ئاڵا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-17-15:15:00 - کۆدی بابەت: 7284
ئاڵا

ناوه‌ڕۆك

ئاڵا چییە؟

ئاڵا (بە عەرەبی: علم)، (بە ئینگلیزی: Flag) بریتییە لە دروشم و هێمای نەتەوە و وڵاتان، هەر گەل و نیشتمانێک ئاڵای تایبەتی خۆی هەیە و بەڵگەیە بۆ شوناس و ڕەچەڵەکیانە، لە پارچە قوماشێک پێکهاتووە و هێمایەکی تایبەتە بە گەل و هۆزێکی دیاریکراو، ئاڵای وڵاتێک لەڕووی ڕەنگ و شێوە و قەبارەو و واتای هێماکانی لە ئاڵای وڵاتێکی تر جیاوازە، لە ڕابردوودا ئاڵا بۆ هەماهەنگی سەربازی و سوپاکان لە مەیدانی جەنگ بەکاردەهێنرا، پاشان بۆ مەبەستی پەیوەندی بەکارهێنراوە، بە تایبەت لە ژینگەی دەریایی کە وەکوو نیشانە و هێمای پەیوەندی نێوان کەشتییەکان بەکاردەهێنرا، لە ئێستادا ئاڵا نیشانە و هێمای نیشتمانی و نەتەوایەتییە. 

مێژووی ئاڵاکان

ـ  بیرۆکەی بەکارهێنانی ئاڵا لە وڵاتانی هیندستان و چین سەریهەڵداوە، پاشان لە هەموو باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاوبووەتەوە.
ـ فارسەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەخمەنییەکان لەنێوان ساڵانی 550 بۆ 330ی پێش زایین ئاڵای تایبەتی خۆیان هەبووە، پاشان لە سەردەمی ساسانییەکان وشەی "ئێرانشهەر" کە بە واتای "شانشینی ئێرانە" لەسەر ئاڵاکەیان نەخشێنرا بوو.
ـ ڕۆمانییەکان لە سەرەتادا بڕوایان بە ئاڵا نەبووە و بەکاریان نەهێناوە، بەڵکوو تەنها هێما و درووشمی وەکوو هەڵۆ و ئەژدیها و کۆتری سپیان بۆ پادشا و سەرکردەکانیان بەکارهێناوە.
ـ لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا ئاڵاکان بۆ چەند مەبەستێکی جۆراوجۆر بەکار دەهێنراون وەکوو دیاریکردنی شوناس و جیاکردنەوەیی چینی دەوڵەمەند و هەژاران لە شارەکان، بۆ پەرستگا و شوێنە ئاینیی و بۆنە و یادە ئاینییەکان، هەروەها لە جەنگ و شۆڕشەکانیش بەکارهاتووە و هەر سوپایەک ئاڵای تایبەت بە خۆی هەبووە.
ـ لە سەردەمی بڵاوبوونەوە و بەکارهێنانی کەشتی و بەندەرە ئاوییەکان، ئاڵا لەلایەن کەشتییەکانەوە بە مەبەستی پەیوەندیی کردن لە نێوان کەشتییەکان بەکاردەهێنران، پاشان بۆ ڕێکخستنی ئەم مەبەستە یاسا و ڕێسای دەریایی تایبەت دانران، و هەر ئاڵایەک بۆ واتای مەبەست و هەواڵێک دیاریکرا.
ـ لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە چیتر هەڵگرتنی ئاڵا لە جەنگەکان قەدەغەکرا، چونکە زۆرێک لە هەڵگری ئاڵاکان ئامانجێکی ئاسان بوون زوو دەکوژران. 

شێوە و قەبارەی ئاڵاکان

شێوەی ئاڵاکان بە گشتی لاکێشەیی یاخود چوارگۆشەیی یان سێگۆشەن، ئاڵای وڵاتانی جیهان چوارگۆشەیی و لاکێشەیین پانییەکەیان کەمترە، قەبارە و پێوانەی ئاڵای فەرمی (120×180) یان (150× 225) سانتیمە، واتا درێژییەکەی سێیەکی پانییەکەیەتی، لە جیهاندا تەنها ئاڵای وڵاتی نیپاڵ سێگۆشەییە.

