لافاوی هەولێر - ٢٠٢١

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-17-16:19:00 - کۆدی بابەت: 7287
لافاوی هەولێر - ٢٠٢١

ناوه‌ڕۆك

لافاوی هەولێر

شاری هەولێر یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و پایتەختییەتی، شارەکە لەڕووی ئاو و ئاوەڕۆوە کێشەی گەورەی هەیە و ئەمەش ساڵانە تووشی لافاو و هەستانی ئاوی دەکات و کێشەی ماددی و مەعنەوی بۆ خەڵکەکەی دروست دەکات و چەند جارێک بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی هەولێر و دەوروبەری، لەگەڵ هەزاران زیانی ماددی لە ئۆتۆمبێل و خانوو و کەرەستە و شەقامەکان.

هۆکاری لافاوی هەولێر چییە؟

ساڵانە لەگەڵ هەر باران بارینێک، بەهۆی کێشەی ئاوەڕۆکانی چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر، بڕی ئەو ئاوەی ئاوەڕۆکان لەخۆیانی دەگرن زۆر کەمترە لە ڕێژەی باران بارین، بۆیە هەستانی ئاو ڕوودەدات و دەبێتە هۆی لافاو و بە جارێک و بە لێشاو گەڕەکەکان پڕئاو دەبن.

١- له‌ رووی تۆپۆگرافی و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیی شاری هه‌ولێر، هەولێر بەشێوەیەکە، تاوەکو بەرەو باکوور و باکووری رۆژئاوای شارەکە بڕۆین، به‌رزییه‌كه‌ی له‌ ئاستی رووی ده‌ریاوه‌ زیاتر ده‌بێت و تا ده‌گاته‌ 3 مه‌تر له‌ ئاستی رووی ده‌ریا. له‌ هه‌ندێك شوێنی پارێزگای هه‌ولێر، ساڵانه‌ هه‌زار و ٣٠٠ ملم باران ده‌بارێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان ساڵدا له‌ ناحیه‌ی قوشته‌په‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ ٣٥٠ ملم، هه‌رچی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێریشه‌، ٤٤٢ ملم بارانی لێ باریوه‌، له‌ كاتێكدا، به‌رزیی شاره‌كه‌ له‌ ئاستی رووی ده‌ریا ده‌گاته‌ ٤٢ مه‌تر، ئه‌و داتایه‌ش له‌ ساڵانی 2001 تاكو 2006 تۆمار كراون.

٢- رێژەی گەشەسه‌ندنی شارەکە زۆرە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، کە وای کردووە جۆری زەوییەکە بگۆڕێت، لە جۆری سروشتی بۆ جۆری دیكه‌. بۆ نموونە: کۆنکریت و قیر و... هتد، کە ئەمە وا دەکات ئەو بارانەی دەبارێت، راستەوخۆ کۆببێتەوە و لەسەر زەوی بڕوات. کە لە رابردوودا بەشێکی بارانەکە بە چەند شێوازێک کەم دەبووەوه‌. بۆ نموونە: وەستان لەسەر دارو گەڵا و گژوگیا، هەڵمژینی بەشێکی باران لە لایەن چینی یەکەمی زەوی (خۆڵ).

٣- داخستن، یان بچووککردنەوەی هەموو ئەو کەناڵ و رووبار و رێڕەوە سروشتییە کاتییانەی ئاو، بە هۆی گەورەبوونی شار، ئەمەش وادەکات لەکاتی باران باریندا، ئاو رێرەوی نوێ بۆ خۆی دروست بکات، یاخود لە چەند شوێنێکی دیاری کراو کۆببێتەوە. هەروەها بەشێکی دیكه‌ی ئەم کەناڵ و رووبار و رێڕەوە سروشتییە کاتییانە، لە کاتی باران باریندا، ئاو لە دەرەوەی سەنتەری شار دەگوازنەوە بۆ دەرچەی کۆتایی، بەڵام کە ئێستا بەربەست دروست بووە لە بەردەمیان و رێرەوی نوێش دروست نەکراون، بۆیە ئاوی بارانەکە کێشە دروست دەکات، هەروەکو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت.

٤- سیستەمی ئاوەڕۆی هەولێر کۆنە، تێروتەسەل نییە، (لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە سیستەمەکە لە هەموو شوێنێکی شار نییە و به‌ ته‌واوه‌تی پێکەوە بەستراو نییە)، بە شێوەیەکی زانستی بنیات نەنراوە، چاكکردنەوەی بەردەوامی لەسەر نییە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، کە خاڵە لاوازەکان دیاری نەکراون، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە، تاوەکو ئێستا شاری هەولێر (IDF)، کێرڤی تایبەت بە خۆی نییە، بۆئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە دیزایین بکرێت.

٥- ئەم بەشەی سیستەمی ئاوەڕۆ ناتوانێت ئەو ئاوەی، کە لە ئەنجامی باران باریندا دروست ده‌بێت، بە شێوەیەک بگوازێته‌وه‌، کە (overflow) دروست نەبێت.

٦- نەبوونی هۆشیاریی تەواو لەلایەن هاونیشتمانیان بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ، کە زۆربەی جار بۆڕی و مەنهۆڵ و چاڵی وەرگرتن، پڕن لە جۆرەها پیسیی و خاشاک، کە دەبنە بەربەست لەبەردەم جووڵەکردنی ئاو بە شێوەیەکی ئاسایی و خێرا.

