قانع خورشید

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-06-21:06:00 - کۆدی بابەت: 7111
قانع خورشید

ناوه‌ڕۆك

قانیع خورشید کێیە؟

قانع خورشید مامۆستا و نووسەر و بانگخوازە, لە بوارەکانی فیکری ئیسلامی و ئەدەب و ئایندا دەنووسێت و خاوەنی چەندین کتێبە لەو بوارانەدا. ھاوکات کۆمەڵێکی زۆری وانەی پەروەردەیی و فیکریی ھەن کە بە دەنگ و ڕەنگ بڵاو دەکرێنەوە، ھەروەھا چەندین سیمینار و زنجیرە کۆڕی لە شارەکانی کوردستاندا پێشکەش کردووە، ئەو ھەم وەک نووسەر و ئەدیب، ھەم وەک بانگخواز لەنێو خەڵکیدا ناسراوە.

ژیان

لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢ـی زانینییە، لە گوندی شێخ لەنگەری سەر بە قەزای کەلار لە ناوچەی گەرمیان لەدایکبووە، خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی هه‌ر له‌ کەلار تەواو کردووە، پاشان بۆ خوێندن لە زانکۆ ڕۆشتووەتە پارێزگای دھۆک و ساڵێک لەوێ خوێندوویەتی، دواتر ھاتووەتە ھەولێر و ساڵەکانی تری خوێندنی زانکۆی لە ھەولێری پایتەخت تەواو کردووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری زانستە شەرعییەکاندا بە دەست ھێناوە، پاشان لە تارانی پایتەختی شاری ئێران بڕوانامەی ماستەری لە بواری (عیرفان و ئەدیان)دا بەدەست ھێناوە. ماستەرنامەکەی دەربارەی (دیدگا کەلامی و عیرفانییەکانی ئەحمەدی خانی) بووە.

کتێبەکانی

بەرھەمەکانی ھەمەچەشنەن. بەرھەمی فیکری، ئایینی و فیقھی، ئەدەبی. ھەر لە بواری نووسیندا زیاتر لە بیست کتێبی ھەیە و گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:

  • عیشق لە نێوان عەقڵ و ئاییندا
  • چاوەکانی هۆشمەند
  • عیشق وەک چەمکێک بۆ ژیان
  • مرۆڤ و پەیامداری
  • زۆرخۆری و زۆرخەوی
  • کەمتەرخەمی
  • ژیان چییه؟
  • ئەڤین تەنیا بیانووی ژین
  • بۆ ئەو گەنجانەی دەچنە زانکۆ
  • لە خەڵوەتدا
  • قومێک ئاوی سارد بۆ گەروویەکی تینوو
  • برینی پرسیار و هەتوانی وەڵام
  • فڕی فڕی، قەل فڕی
  • مەلای گەورە کوێخای دیوەخانی هزر و میوانی دیوانی شیعر
  • ئەبووحامدی غەزالی و تێڕوانینی بۆ زانستی کەلام
  • ئیستیمنا لە نێوان شەرعزان و پزیشکاندا
  • دیاردەی هەڵگەڕانەوە لە دین (بە هاوبەش لەگەڵ ڕێناس ئەحمەددا)
  • دەرکردنی نرخ لە زەکات و سەرفترەدا
  • لە شامەوە بۆ شیراز
  • بۆ ئەوانەی وەکو خۆمن (سێ بەرگ)
  • تەفسیری مەلای گەورە
  • دیوەکەی تری جەلالەدینی ڕوومی
  • سەلەفییەت، واتا و مێژوو
  • سیستەمی ستەمکاری، سەرهەڵدان و ڕووخانی
  • له‌ باره‌ی ته‌نیاییه‌وه‌
  • نووری بوونت له‌ ئاوێنه‌ی گشت هه‌بوویه‌كدا ده‌بینم
  • گوڵبه‌هارێك له‌م پاییزی عومره‌مدا ده‌ڕوێت
  • گه‌ڕان به‌دوای مانادا (وه‌رگێڕان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاروون ماهووتیدا)
  • برسی دیدگاهای كلامی و عرفانی احمد خانی

