جەین ئۆستن

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-22-19:22:00 - کۆدی بابەت: 7241
جەین ئۆستن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەین ئۆستن (بە عەرەبی: جین أوستن، بە ئینگلیزی: Jane Austen) خانمە نووسەر و ڕۆماننووسی ئینگلیزی بە توانا لە ساڵی 1775 لە ناوچەی ستیڤنتی ئینگلتەرا لەدایکبووە، لە خێزانێکی گەورە پەروەردە کراوە خاوەن شەش برا و یەک خوشک بووە، خوشکەکەی کە ناوی کاساندرا بووە زۆر لە جەینەوە نزیک بووە، باوکیشی قەشە بووە لە کڵێسا گرنگی بە فێربوونی منداڵەکانی داوە، باوک و برا گەورەکەی بە ناوی هێنری ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە هاندان و پاڵپشتی کردنی جەین بۆ نووسین و خوێندنەوە، جەین ئارەزووی لە سەما و گۆرانی وتن هەبووە و پیانۆیشی ژەنیوە.

ئەزموونی نووسینی

ـ جەین ئۆستن تا لە ژیاندا مابوو بەرهەمەکانی هیچ ناوبانگێکیان دەرنەکرد، لە دوای کۆچی دوایی بەرهەمەکانی بە هەموو دونیادا بڵاوبووەوە و تاکوو ئێستا ڕۆمانەکانی چاپ دەکرێنەوە و لە هەموو جیهاندا هەواداری هەیە، بەپێی ڕاپرسییەکی دەزگای ڕاگەیاندنی BBC جەین ئۆستن پلەی حەفتای بەدەستهێناوە لە کۆی سەد کەسایەتی مەزنی بەریتانیا.
ـ شێوازی نووسین و بەرهەمەکانی لە جۆری ئەدەبی کلاسیکی ئینگلیزی و ڕۆمانسیین، لە بەشێک لە ڕۆمانەکانی پاڵپشتی ژنانی کردووە و داکۆکیکار بووە بۆ مافەکانیان، بەرهەمی کورته چیرۆک و ڕۆمان و شیعر و شانۆگەری هەبووە، بەڵام ڕۆمانە کلاسیکییەکانی ناودارییەکی زۆریان پێبەخشیوە و زۆر بەربڵاون.
ـ یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی Love and Freindship بڵاوکردەوە کە لە کۆمەڵێک نامەی خۆشەویستی پێکهاتبوو بە ستایلێکی ڕۆمانسی و گاڵتەجاڕانە نووسیبووی، چەند بەرهەمێکیشی بە لەژێر ناوی جیاجیادا بڵاوکردووەتەوە و ناوی خۆی لەسەر نەنووسیوە .
ـ بەشێک لە بەرهەمە ناودارەکانی کراون بە فیلم نموونەی فیلمەکانی Pride and Prejudice و Sense and Sensibility و Mansfield Park، هەروەها درامای Clueless بە هەمانشێوە لە ڕۆمانی ئێمای جەین ئۆستن وەرگیراوە، هەروەها فیلمی Becoming Jane کە لە ساڵی 2007 دەرکراوە باس لە ژیاننامەی و سەرەتاکانی ژیانی جەین ئۆستن دەکات.

باری سۆزداری

لە بیستەکانی تەمەنیدا ئاشقی گەنجێکی ئێرلەندی بووە بە ناوی تۆم لێفرۆی پەیوەندییەکی خۆشەویستی لە نێوانیان دروسبووە، بەڵام پەیوەندییەکەیان سەرکەوتوو نەبووە، جەین ئۆستن تا کۆتایی تەمەنی ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە. 

کۆچی دوایی

لە کۆتایی ساڵی 1816 جەین تەمەنی 41 ساڵی تێپەڕاندبوو، دووچاری نەخۆشی ئەدیسۆن ببوو، (نەخۆشی ئەدیسۆن لە ئەنجامی زیانگەیاندن بە توێکڵی ئەدریناڵی سەر گورچیلە دروست دەبێت)، سەرباری نەخۆشییەکەی بەردەوام بوو لە نووسینی ڕۆمان تاکوو لە 18ـی تەمموزی ساڵی 1817 کۆچی دوایی کرد. 


سەرچاوەکان



736 بینین