.
  • بە ئاسانی بێزار دەبێت و بە شێوەیەکی نائاسایی تووڕە دەبێت.
  • وزەی کەمە، بە هێواشی دەجووڵێت، بە شێوەیەکی گشتی کەسێکی دڵ مردوو دەردەکەوێت.
  • لە جاران کەمتر گرنگی بە خۆی دەدات، هەروەها ڕۆتینە ئاساییەکانی ژیانی وەک خۆشۆردن و شۆردنی ددانەکانی پشتگوێ دەخات.
  • کێشەی کەم خەوی هەیە یان لە کاتی ئاسایی زیاتر دەخەوێت.
  • کەمتر گرنگی بە چالاکییە ئاساییەکان و ئەو شتانە دەدات کە پێشتر حەزی لێی بووە.
  • کێشەی لەبیرچوونەوەی هەیە، هەروەها ناتوانێت سەرنجی کۆبکاتەوە و بڕیار لەسەر شتەکان بدات.
  • لە جاران زیاتر یان کەمتر دەخوات.
  • هەمیشە دەربارەی مردن و خۆکوشتن قسە دەکات.

ئەو کارانەی دەتوانیت بیکەیت بۆ یارمەتیدانی هاوڕێکەت

گوێی لێبگرە

بهێڵە هاوڕێکەت هەست بکات تۆ لەبەر ئەو ئامادەیت، دەتوانیت تۆ سەرەتا دەست بکەیت بە قسەکردن بە هاوبەشی پێکردنی ئەو بابەتانەی ئەو پێی خۆشە، یان پرسیارکردن دەبارەی ئەو بابەتە تایبەتییانەی ئەو حەزی لێیەتی، بۆ نموونە دەتوانیت پێی بڵێیت: (وا دەردەکەوێت تۆ بەم دواییانە کاتێکی سەختت تێپەڕاندبێت، چیت لە مێشکدایە؟)، ئەوەت بیربێت کە لەوانەیە هاوڕێکەت بیەوێت دەربارەی ئەوە قسە بکات کە هەستی چۆنە، بەڵام لەوانەشە نەیەوێت ئامۆژگاری بکەیت، لەگەڵ هاوڕێکەت سەرقاڵبە بە بەکار‌هێنانی ئەم شێوازە چالاکانەی گوێگرتن:

  • ئەو پرسیارانە بکە کە دەتوانیت لە ڕێگەیانەوە زانیاری دەربارەی هۆکاری خەمبارییەکەی بزانیت، نەک ئەو پرسیارانەی کە وای لێبکات زیاتر ڕوونکردنەوە بدات بۆ تێگەیاندنی تۆ.
  • هەستەکانی بەرز بنرخێنە بۆ نموونە بڵێ: (بەڕاستی ئەو کێشەیە قورس دیارە، من زۆر خەمبارم کە ئاوا دەتبینم).
  • بە زمانی جەستەت هاوسۆزی و تامەزرۆیی خۆت نیشان بدە.
  • لەوانەیە هاوڕێکەت سەرەتا حەز نەکات قسەت بۆ بکات، بۆیە باشترە تۆ بەردەوام بیت لەسەر ئەوەی کە بۆی بسەلمێنیت چەند بە لاتەوە گرنگە لە دۆخی ئەو ئاگادار بیت، بەردەوام بە لە کردنی پرسیارە سەرەتاییەکان و دەبڕینی هاوسۆزی، هەوڵبدە تا دەتوانیت بە تەنها قسەی لەگەڵ بکەیت.

ئامادەیی خۆت نیشان بدە بۆ یارمەتیدانی لە کاری ڕۆژانەدا

لە کاتەکانی خەمباریدا رۆژ لەدوای رۆژ کارەکانی ڕۆژانە قورستر دەبن بۆ کەسەکە، وەک جلشۆردن و بازاڕکردن، لەوانەیە هاوڕێکەت بیەوێت کەسێک هاوکاری بکات، بەڵام نەتوانێت ڕووبەڕوو داوای ئەو هاوکارییە بکات، کەواتە تۆ لەبری ئەوە پێی بڵێت: (پێم بڵێ ئەگەر شتێک هەیە من بتوانم بیکەم؟)، بڵێ: (ئەمڕۆ لە هەموو شتێک زیاتر پێویستت بە چ هاوکارییەکە؟)، ئەگەر هەستت کرد کە ساردکەرەوەکەی بەتاڵە لە خواردن پێی بڵێ: (ئەتوانم بچم هەندێک پێداویستی سەرەتایی بکڕم بۆت؟ یان پێت چۆنە ڕیزبەندییەکم بۆ بنووسیت بۆ ئەو شتانەی کە پێویستت پێیانە؟) یان بڵێ: (با بڕۆین هەندێک شت بکڕین و پێکەوە نانی ئێوارە دروست بکەین)، ئەگەر هاوڕێکەت سەرقاڵی جلشۆردن یان قاپشۆردن یان هەر کارێکی تری ناوماڵە، پێشنیاری بۆ بکە وازیان لێ بهێنێت و باسی شتێکی تایبەت بکەن پێکەوە، یان هەوڵبدە یارمەتی بدەیت لە ئەنجامدانی کارەکانیدا.