ئاڵای وڵاتان

ئاڵای هەر وڵاتێک پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، هیچ کات نابێت سوکایەتی پێبکرێت یاخود شکۆی بشکێنرێت، سوکایەتیکردن بەهەر ئاڵایەک پێویستی بە داوای لێبووردنی فەرمی هەیە، هەروەها لە کاتی کارەساتە سروشتییەکان و کارەساتە مرۆییەکان و ماتەمینی وڵات وەکوو ڕێزلێنانێک ئاڵای وڵات شۆڕدەکرێتەوە و دادەگیرێت.

زانستی ئاڵاکان

زانستی ئاڵاکان یاخود "Vexillology" بریتییە لە توێژینەوە و وردبوونەوە لە مێژوو و واتاو و هێمای ئاڵاکان، هەروەها ئەم زانستە بایەخ دەدات بە هەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە ئاڵاوە، لە ساڵی 1957 لەلایەن زانایەکی ئەمریکی بە ناوی "وێنتی سمێس" دانراوە، هەروەها ئەنجومەنی نێودەوڵەتی ئاڵاکانی جیهان دانراوە کە دوو ساڵ جارێک کۆدەبنەوە، لە بەریتانیا پەیمانگایەکی تایبەت بە ئاڵا هەیە، لە ساڵی 1971 دامەزراوە هەموو ئەرشیفی ئاڵاکانی بەریتانیای تێدا تۆمارکراوە، هەروەها زانیاری و ڕێنمایی گرنگ دەربارەی ئاڵا و بەکارهێنان و واتاکانیان دەخاتە ڕوو، و چەندان بەرهەم و کتێبیان هەیە.

هێما و دروشمەکانی نێو ئاڵاکان

هەر دروشم و هێما و نەخشێک لە ئاڵاکان واتای خۆی هەیە گرنگترین ئەو هێمایانەی کە لە ئاڵای وڵاتەکان بەکارهاتووە بریتین لە: 

ـ هێمای خۆر: واتای هێمای خۆر لە ئاڵاکان واتای یەکڕیزیی و یەکگرتوویی و وزە و بەهێزی وڵات دەبەخشێت، وڵاتی ژاپۆن بە وڵاتی "خۆری درەوشاوە" ناسراوە، هێمای خۆر وەکوو بازنەیەک لە ئاڵاکەیدا هەیە، وڵاتی ئەرجەنتین هێمای خۆر بە ڕوونی لە ئاڵاکەیدا بوونی هەیە بە واتای بەهێزی و دەسەڵاتی وڵات دێت، هەروەها ئاڵای کوردستانیش خۆری تێدایە و 21 تیشکی هەیە وەکوو ئاماژەیەک بۆ ڕۆژی نەورۆز.

ـ هێمای مانگ: بۆ ئەوەی هێمای مانگ لە هێمای خۆر جیا بکرێتەوە وەکوو شێوەی هیلالی لە ئاڵاکان هێمای مانگ دانراوە، بوونی مانگ و ئەستێرە بەیەکەوە دەرخەری واتای ئاینییە، نموونەی ئاڵای هەندێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان، وەکوو وڵاتی تونس و سەنگافورە و تورکیا

ـ هێمای ئەستێرە: کۆمەڵە ئەستێرەیەک پێکەوە واتای هێز و وزە و دەسەڵات دەبەخشێت، نموونەی ئەو وڵاتانەی هێمای ئەستێرە لە ئاڵاکانیان هەیە، ئەمریکا، ئوستراڵیا، بەڕازیل و نیوزلەندا.

ـ هێمای خاچ: هێمای خاچ لە کۆندا واتای قیبلەنما بووە، بەڵام لە سەدەی چوارەمەوە واتای باوەڕ دەبەخشێت، نموونەی ئەو وڵاتانەی کە ئەم هێمایە لە ئاڵاکانیاندا هەیە، سوید، نەرویج و سویسرا
ـ نووسینی ئاینی: چەند ئاڵایەک دروشم و نووسینی ئاینی تێدا هەیە، نموونەی ئاڵای وڵاتی سعودیە کە دەستەواژەی "لا إله إلا الله محمد رسول الله" تێدا نووسراوە، هەروەها ئاڵای وڵاتی عێراق کە دەستەواژەی "اللە أكبر" تێدا نەخشێنراوە


سەرچاوەکان



2879 بینین