کۆمپانیای لاکۆست

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-17-14:34:00 - کۆدی بابەت: 7281
کۆمپانیای لاکۆست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای لاکۆست (بە عەرەبی: لاکوست، بە ئینگلیزی: Lacoste) لە گرنگترین لۆگۆ جیهانییەکانە و زۆربەربڵاوە، کۆمپانیایەکی فەڕەنسی تایبەتە بە دروستکردنی پۆشاکی ئامادەکراو و پێڵاو و بۆنی تایبەت بە پیاوان و ژنان، بنکەی سەرەکی لە شاری تروایە لە باکووری فەڕەنسا لە ساڵی 1933 دامەزراوە، گەورەترین مارکیتینگ و بەکارهێنەری بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە لە ئەمریکایە بە ڕێژەی 15% داهات و کڕیارەکانی لەم وڵاتەیە، هەروەها لە فەڕەنسا 9%، هەریەک لە وڵاتانی چین و ئیتاڵیا 6% مامەڵەکانی ئەم کۆمپانیایە پێکدەهێنن. 

مێژووی دروستبوون و واتای لۆگۆکەی

ڕینێیە لاکۆست ئەستێرەی وەرزشی تێنسی فەڕەنسی، لە نێوان ساڵانی 1926 بۆ 1927 پاڵەوانی یەکەمی جیهان بووە، لە ژیانی وەرزشیدا حەوت پاڵەوانی تایبەتی لە یاری تێنس بەدەستهێناوە، سەرباری سەرکەوتنەکانی لەو بوارەدا، هیچکات لەکاتی یاریکردن ئاسوودە نەبووە بەهۆی پۆشاکی تایبەتی یاری تێنس لەو سەردەمەدا كە پێکهاتبوو لە کراسی قۆڵدرێژ و پانتۆڵی درێژ، بۆیە جووڵەی یاریزانەکانی لە کاتی یاریکردندا قورس کردبوو، لاکۆست کاتێک لە کاتی مەشقەکاندا تێبینی کرد هاوڕێکەی پۆشاکی تایبەت بە یاری پۆلۆی (یارییەکی وەرزشییە کە لەسەر ئەسپ ئەنجام دەدرێت) پۆشیوە، بۆیە لەگەڵ بەرگدوورێک ڕێککەوت کە قەمیسێکی بۆ بدوورێت قۆڵەکانی کورت و فراوان بێت، چیتر  پەیوەستی پۆشاکە فەرمییەکانی وەرزشی تێنس نەبوو، لە ساڵی 1926 بۆ یەکەم جار لە پاڵەوانێتی تێنس لە نیویۆرکی ئەمریکا بەو پۆشاکە تایبەتانەوە بەشداری کرد کە خۆی دیزاینی کردبوو، لەو پاڵەوانێتییە بەهۆی توانایی و لێهاتوویی و خێرایی لە یاریکردندا لە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکان و لەنێو هەوادارانی نازناوی "لاکۆستی تیمساحی" پێدرا و بەو نازناوە ناودار بوو، چیرۆکی لۆگۆکەی لەوکاتە دەستیپێکرد کە لەگەڵ سەرۆکی یانەی فەڕەنسی گرەوێکیان کرد کە ئەگەر ڕینییە لاکۆست پاڵەوانێتی دیڤیسی تێنس بەدەستبهێنێت، ئەوا سەرۆکی یانەی فەڕەنسی جانتایەک لە پێستی تیمساح دروستکرابێت، دەکاتە دیاری بۆ لاکۆست و ئەم گرەوە لە زۆرێک لە ڕۆژنامەکانی ئەوسەردەمە بڵاوبووەوە و بۆیە هەر بەو ناوە لە جیهاندا ناسرا، لە سەرەتای ساڵی 1930 لاکۆست وازی لە یاریکردن هێنا، لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی "ئەندرێیە گلێر" بڕیاری دامەزراندنی کۆمپانیایەکیان دا کە تایبەت بێت بە پۆشاکی ئامادەکراو و لۆگۆی تیمساحی لەسەر بێت، لە ساڵی 1933 کۆمپانیاکەیان دامەزراند و لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و ناسرا.

بەرهەمەکانی کۆمپانیای لاکۆست

بەرهەمەکانی کۆمپانیای لاکۆست لە سەرەتادا بە گشتی جلوبەرگ و تیشێرت بوو، کە لە پەموو و بەرهەمی تۆکمە دیزاینی ناوازە و تایبەتی بۆ دەکرا، لەلای چینی گەنجان پەسەند بوو، پاشان گرنگیدرا بە دیزاین کردن و بەرهەمی هەمەجۆری وەکوو پێڵاوی وەرزشی کە لە ساڵی 1985 کۆمپانیا یەکەم پێڵاوی وەرزشی دروستکرد، بووە ڕکابەری کۆمپانیاکانی نایکی و پوما و ئەدیداس لەو سەردەمەدا، هەروەها کاتژمێری دەستی و چاویلکە و بۆن و بەرهەمی چەرمدار و جانتا و خشڵی خانمانی بەرهەم هێناوە.


سەرچاوەکان



1145 بینین