سێ هەڵبەستی تینوو - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - ئاڵەکۆک - به‌روار: 2021-10-23-14:16:00 - کۆدی بابەت: 6940
سێ هەڵبەستی تینوو - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

سێ هەڵبەستی تینوو

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: تریفەی هەڵبەست

شیعر: سێ هەڵبەستی تینوو

١

شەوگار تاڵە، دەروون پەستە
ئەستێرەکان.. کز و زەردن

خەم لای ژیان خۆشەویستە
شیعرم کەوتە ئەشک ڕشتن. 

***

پایز لە گیانا میوانە
بەهار گەڵای سەوزی وەریی

داری یادم ئەرخەوانە
بۆیە ئەمشەو بەکوڵ ئەگریی. 

***

ئەستێرەیەک سووک چرپانی
بە گوێی دڵی کاس و وڕدا

وتی: چیتە پەرێشانی؟ 
وا گیان ئەکەی بەناو گڕدا؟ 

***

بە نوزەیەک وەرامەکەی
پچڕ.. پچڕ. هاتە دەرێ

وتی: دیار نییە نامەکەی
دەنگی خۆشی، ناگاتە گوێ. 

٢

وتیان: نێرگز بەم چلەیە؟ 
وتم: نامەی یارم پێیە

وتیان: شەماڵ بەم قرچەیە؟ 
وتم: بزەی ئەو کچەیە. 

وتیان: خونچە بەم خەزانە؟ 

وتم: سەرچاوە هەر گیانە. 

لێیان پرسیم: ئەندازەی دڵ
بۆ ئەو چەندە خۆشەویستی؟ 

وتم: ئایا پەپوولە و گوڵ
قەت ئەمەیان لەیەک پرسی؟ ! 

***

لێیان پرسیم: شیعرەکانی
باخی ئەمساڵت ڕەنگینە. 

وتم: چونکە چاوەکانی
مانگەشەوی بەر نووسینە. 

٣

هەمووی تەنها وشەیەکە
ئەژی لەناو ناخی گیانا

بەڵام شنەی گەشەیەکە
باوەش ئەکا بەژیانا. 

***

پیتەکانی شەشی وردن
شەپۆلن بۆ شیعری تازەم

یان شەش تەلی خۆشی کردن
بۆ مۆسیقای پڕ ئاوازەم. 

***

شەش جگەرگۆشەی ئازیزن
شەش مناڵی ئێسک سووکن

لەناو باخچەیەکا ڕیزن
لەسەر زمان خۆش و سووکن. 

لەگەڵیانا ئەژیم، ئەڕۆم

پێ ئەکەنن، خەم ئەخۆن بۆم! 

بەبێ ئەوان، نووسین لاڵە
پەخشان، چێژی تفت و تاڵە

بەبێ ئەوان، ئەم دیوانەم
بەرهەمێکی کرچ و کاڵە!


سەرچاوەکان



737 بینین