کۆمپانیای ئەدیداس

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-11-06-04:15:00 - کۆدی بابەت: 7107
کۆمپانیای ئەدیداس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

ئەدیداس (بە عەرەبی: أديداس، بە ئینگلیزی: Adidas)، کۆمپانیاییەکی تایبەتە بە پۆشاک و کەرەستەی وەرزشی، بنکەی سەرەکی لە وڵاتی ئەڵمانیایه، لۆگۆیەکی بازرگانییە لە ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت پێکدێت، ئەوانیش: ئەدیداس، کۆمپانیای ڕیبۆکی تایبەت بە پۆشاکی وەرزشی، کۆمپانیای تایلۆرمید بۆ کەلوپەل و یاری گۆڵف، کۆمپانیای ڕۆکبۆرت تایبەت بە پێڵاو و کاڵای وەرزشی، سەرباری کاڵا و پۆشاکی وەرزشی.
کۆمپانیاکە بەرهەمی دیکەی وەک جانتا، تیشێرت، کاتژمێر، چاویلکە و جلوبەرگی دیکەی پەیوەندیدار بە وەرزش بەرهەم دەهێنێت، کۆمپانیای ئەدیداس لە پلەی یەکەمی پیشەسازی پۆشاکی وەرزشیدایە لە ئەورووپا، پلەی دووەمی هەیە لە جیهاندا لە دوای کۆمپانیا ڕکابەرە ئەمریکییەکەی نایكی، دیزاین و هێمای کۆمپانیاکە لەسەر پۆشاك و کاڵا وەرزشییەکان سێ هێڵی تەریبە، لە ساڵی 2008 داهاتی کۆمپانیاکە گەیشتە 10.799 ملیار یۆرۆ، لە کاتێکدا لە ساڵی 2007 داهاتی تەنها 10.299 ملیار یۆرۆ بووە، واتا لە ماوەی ساڵێکدا داهاتی بڕێکی زۆر زیادی کردووە، لە ساڵی 2018ـدا بەهای بازاڕی 14.3 ملیار دۆلار بووە، کۆمپانیای ئەدیداس خاوەنی 1200 کارگەیە لەسەر ئاستی جیهان و زیاتر لە 775 هەزار کرێکاری لە 65 وڵاتدا دامەزراندووە، ئەدیداس کاری سپۆنسەری دەکات و ڕێککەوتن لەگەڵ یانە تۆپی پێ بەناوبانگەکانی جیهانی وەکوو ڕیاڵ مەدرید، یۆڤانتۆس، بایرن میونخ و مانچستەر یونایتد و بارشلونە ئەنجام دەدات، هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئیسپانیا و بەڕازیل و چەندان هەڵبژاردەی تر، هەروەها یاریزانانی سەرەکی تۆپی پێی وەکوو لیۆنێل میسی، مەسعوود ئۆزیل، سێرجیۆ ئۆگویرۆ و پاول پۆگبا گرێبەستی هەیە. 

واتای ناوەکەی

ناوی کۆمپانیاکە بەناوی دامەزرێنەرەکەی "ئادۆلف داسلەر" ناونراوە، بە کۆکردنەوەی یەکەم بەشی ناوەکەی ئەدیداس ناونراوە.

مێژووی کۆمپانیای ئەدیداس

دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەدیداس ناوی ئادۆف داسڵەرە، لە پاش گەڕانەوەی لە جەنگی جیهانی یەکەم لە نێو چێشتخانەی ماڵەکەی خۆیدا دەستیکردووە بە درووستکردنی پێڵاوی وەرزشی بۆ خۆی، لە ساڵی 1924 لەگەڵ براکەی بە ناوی ڕودۆڵف داسلەر بە یەکەوە کارخانەیەکی سادەیان دانا بۆ درووستکردنی پێڵاو، پاشان برەودرا بەم کارخانەیە و زیاتر بەرەو پێشیان برد‌، لە یارییە ئۆڵۆمپییەکانی ساڵی 1928 داسلەر چەند وەرزشوانێکی ئامادە کرد بۆ فراوانکردنی چالاکی نێودەوڵەتی کۆمپانیاکە، هەروەها لە یارییە ئۆڵمپییەکانی هاوینەی 1936 لە بەرلین، داسلەر مەدالیای زێڕی جێسی ئۆونسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دەستهێنا، لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا کارگەکە گۆڕدرا بۆ کارگەی بەرهەمهێنانی چەکی دژە تانك، لە ساڵی 1947 هەردوو براکە جیابوونەوە، ڕوودی کۆمپانیای "پومای" دامەزراند، و ئەدیش ئەدیداسی دامەزراند کۆمپانیاکە بە فەرمی وەکوو ئەدیداس تۆمارکرا. 

