دەریای زەرد

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-10-30-16:04:00 - کۆدی بابەت: 7043
دەریای زەرد

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دەریای زەرد

دەریای زەرد دەریایەکی لاوەکی خۆرئاوای زەریای هێمنە و کەوتۆتە نێوان بەشی سەرەکی کیشوەری چین و نیمچە دوورگەی کۆریاوە، هەروەها دەتواندرێت بە بەشی باکووری خۆرئاوای دەریای خۆرهەڵاتی چین دابنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەریای زەرد یەکێکە لەو چوار دەریایەی کە لە زمانی ئینگلیزیدا ناویان بە دوای ڕەنگێکدا دێت کە ئەوانیش "دەریای سپی و دەریای سوور و دەریای ڕەش و دەریای زەردن".

جوگرافیای سروشتی

دەریای زەرد، جگە لە "بۆهای"، نزیکەی 960 کم لە باکوورەوە بۆ باشوور و نزیکەی 700 کم لەخۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا درێژدەبێتەوه، ڕووبەری ڕووی دەریای زەرد نزیکەی 380,000 کم۲ یە و قەبارەکەی نزیکەی 17,000 کم۳ یە و قووڵیەکەشی تەنیا 44 م و قوڵیەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور وردە وردە زیاد دەکات، هەروەها بنکە و ڕۆخەکانی دەریاکە ڕێژەیەکی زۆر لم و لیتەی تێدایە کە بەهۆی ڕووبارەکانی "بۆهای" و کەنداوی کۆریاوە هاتوون، ئەم خڵتانەش لەگەڵ گەردەلوولی لماویدا هۆکاری زەردبوونی ئاوی دەریاکەیە.

دوورگە سەرەکییەکانی دەریای زەرد بریتین لە ئەنمادۆ، باینگنیۆنگدو، دایبۆدۆ، دێوکجیۆکدۆ، گاژۆدۆ، گانگاودۆ، هاویدۆ، هوکساندۆ، هۆنگدۆ، ججودۆ، جیندۆ، موویدۆ، سیدۆ، سیلمیدۆ، سیندۆ، واندۆ، یۆنگجونگدۆ و یۆنپیۆنگدۆ، "هەموو ئەم دوورگانە لە کۆریای باشوورن".

ئاووهەوای دەریای زەرد

مانگەکانی وەرزی زستان لەم ناوچەیەدا سارد و وشکە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم هەتا مانگی ئازار وەرزە بای باکووری هەڵدەکات، لە بەشی باکووری دەریاکەدا تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەم −10 پلەی سیلیزیە بەڵام لە بەشی باشوور 3 پلەی سیلیزیە، هەروەها مانگەکانی وەرزی هاوین تەڕ و گەرمن و چەندین جار گەردەلوولە کەمەرەییەکانیش لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و تشرینی یەکەم هەڵدەکەن و پلەی گەرمی لە نێوان 10 بۆ 28 پلەی سیلیزیدایە، تێکڕای دابارینی ساڵانە زیاد دەکات لە نزیکەی 500 ميلليمەتر لە باکووردا بۆ 1,000 ميلليمەتر لە باشوور، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی تەم و مژ لە کەنارەکانی دەریاکەدا زۆر ئاساییە.

لە وەرزی زستاندا و لە بەشی باکووری دەریاکەدا پلەی گەرمی ئاوەکەی زۆر ساردە و نزیک لەوەی بیبەستێت، پلەی گەرمی و ڕێژەی سوێری ئاوەکەی چونیەکن لە قوڵایی دەریاکەدا، ئاوی دەریاکە لە بەشی باشوورەوە گەرمترە و پلەی گەرمیەکەی 6–8 پلەی سیلیزیە، لە وەرزی بەهار و هاویندا بەشی سەرەوەی ئاوەکە بەهۆی تیشکی خۆرەوە گەرم دەبێت و لەلایەن ئاوی سازگاری ڕووبارەکانەوە سوێرییەکەی کەمدەبێتەوە لەکاتێکدا بەشی خوارەوەی ئاوەکە هەر بە ساردی و سوێری دەمێنێتەوە و پەنگ دەخواتەوە و بەهێواشی بەرەو باشوور دەچێت، هەروەها لە باشووری خۆرئاوا بەهۆی وەرزە باوە ڕێژەی باران بارین زیاد دەکات و ئەمەش وا دەکات ڕێژەی سوێری سەر ڕووی ئاوەکە کەم بێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەشی باکووری دەریاکە ڕوونی ئاوەکە نزیکەی 10 م زیاد دەکات و لە بەشی باشووریش 45 م.