بەرهەمەکانی تر

‎جگە لە نووسین و وەرگێڕانی کتێب، لە ڕێی چەند پڕۆگرامێکی ڕادیۆیی و تەلەڤیزیۆنییەوە چەندین وانە، بابەتی فیکری، ئایینی و ئەدەبیی وتووەتەوە و بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار کراون و لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوبدا بەردەستن بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار کراون و لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یووتوبدا بەردەستن، بەشێک لەو وانە و بابەتانەی وتوونیەتییەوە بریتین لە:

- قەڕزاوی ڕابەری بیری میانڕەو: پڕۆگرامێکی ڕادیۆییە بە زنجیرەباسێک باس لە قەڕزاوی و بۆچوونەکانی دەکات، لەگەڵیدا چەندین بابەتی فیقھی و فیکری تاوتوێ دەکات.
ـ مەم و زینی ئەحمەدی خانی: شرۆڤە و ڕاڤەکردنی کتێبی مەم و زینە، کە ئەحمەدی خانی نووسیویەتی، مامۆستا بە درێژی و لە دووتوێی زیاتر لە سەد ئەڵقەدا دەقی داستانی مەم و زینی خانی دەخوێنێتەوە و شرۆڤەی دەکات، ھاوکات زۆر باسی تری فیکری و ئەدەبی لەگەڵدا دەخاتە ڕوو.
ـ چەشنی چرا: پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنییە، لە کەناڵی ئاسمانیی سپێدە پەخش کراوە، بەرنامەیەکی فیکری و ئایینییە، مامۆستا ھەر جارە و تەوەر و بابەتێک دیاری دەکات و باسی لێوە دەکات.
- شەرحی ڕیسالەی قوشەیری: بەشەکانی سەرەتای ئەم وانەیە بە دەنگ تۆمار کراون، ڕاڤەی دەقی کتێبی (ڕیسالەی قوشەیری لە عیلمی تەسەووفدا)ـیە، کە کتێبێکە بابەتەکانی ھەموو بابەتی عیرفانی و ئیمانین.
- منھاج العارفین: زنجیرەوانەیەکی دەنگیی ڕاڤەی دەقی کتێبی (منھاج العارفین)ـە، کە پێشەوا ئەبوو حامیدی غەزالی نووسیویەتی، ھەموو بابەتی عیرفانی و ئیمانیی جوان و قووڵن.
- عیوب النفس: زنجیرەوانەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە، مامۆستا دەقی کتێبی (عیوب النفس/نەنگییەکانی دەروون) ڕاڤە دەکات، کتێبەکە باس لە عەیب و نەنگی و نەخۆشییەکانی دەروونی مرۆڤ دەکات و 
‎دەستنیشانیان دەکات، باس لە چارەسەر و ڕێگای نەھێشتنی ئەو دەردانەیش دەکات
ـ ڕاڤەی المنقذ من الضلال:  ڕاڤەی کتێبی (المنقذ من الضلال)ـە، ئەم کتێبە پێشەوا ئەبوو حامیدی غەزالی نووسیویەتی، باس لە ئەزموونی فیکری و ڕۆحیی خۆی دەکات لەگەڵ فەیلەسووفان و ئەھلی کەلام و سۆفییەکاندا. 
- مەجالیس: ڕاڤە و باسی کتێبی (المجالس)ـە، کتێبی مەجالیس کۆکراوەی چەند کۆڕ و وتارێکی عیرفانیی پێشەوا ئەحمەدی غەزالییە کە لە مزگەوتی خۆی لە بەغداد بۆ مورید و قوتابییەکانی پێشکەشی کردووە و ئەوانیش نووسیویانەتەوە.
- چەندین کۆڕ و سیمیناری تری ھەمەجۆر: لە کەناڵی تایبەتیی خۆی لە یوتیوبدا بە ناوی (قانع خورشید)ـەوە دانراون.