بەرهەمەکانی

وەرزشی ڕاکردن

ئەدیداس لە ئێستادا کار لەسەر بەرهەمهێنانی چەندین پێڵاو و کاڵای ڕاکردن دەکات، لەوانە لید ستار کۆنترۆل 5 و لید ستار سوور، هەروەها جلوبەرگی ئەدیداسیش زۆر جار لە لایەن وەرزشەوەوانانی ڕاکەردنەوە بەکاردەهێنرێت، ئەدیداس پێستی کانگارۆ بە کاردەهێنێت بۆ درووستکردنی پێڵاوی گرانبەها کە لە وەرزشی ڕاکردن بەکاردەهێنرێت. 

یاری توپی پێ

یەکێک لە گەورەترین وەرزشەکان کە کۆمپانیای ئەدیداس بایەخێکی زۆری پێدەدات تۆپی پێ و ئامرازە پەیوەستەکانی ئەم وەرزشەیە، ئەدیداس جلوبەرگ و کەلوپەلی پێویست بۆ هەموو تیمەکانی خولەکان دابین دەکات، ئەدیداس داهێنانی زۆری کردووە لە پێڵاوی وەرزشی تۆپی پێ، بۆ نموونە لە مۆندیالی کوبا پێڵاوێکی تایبەتی درووستکرد بۆ زەوییەک کە قوڕ و لیتەی لەسەر بێت و لە ساڵی 1978 وڵاتی ئەرجەنتین ئەو جامەی بردەوە و یاریزانەکانی بەو پێڵاوەوە یارییان کرد و تاکوو ئێستا نزیکە 40 ساڵە ئەو کاڵایە بەکاردەهێنرێت، هەروەها ئەدیداس ناوبانگی هەیە بۆ دیزاینی پێڵاوە درێژەکانی "ڕاودەر" کە لە لایەن یاریزانی پێشووی لیڤەرپوڵ و کریگ جۆنستۆنی نێودەوڵەتی ئوسترالی دیزاین کراوە، ئەم دیزاینە بە بەکارهێنانی لاستیک لەسەر پێستی سەرەوەی پێڵاوەکە جووڵەی تۆپەکە باشتر دەکات، یاریزانە لێهاتووەکان لێدوانیان داوە کە بەم کاڵایەوە دەتوانن لە کاتی یاریکردندا زیاتر تۆپەکە بەرز بکەنەوە و بە ئاسانی یاری بکەن. 

یاری تێنس

ئەدیداس سپۆنسەری یاریزانانی تێنسی کردووە و بەم دواییانە هێڵێکی نوێیان ناساند بۆ بەرهەمهێنانی ڕوکێتی تێنس، ئەدیداس سپۆنسەری بەشێك لە یاریزان لێهاتوەکانی یاری تێنس دەکات وەکوو: نۆڤاک دیۆکۆڤیچ، ئاندی مورای، فێرناندۆ گۆنزالێز و چەندانی تر، هەروەها ئەدیداس پۆشاکی وەرزشی تێنسیش بەرهەم دەهێنێت. 

یاری گۆڵف

لە ساڵی 1977 ئەدیداس کۆمپانیای تایلۆر میدی کڕی کە تایبتەت بوو بەم یارییە، لە ساڵی 2004 ئەم لقەی ئەدیداس بە فەرمی پلەی یەکەم بوو لە جیهاندا لە یاری گۆڵف، و لە ساڵی 2008 داهاتی ئەم لقەی ئەدیداس 72 ملیۆن دینار بووە.

یاری کریکێت

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەدیداس گرێبەستی واژوو کرد لەگەڵ یاریزانی پلە یەکی جیهانی لە یاری کریکێت، هەروەها ئەدیداس سپۆنسەری هەڵبژاردەی کریکتی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی کریکتی ئوسترالیا دەکات. 

یاری تۆپی باسکە

ئەدیداس بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر پێڵاوی باسکە کاری کردووە، بە پێڵاوە ئەستێرەکانی ناسراوە، دووانەکانی پرۆ مۆدالی ناسراو بە "چلتۆز"، شێوەیەکی شیک و لاستیکی هەیە و پەنجەکانی پێ دەپارێزێت، ئەدیداس لە ئێستادا دابینکەری پێداویستی یاری باسکەی هەموو خولەکانی ئەمریکایە، هەروەها سپۆنسەری کۆمەڵە یاریزانێکی کۆن و نوێی یاری باسکەیە وەکوو: کەریم عەبدولجەبار، تریسی مەکگرادی، دوایت هاوارد، چاونسی بیلۆپس، دێسمۆند ماسۆن، کێڤین گارنێت و چەندانی تر. 

بەرهەمەکانی تری ئەدیداس 

ئەدیداس کاتژمێر و چاویلکە و جانتا و گۆرەوی و کڵاویان دیزاین کردووە لەگەڵ چەند بەرهەمێکی تری وەکوو: کۆمەڵێک دیۆدۆرت (بۆنبڕە: لابەری بۆنی ئارەقی جەستەیە)، بۆن و کۆڵونیا و جلی ژێرەوە. 


سەرچاوەکان



1829 بینین