سوودەکانی نینۆککردن

له‌لایه‌ن: - سۆز عطا - به‌روار: 2021-11-04-02:44:00 - کۆدی بابەت: 7082
سوودەکانی نینۆککردن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆر لە خەڵکی گرنگی بە ئەندامە دیارەکانی جەستەیان دەدەن، بەڵام ئەندامە بچووکەکانی وەک نینۆکەکانی دەست و پێ فەرامۆش دەکەن، لەکاتێکدا ئەم ئەندامە پشتگوێ خراوانە سوودی خۆیانیان هەیە و پارێزگاری لە گۆشتی دەورووپشتی خۆیان دەکەن و لە ئازار دووریان دەخەنەوە.
پارێزگاریکردن لە نینۆکەکان و گرنگی پێدانیان، بە هێمای ناسکی دەستەکان لە ئافرەتان و پاکوخاوێنی لە پیاواندا دادەنرێت و ویستی هەمووانە کە دەست و پەنجەیەکی قەشەنگیان هەبێت.
نینۆکەکان هۆکارن بۆ کۆکردنەوەی پیسی و چڵک کە سەرچاوەی ژەهراویبوون و نەخۆشکەوتنن، بەو هۆیەوە پێویستە کورت بکرێنەوە و بەپاکی ڕابگیرێن، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی خەڵکی گرنگی پێنادن و بە کارێکی بێزارکەر و دەستگری دەزانن بەڵام کورتکردنەوەی نینۆکەکان وادەکات دووربن لە هەموو کێشەکانی پەیوەست بە نینۆکەوە وەک: نینۆکی بە گۆشتداچوو (بە ئینگلیزی: Ingrown nails) کە گەشەکردنی نینۆکەکانە بۆ ناوەوەی گۆشتی دەورووبەریان، نینۆکی شێوە کەوچک (بە ئینگلیزی: Spoon nails) کە واتا سافبوون و وەرگرتنی شێوەیەکی چەماوەیی نینۆکەکان بەرەو سەرەوە هاوشێوەی کەوچک و نینۆکی شێوە بزمارکێش (بە ئینگلیزی: Pincer nails) لوولبوون و ڕەقبون و زەرد هەڵگەڕانی نینۆکەکانە کە وەک شێوەی بزمارکێش دەردەکەون و قەراغەکانی نینۆکەکە بە تەواوی لەیەک دەدات.

سوودەکانی نینۆک کردن

  • پارێزگاری لە تەندروستی دەکات و دوورت دەخاتەوە لە ژەهراویبوون، لە ئەنجامی درێژکردنەوەیان و پاک ڕانەگرتنیان، میکرۆب و پیسی یەکدەگرن و لە ژێر نینۆکەکان دەمێننەوە بەو هۆیەشەوە لەکاتی نانخواردندا دەگوازرێنەوە بۆ خواردنەکە و دەچێنە نێو کرداری هەرسکردنەوە و توشی نەخۆشیت دەکەن.
  • هەبوونی نینۆکی کورت، وادەکات ئاسانتر و گونجاوتر پەنجەکانت بجوڵێنیت و کاری ڕۆژانەت ئەنجام بدەیت هەروەها بەهۆی پتەوییانەوە ئازاری شکاندنیان ناچێژیت، لە کاتێکدا نینۆکی درێژ جووڵەکانی ڕۆژانەت سنووردار دەکات و لەکاتی شکانیاندا ئازارێکی زۆرتریان دەبێت. 
  • نینۆکەکانت تاکو کورتتربن پتەوتر دەبن و باشتر پارێزگاری لە خۆیان و گۆشتەکەی دەورووبەریان دەکەن.
  • دوورت دەخاتەوە لە تووشبوون بە نەخۆشی (onychocryptosis) گەشەکردنی نینۆکەکان بۆ ناوەوەی گۆشتی دەورووبەری کە کێشەیەکی توندە و بەهۆی نەبڕینی نینۆکەکانەوە دروست دەبێت و دەبێتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی، کاتێک نینۆکێکی درێژت دەبێت ئەوکات دەچەقێت بە ناو گۆشتەکەدا و دووچاری ئەم کێشەیە دەبیت، کە دەبێتە هۆی ئازار و هەندێک جاریش ئەو شوێنە دەبێتە هەوکردن و کێمی تێدا کۆدەبێتەوە و لە ئەنجامدا دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت بۆ چارەسەر.
  • دەتپارێزێت لە ئازار پێگەیشتنت، بۆ نموونە کاتێک نینۆکت بە نائاگایی بەر دەرگایەک دەکەوێت تەنها ڕەنگە تۆزێک بڕوشێت و نابێتە هۆی شکانی نینۆکەکە و ئەزیەت دانت، بەڵام گەر نینۆکەکەت درێژ بوو ڕەنگە ببێتە هۆی شینبوونەوە و خوێن مەین لەو شوێنەدا و پێویستی بە چارەسەر هەبێت، هەر بۆیە نینۆکەکانت کورتبکەرەوە تاوەکو دووربیت لە کێشەکانی پەیوەست بە نینۆکەوە.

ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی نینۆکەکان دەبنەوە

نینۆکی بە گۆشتداچوو (بە ئینگلیزی: Ingrown nails): کێشەیەکی باوە کە تووشی نینۆکەکان دەبێت بە تایبەت نینۆکی پەنجە گەورەی پێ، تیایدا لایەکانی نینۆکەکە دەچەقێت بەناو گۆشتەکەیدا، ئازار و ئاوسان و سووربونەوە و هەندێک جار هەوکردن لە شانەکانی گۆشتەکە ڕوودەدات.

هۆکارەکانی تووشبوون بە نینۆکی بە گۆشتداچوو:

  • لەپێکردنی پێڵاوی تەسک و تەنگ.
  • زۆر کورتکردنەوەی نینۆکەکان یاخود نەبڕینیان بە شێوەیەکی ڕاست.
  • برینداربوونی نینۆکەکان.
  • ئەگەر کەسەکە خاوەنی نینۆکی چەماوە بێت زیاتر ئەگەری بەرکەوتنی لەگەڵ ئەم کێشەیەدا هەیە.
    بۆ دووربوون لەم بارودۆخە، نینۆکەکانت بە شێوەیەکی مامناوەند کورت بکەرەوە و پێڵاوی تەسک لەپێ مەکە و ماسکی تایبەت بە پێ بەکاربهێنە.

نینۆکی شێوە کەوچک (بە ئینگلیزی: Spoon nails یاخود koilonychia): لەم بارودۆخەدا نینۆکەکان تەنک دەبنەوە و بەشی ناوەڕاستیان دەچەقێت بەناو گۆشتی ژێرەوەیاندا و قەراغەکانی نینۆکەکان دێنە دەرەوە و شێوەیەکی کەوچکی دەبەخشن بە نینۆکەکان، ئەمەش وادەکات شکانی نینۆکەکان زۆر ئاسان بێت و ڕەنگە ئەم کێشەیە لە یەک پەنجە یان زیاتردا ڕووبدات. 
هۆکارەکانی تووشبوون بەم بارودۆخە بریتین لە:

  • کەمیی ماددەی ئاسن.
  • کەمخوێنی.
  • بەرکەوتنی قورساییەکی زۆر بۆ سەر نینۆکەکان.
  • زۆر بەرکەوتنی ماددە پێتڕۆڵییەکان.
  • زۆر بەرکەوتنی ماددە پاککەرەوەکانی ناوماڵ.
  • ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و چارەسەری کیمیایی وەردەگرن ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئەم بارەدا زیاترە.
    بۆ چارەسەرکردن پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و بە هیچ شێوەیەک بۆیەی نینۆک بەکارنەهێنرێت، لە کاتی قاپ شۆردنیشدا بەبەردەوامی دەستکێش بەکاربهێنرێت.

نینۆکی شێوە بزمارکێش (بە ئینگلیزی: Pincer nails): کێشەیەکی نینۆکەکانە و زیاتر تووشی نینۆکی پێ دەبێت، تیایدا قەراغەکانی نینۆکەکان لە یەکتری نزیک دەبنەوە بەجۆرێک پێکەوە دەنوسێن و گۆشتی ژێرەوەیان دیار نامێنێت، ئەم کێشەیە بەگشتی هیچ چارەسەرێکی ستانداردی نییە، تەنها بە خۆپاراستن و لە بارودۆخی سەختدا بە نەشتەرگەری چارەسەردەکرێت و لە کۆتاییدا ئەنجامێکی دڵخۆشکەر دەبەخشێت.


سەرچاوەکان



739 بینین