دەریای زەرد لە ڕووی ئابوورییەوە

ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە کەنارەکانی دەریای زەرد نیشتەجێن، لە هەر کیلۆمەترێک دووجادا نزیکەی 250 کەسی لێیە، بۆ ماوەی چەند سەدەیەکە ئاوی دەریاکە لە لایەن کەشتی چینی و کۆری و ژاپۆنیەکانەوە بۆ ڕاوە ماسی بەکارهێنراوە، بەتایبەتی بنکی دەریاکە دەوڵەمەندە بە ماسییەکان و نزیکەی 200 جۆر ماسی تێدایە کە بۆ کاری بازرگانی سوودیان لێ وەرگرتووە و ڕاوەماسی بەرە بەرە لە چین و کۆریا زیادیکردووە و لە ژاپۆن کەمبووەتەوە.

بەکارهێنانی دەریای زەرد بۆ کاری بازرگانی و گەشتکردن چالاکییەی تری باوە لەم دەریادا، بەندەرە سەرەکییەکانی چین بەندەری "داڵیان و تیانجین و قینگدا و کینهانگداو"ن، بە بەکارهێنانی جۆرە کەشتییەکی "بۆهای"ی دووری نێوان نیمچە دوورگەی لیائودونگ و شاندۆنگ قەدبڕ دەکرێت، هەروەها گەورەترین ڕوودای دەریایی لە 24ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1999 لە وڵاتی چین لە "یانتای"ی ڕوویدا کە کەشتییەکی 9,000 تەنی ئاگری گرت و لار بوویەوە و نوقمی ناو دەریاکە بوو و بووە هۆی مردنی نزیکەی 300 کەس ئەمەش وایکرد ببێت به خراپترین ڕووداوی دەریایی لە وڵاتی چین.

هەروەها گەڕان بۆ نەوت و لێکۆڵینەوە لە دەریاکە کردارێکی سەرکەوتووە لە بەشەکانی چین و باکووری کۆریای دەریاکەدا، لەگەڵ ئەوەی بڕی یەدەکی سەرچاوە سروشتییەکان 29 بیلیۆن تەنە، هەرچەندە تا ڕادەیەک ڕێگیری لە گەڕان و لێکۆڵینەوە دەکرێت بەوەی زانیاری پێویست هاوبەشی پێناکرێت لەنێوان وڵاتانی بەژداربوودا، وڵاتی چین لە ساڵی 1979دا دەستی بە هەماهەنگی کرد لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بییانییەکان، بەڵام زۆری نەبرد ئەم دەستپێشخەرییە کورتی هێنا.

بۆچی "دەریای زەرد" زەردە؟

ناوی دەریای زەرد وەسفی دیاردەیەک دەکات که بە هۆیەوە دەنکی وردە لمەکان لە گەردەلوولی لماوی بیابانە گەورەکەی باکووری چین و باشووری مەنگۆلیا کە ساڵانە لە باکووری خۆرئاواوە هەڵدەکات دەکەونە سەر ئاوەکە و ڕەنگی سەر ڕووی ئاوەکە دەگۆڕێت بۆ زەردێکی ئاڵتوونی، هەروەها دەشێت هۆکارێکی گونجاو بۆ ناوی دەریای زەرد ڕەنگی زەردی قاوەیی باوی جیاکەرەوەی ئاوەکەی بێت کە لە ڕووباری زەردەوە دەڕژێتە ناو دەریاکە و بڕێکی زۆر لیتەی قوڕاوی بەشی سەرەوەی دەشتەکە دەبات و دەیگوازێتەوە.


سەرچاوەکان



1136 بینین