پڕۆژەی هاوسانی

کارێکی تری قانع خورشید، دامەزراندنی ناوەندی (ھاوسانی)ـیە، لەگەڵ ھەندێک لە قوتابی و ھاوڕێکانیدا ئەم ناوەندەی دامەزراندووە.

‎ھاوسانی، ناوەندێکە بۆ پەروەردە و مەعریفە، ئەم دامەزراوەیه‌ چەندین پڕۆژە لەخۆدەگرێت، سەرەتا لە وەرگێڕانی کتێبەوە دەستی پێ کردووە و پاشانیش ناوەندەکە دەستی بە نووسین و چاپکردنی چەندین کتێبی فیکری، ئایینی، فیقھی و ئەدەبی کردووە، تاکو ئێستاش لە چاپکردنی کتێب بەردەوامە.

‎لە ئێستادا سایتێکی چالاک و دیاری ھەیە کە لەو ڕێگەیەوه‌ نووسین و توێژینەوە و بابەتی ئەدەبی و فیکری و زانستی و ئایینی و فیقھی بڵاودەکەنەوە، ئەم سایتە بووە بە بڵندگۆیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و چەندین نووسەری بەتوانا و خامەڕەنگین بابەتی تێدا بڵاودەکەنەوە و نووسینەکان بە بەردەوامی خوێنەریان ھەیە. ھاوکات ئەم سایتە ھاوکارییەکی باشی گەنجان دەکات تاکوو لەو ڕێگەیەوە نووسینەکانیان پیشانی خەڵکی بدەن و لە جێیەکی شایستەدا دایبنێن.

‎لەگه‌ڵ ئەم سایتەدا، ھاوسانی پەیج و ئەکاونتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و تیلیگرامدا ھەیە و بابەتی جیددی تێدا بڵاودەکەنەوە، ئەمە جگە لە کەناڵێکی یوتیوب کە زۆرێک لە وانە و کۆڕ و سیمینارەکانی مامۆستا قانع خورشیدی تێد بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ڤیدیۆی ئامادەکراو و وەرگێڕدراو لە بوارەکانی ئایین و فیکر و ئەدەبدا، کە ھەموویان بابەتی گرنگ و بەسوودن.
‎ئەم ناوەندە، جگە لە نووسین و وەرگێڕان و چاپکردنی کتێب، چەندین چالاکیی تری مەعریفیی ھەیە، بۆ نموونە لەم ساڵانەی دواییدا، ناوەندی ھاوسانی شەش خێوەتگەی ڕێک خستووە کە ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە زۆرینەی شارەکانی کوردستانەوە بەشدارییان تێدا کردووە. لەم خێوەتگەیانەدا ھەر جارە و بابەتێک دیاری کراوە و بە زنجیرەیەک وتار و سیمینار و چالاکیی جۆراوجۆر قسەی لەبارەوە کراوە، ھەر بابەتێکی ئەو خێوەتگەیانە، لە چەندین ڕەھەندی جیاوازەوە باسی لێوە کراوە، لە ڕووی فیکری و ئەدەبی و ئایینی و زانستی و مێژوویی و تەنانەت پزیشکییشەوە، چەندین مامۆستا و توێژەر  و بیرمەندی دیاری کوردستان بەشدارییان لەو خێوەتگەیانەدا کردووە و وتاریان تێدا پێشکەش کردووە. ئەم خێوەتگەیانە بەشێک بوون لە ھەوڵەکانی ھاوسانی بۆ ھۆشیارکردنەوەی گەنجان، ئەو بابەتانەی قسەیان لەسەر دەکرا، ھەموو بابەتی گرنگی فیکری و ئاینی بوون، ڕوونکردنەوە و قسەکردن لەبارەیانەوە کارێکی پێویست و گرنگ بووە بۆ کاتی خۆی و ئێستا و داهاتوویش.

‎زۆرینەی وتارەکانی نێو ئەو خێوەتگەیانەیش لە کەناڵی یوتیوبی هاوسانیدا دانراون و دەتوانرێت سوودیان لێ ببینرێت.


سەرچاوەکان



1433 بینین