بەردەوامبە لە بانگێشت کردنی

ئەو کەسانەی کە لە حاڵەتی خەمۆکی و خەمباریدان پێیان قورسە کە سەردانی هاوڕێکانیان بکەن و پلان دابنێن یان جێبەجێی بکەن، لە هەمان کاتدا هەڵوەشاندنەوەی پلانەکانیان وایان لێدەکات هەست بە تاوان بکەن، تاکوو زیاتر پلانەکانیان هەڵبوەشێننەوە و زیاتر بانگێشتەکان ڕەت بکەنەوە کەمتر بانگێشت دەکرێن، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی زیادبوونی مەودای دوورکەوتنەوەیان لەگەڵ دەوروبەریان، ئەم هەستانەش خەمۆکی و خەمباری زیاتر دەکەن.

تۆ دەتوانیت هاوکاری هاوڕێکەت بیت بە بەردەوام بوون لەسەر بانگێشتکردنی بۆ چوونە دەرەوە و کۆبوونەوە هاوڕێیانەکان، هەتا ئەگەر دڵنیاش بیت کە بانگێشتکردنەکەت ڕەت دەکاتەوە، پێی بڵێ کە تۆ لێی تێدەگەیت کە ئەو دەیەوێت پلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات و کاتی نییە تاکوو ئامادەبێت، هەروەها ئەوەشی پێ بڵێ کە هیچ زۆرکردنێک بوونی نییە و تۆ تەنها پێت خۆشە ئەو ئامادەبێت و دڵخۆش دەبیت بە بینینی.

ئارامبە

خەمۆکی و خەمباری زۆرجار بەپێی تێپەڕبوونی کات و وەرگرتنی چارەسەر باش دەبێت، بەڵام ئەوە کاتی زۆری دەوێت و پڕۆسەیەکی هێواشە کە زۆرجار سەرکەوتن و شکستی تێدەکەوێت، ئەگەر کەسی خەمبار بە تەواویش لەو دۆخە چاک ببێتەوە و تێیپەڕێنێت، ئەوا لە چەند کاتێکی جیاوازدا ئەگەری هەیە نیشانەکانی خەمۆکی تێدا دەرکەوێتەوە، واتە هەندێک کات ڕۆژێکی باشی دەبێت و هەندێک کاتیش ڕۆژێکی خراپ، نابێت کە بینیت ڕۆژێک باشە وا هەست بکەیت کە بە تەواوی باش بووەتەوە، هەروەها ئەگەر ڕۆژێکی خراپی هەبوو هەوڵ مەدە وا خۆت دەربخەیت کە بێ هیوایت و وا هەست بکەیت کە هاوڕێکەت هەرگیز ئەو دۆخە تێناپەڕێنێت.

بەردەوامبە لە پەیوەندی کردن

کارێک بکە کە هاوڕێکەت هەست بکات تۆ هێشتا خەمی ئەوتە کاتێک ئەو بە ساتەکانی چارەسەری خەمۆکییەکەیدا تێپەڕ دەبێت، ئەگەر نەشتتوانی کاتی زۆری لەگەڵدا بەسەر ببەیت، دەتوانیت بە نامەیەک یان تەلەفۆنێک هەواڵی بپرسیت، یاخود بە سەردانێکی خێرا بەسەری بکەیتەوە یان نامەیەکی خێرای بۆ بنێریت و بنووسیت (من ئێستا بیرم لە تۆ دەکردەوە و خەمی تۆمە) کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دۆخەکەی ئەو، ئەو کەسانەی کە خەمێکیان هەیە یان تووشی خەمۆکی دەبن دوورەپەرێز دەبن و گەیشتن پێیان قورسە، بۆیە تۆ لەوانەیە هەست بکەیت کە قوربانییەکی زۆر دەدەیت لە پێناو ئەم هاوڕێیەتییە، بەڵام هەمیشە ئەرێنی بیربکەرەوە، ئەوە بزانە کە بوونی تۆ لە ژیانی هاوڕێکەتدا جیاوازییەکی زۆر دروست دەکات، بەڵام ئەو ناتوانێت لەو ساتەدا بۆ تۆی بسەلمێنێت یان خۆی وا نیشان بدات کە پێویستی بە بوونی تۆیە.

