جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-29-21:50:00 - کۆدی بابەت: 7036
جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یەکێک لەو هەستە خۆشانەی کە دایکێک هەستی پێ دەکات جووڵەی منداڵەکەیە لە سکیدا، کە هەندێک کات دواکەوتی جووڵەکەی زۆرینەی خانمان دڵگران دەکات، دایکان تەندروستی و زیندوویی و مردنی منداڵەکەیان بەمە دیاری دەکەن.

دەستپێکی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا

جووڵەی منداڵ هەر لە سەرەتادا بوونی هەیە و لە هەفتەی ٨ و ٩ـشدا دەتوانیت بیبینیت لە سۆنەردا بەڵام دایکەکە ڕاستەوخۆ لەم کاتەدا ناتوانێت هەست بە جووڵەی منداڵەکەی بکات و هێشتا زووە، دەبێت منداڵەکە بگاتە قەبارەیەک کە دایکەکە بتوانێت هەستی پێ بکات، بە گشتی خانمان لە هەفتەی ١٤ تاکوو ١٨ دەتوانن هەست بە جووڵەی منداڵەکە بکەن، و ئەگەریش پێشتر سکی دیکەت کردبێت لەوانەیە جووڵەی منداڵەکەت زووتر هەست پێ بکەیت و ئەگەریش یەکەم منداڵت بێت لەوانەیە جووڵەکەی دوابکەوێت.

جۆرە جیاوازەکانی جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا

  1. پێش ئەوەی کە دایکەکە هەست بە جووڵەی منداڵەکە بکات، منداڵ خۆی دەستی کردووە بە جووڵە.
  2. لە هەفتەی ٧ بۆ ٨ منداڵەکە دەست دەکات بە جوڵان.
  3. لە دەورووبەری هەفتەی ٩ـدا وەک نزگەرەکردنێک دەجووڵێت و جووڵەی قاچ و دەستەکانیشی دەست پێدەکات بەڵام بە شێوەیەکی ناڕوون
  4. لە هەفتەی ١٠ـمی دووگیانەکەدا دەتوانێت سەری بجووڵێنێت و دەست بدات لە ڕووخسار و دەستی خۆی و هەروەها دەتوانێت دەمی بکاتەوە و دایبخات.
  5. لەدوای هەفتەی ١٢ـەوە جگە لە جووڵەکردن دەتوانێت باوێشکیش بدات.
  6. لە هەفتەی ١٤ـدا دەتوانێت چاوی خۆی بجووڵێنێت بە دەوروبەردا.
  7. لە هەفتەی ١٥ـمدا دەتوانێت پەنجە گەورەی بمژێت کە بە سەیرکردنی لەم کاتەدا لە ڕێگەی سۆنەرەوە دەکرێت بزانرێت کە چەپەیە یاخود ڕاستەیە.
  8. وردە وردە دوای ئەوە جووڵەی منداڵەکە خێراتر و بەهێزتر دەبێت و دایکەکە دەتوانێت هەستی پێ بکات.

دایک چۆن هەست بە جووڵەی منداڵەکە دەکات؟

جووڵەی منداڵ شێوازی جیاوازی هەیە لەلایەن دایکەکانەوە و هەر دایکە و بە جۆرێک هەست بە جووڵەکەی دەکات، هەندێک دایک دەڵێن بە شێوەی شەپۆلە، و هەندێکی دیکە بە شێوەی لێدانی دڵ هەستی پێ دەکەن، و هەندێکی دیکە وەک لێدانێک، هەڵبەتە لە هەفتەکانی سەرەتادا دایکەکە بە جووڵەی ڕیخۆڵەکانی خۆی وادەزانێت کە جووڵەی منداڵەکەیەتی و لێی تێکدەچێت، بۆ نموونە ئەگەر دایکێک لە هەفتەی ١٠ یاخود ١١ هەستی کرد مناڵەکەی دەجووڵێت ئەوە هەڵە دەکات، تاکوو منداڵەکە گەورەتر بێت جووڵەکانی ڕوونتر دەبنەوە، لە هەفتەی ٢٨ یاخود ٣٠ـدا دایکەکە بەجوانی هەستی پێ دەکات و وەک شەپۆلێک یاخود لێدانێک وایە و هەروەها دایکەکە بە وردی هەست بە جێگۆڕکێ و شوێن گۆڕینی دەکات.

جووڵەی ئاسایی منداڵ

دوای یەکەم لێدان و جووڵە سەرەتاییەکان پێویست ناکات تاکوو پێش هەفتەی ٢٥ هەموو ڕۆژێک هەست بەم جووڵانە بکەیت، بەڵام دوای هەفتەی ٢٥ـی دووگیانی ئەگەر ڕۆژێک هەستت بە جووڵەی منداڵەکە نەکرد دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت، دوای هەفتەی ٢٨ـی دووگیانی منداڵەکە دەبێت بەلایەنی کەمەوە ٦ جار لە کاتژمێرێکدا بجوڵێت، هەڵبەتە ئەمە بەو واتایە نایەت کە منداڵەکە دەبێت لە هەر کاتژمێرێکدا ٦ جار بجوڵێت، چونکە لەوانەیە زۆر جار منداڵەکە خەوتبێت، منداڵەکە دەبێت ڕۆژانە لە کاتژمێرێکدا جووڵەی زۆری هەبێت و بگاتە ٦ جووڵە و دایکەکە هەستی پێ بکات، ئەگەر بۆ ماوەیەک هەستت بە جووڵەی ئاسایی منداڵەکەت نەکرد ئاومیوەیەک بخۆرەوە و بەلای چەپدا پاڵکەوە بۆ ماوەی کاتژمێرێک و بە وردی سەرنج بخەرە سەر جووڵەی منداڵەکە و ئەگەر لە ڕۆژکەدا کاتژمێرێک ٦ جووڵەیت هەست پێ نەکرد سەردانی پزیشک بکە.

جووڵەی سەیری منداڵ 

جووڵەی یەک بەدوای یەک هەر چەند چرکەیەک ڕوودەدات بە ئەگەری زۆرەوە بە هۆی نزگەرەی منداڵەوەیە، کە ئەمەش نیشانەی گەشەی ئاسایی منداڵەکە و تەندروستی ئەوە، زۆرێک لە دایکان دڵگرانن دەڵێن کە منداڵەکەم دوێنێ شەو جووڵاوە و بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر ڕۆژەکەی جووڵاوە نەک شەوەکەی ئەمانە ئاسایین، چونکە جووڵەی منداڵ لە سکی دایکیدا بەرنامەڕێژییەکی دیاریکراوی نییە و هەڕەمەکییە و مەرج نییە ئەو کاتژمێرەی کە ڕۆژەکە تێیدا دەجووڵێت دیاریکراو بێت و جێگیر بێت.

گرنگی جوڵەی منداڵەکە لە دوای هەفتەی ٣٢ـەوە چییە؟

لەپێش گەیشتن بەم هەفتەوە منداڵەکە بەردەوام دەجووڵێت و بێ کێشەیە، بەڵام لە دوای هەفتەی ٣٢ـەوە کێشکانی پەیوەست بە منداڵبوون وێڵاش لە هەندێک دایکدا دەست پێدەکات و ئەگەری هاتنەخوارەوی وێڵاش و منداڵبوونی پێش وەختە زیاد دەکات، هەر بۆیە کاتێک سەردانی پزیشک دەکەیتەوە بەردەوام پرسیارت لێ دەکات دەربارەی جووڵەکانی سکی منداڵەکە.


سەرچاوەکان



6304 بینین