ئەو کارانەی نابێت بیانکەیت

شتەکان بە شێوەی کەسی وەرمەگرە

خەمباری هاوڕێکەت هەڵەی تۆ نییە هەروەک چۆن هەڵەی خۆشی نییە، هەوڵبدە نەهێڵیت کە هەڵسوکەوتەکانی کارت لێ بکات و توڕە و بێزار دەرکەویت، لەوانەیە لە هەندێک دۆخدا هەست بکەیت پێویستت بە درووکەوتنەوەیە لە هاوڕێکەت، ئاساییە بۆ ماوەیەکی کورت لێی دووربکەویتەوە ئەگەر هەستت کرد لە ناخەوە ماندوویت، هەروەها گرنگە کە دووربیت لە لۆمەکردنی هاوڕێکەت یان شتێک بڵێیت کە کاربکاتە سەر خراپتربوونی هەستە نەرێنییەکانی.

هەوڵ مەدە چاکی بکەیتەوە

حاڵەتی خەمباری و خەمۆکی بارودۆخێکی جدیە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکییە لە هەندێک کاتدا، قورسە بۆ کەسێک کە خۆی لەو دۆخەدا نەبێت تێبگات بەرامبەرەکەی بە چیدا تێپەڕدەبێت، بارودۆخێک نییە بە وتنی چەند قسەیەکی وەک (تۆ دەبێت سوپاسگوزاربیت بۆ شتە باشەکانی ژیانت و ئەرێنی بیت)، یان (بوەستە لە بیرکردنەوە لەو شتانەی خەمبارت دەکەن) باش ببێت، تۆ دەتوانیت هانی هاوڕێکەت بدەیت بەرەو ئەرێنی بوون بە باسکردنی ئەو شتانەی کە تۆ بە دڵتە لە ئەودا.

ئامۆژگاری مەکە

گۆڕینی چەند شێوازێکی ژیانی ئاسایی کەسەکە دەتوانێت هەندێک نیشانەی خەمباری و خەمۆکی کەم بکاتەوە، بەڵام ئەوە قورسە لە کاتە سەختەکانی خەمباریدا تۆ باوەڕ بە کەسێک بهێنیت شێوازی ژیانی بگۆڕێت، لەوانەیە تۆ بتەوێت هاوکاری هاوڕێکەت بکەیت بە ئامۆژگاری کردنی، بۆ نموونە پێێ بڵێیت خواردنی تەندروست بخۆ و وەرزش بکە تاکوو هەست بە باشی بکات، بەڵام ئەگەر ئەوە ئامۆژگارییەکی باشیش بێت، لەوانەیە هاوڕێکەت حەز نەکات لەو ساتەدا گوێی لێبێت، پێوستی بە کاتە تاکوو هاوڕێکەت بیەوێت بزانێت کامە خواردن و کامە وەرزش هەستی باش بوونی پێدەدات، باشترە تۆ تەنها گوێی بۆ بگریت و دووربیت لە ئامۆژگاری کردنی تا ئەو کاتەی خۆی داوای ئامۆژگاری دەکات، هانی بدە بۆ گۆڕانی ئەرێنی بە پێشنیاری پیاسەکردنێک بەیەکەوە یان دروسکردنی خواردنێک.

ئەزموونەکانی بەکەم مەنرخێنە و بەراوردی مەکە

کاتێک هاوڕێکەت باسی کێشە و ناخۆشییەکانی ژیانی دەکات لەوانەیە بتەوێت بڵێیت: (تێدەگەم) یان (هەموومان ئەوەمان بەسەرهاتووە) بەڵام لەوانەیە تۆ هەرگیز بەو دۆخەی ئەودا تێپەڕ نەبووبیت و بەم قسانەت هەستەکانی ئەو کەم دەنرخێنیت، بەراوردکردنی هەستەکانی بە هەست و بارودۆخی کەسێکی دیکە یان بڵێیت: (دەکرا لەوە خراپتریشت بەسەر بهاتایە) یان (کەس هەیە دۆخی لە تۆ خراپترە) هەگیز یارمەتی نادات، ئازاری هاوڕێکەت شتێکی ڕاستی و هەست پێکراوە بۆ ئەو، بەها دانان بۆ ئازارەکەی زیاتر یارمەتیدەری دەبێت، دەتوانیت بە وتنی قسەیەکی وەک: (ناتوانم بیر لەوە بکەمەوە کە چەندە سەختە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا بکەیت، دەزانم من ناتوانم وات لێبکەم باش بیت، بەڵام ئەوە بزانە هەمیشە لەلاتم و گوێت بۆ دەگرم) حاڵی باشتر بکەیت.


سەرچاوەکان

111 بینین