لافاوی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١

لە ٣٠ـی مانگی ١٠ـی ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی باران بارینێکی کەمەوە لافاو لە چەندین گەڕەکی شاری هەولێر هەستا و کێشەی ماددی بۆ خەڵکی دروست کرد. هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە بەڵام چەندین ماڵ و ئۆتۆمبێل و شەقامی خستە ژێر ئاوەوە. ڕاستەوخۆ پارێزگاری هەولێر "ئومێد خۆشناو" وتی: هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە و تیمەکانمان بڵاوەیان پێکراوە و خۆم سەرپەرشتییان دەکەم، بەڵام داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم بە ئۆتۆمبێلەوە نەچنە ئەو شوێنانەی لافاویان تێدا هەڵساوە.

بەهۆی لافاوەکەوە ٥٩١ کەس و خانوو زیانیان پێ گەیشت. هەروەها ١٤٩ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت. تەنیا لە ناحیەی پیرمام زیاتر لە ٥٠ دوکان زیانی ماددی پێگەیشت، ١٤ ماڵیش ئاوی تێچوو و زیانی ماددییان پێگەیشت و بووە هۆی کوشتنی کۆمەڵێک ئاژەڵیش. 

بڕیاری قەرەبوو

دوای لافاوەکە بڕیاردرا بۆ پێداویستی ناوماڵ بڕی ٣ هەزار دۆلار بدرێتە هەر ماڵێکی زیان لێ کەوتوو، بڕیارەکە ئەم خاڵانەی لەخۆدەگرت: 

1- تەواوی کولفەی زیانمەندبوون لە چوارچێوەی کاری لیژنەکانی بەرگریی شارستانی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا دەستنیشانکراون بە گوژمەی 5 ملیار و 500 ملیۆن دینار تاوەکو 6 ملیار دینار دەبێت.

2- لە دوایین ئاماردا 591 خانوو و خێزان زەرەرمەندبوونە کە تەنیا بۆ پێداویستییەکانی ناوماڵی ئەو خانووانەی کەتوونەتە ژێر ئاو، بۆ هەر یەکێک لەو خێزانانە بڕی 3 هەزار دۆلار ( 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار) دیاریکراوە و لە نزیکترین کاتدا ئەو 591 خێزانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هەموویان وەکو یەک ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن.

3- 149 ئۆتۆمبێل لە لافاوەکەدا زەرەرمەندبوون، ئەوانیش لە چوارچێوەی کاری لیژنەکان هەموویان تۆمارکراون و دابەشی سەر سێ گرووپ دەبن.

  • گرووپی A ؛ تەنیا ئەوانەن کە ئاو چووەتە نێو ئۆتۆمبێلەکانیان و زەرەرمەندی کەمن 
  • گرووپی B؛ ئەو کەسانەن کە مامناوەندن و زیانیان لێکەوتووە
  • گرووپی g؛ ئەوانەن کە زیانی زۆریان پێکەوتووە

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنە تایبەتمەندە تەکنیکییەکان زیانەکانی ئەو سێ گرووپە دەستنیشانبکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر 149 ئۆتۆمبێلەکە.

4- 146 خانوو زەرەرمەندبوون لە رووخانی دیوارەکان و سیاج و دەرگا و پەنجەرە و کارەباییات و ئەو بابەتانە، لیژنە تایبەتمەندەکان ئەوانەشیان دیاریکردووە. ئەوەی لە لافاوەکە زەرەرمەند بووە خانووەکانیان بۆ چاکدەرێتەوە.

5- خانووەکانی شاری زێڕین کە 79 خانوون لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا خاوەنی شارەکە کە ئێستا دەستگیرکراوە بەرپرسیاریەتیی چاککردنەوەی خانووەکانی شاری زێڕین لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، قوتابخانە و شەقامەکان کە ئەوانیش زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

6- تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، قوتابخانە و شەقامەکان لە شوێنەکانی دیکە کە زیانیان پێگەیشتووە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چاکدەکرێنەوە.

7- تەواوی رێڕەوەکانی ئاو لەو شوێنانە خاوێندەکرێنەوە و هەرچی زێدەڕۆییە لەو شوێنانەی بوونەتە هۆی ئەوەی رێڕەوە سرووشتییەکانی ئاو بگرن، هەموویان لە ئەمڕۆوە هەڵدەگیرێن و ئەوەش کە پابەند نەبێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەکرێتەوە و دەدرێتە دادگا. نابێت بەهیچ شێوەیەک زێدەڕۆیی بمێنێت چونکە ئەوانە رێڕەوە سرووشتییەکەی ئاویان تێکداوە.

لەگەڵ دروستکردنی قوتابخانەیەک لە گوندی کۆڕێ.

لافاوی مانگی ١٢ـی ٢٠٢١

لە ڕۆژی هەینی ١٧/١٢/٢٠٢١ بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروستبوو کە بەهۆیەوە، بەپێی ئامارەکانی قایمقامی هەولێر کە بە رووداوی داوە، تاوەکوو دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ١١ کەس گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان خەڵکی تورکیا و کەسێکی دیکەش خەڵکی فیلیپینە. یەکێک لەوانەشی گیانی لەدەستداوە بەهۆی لێدانی هەورەبروسکەوە بووە.

ئەم لافاوەش بە دووەم لافاوی هەولێر دادەنرێت کە زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە، ساڵی ٢٠١٨ـش بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە، منداڵێک لە گەڕەکی نەورۆزی شاری هەولێر گیانی لەدەستدا.

ئەو ڕێگایانەی داخران

لە نیوەڕۆدا ڕاگەیەندرا کە ئەم ڕێگایانە داخراون و هاووڵاتیان ناتوانن هاتووچۆی تێدا بکەن:

رێگەی سەرەکیی کۆڕێ - شەقڵاوە
رێگەی سەرەکیی هەولێر - پیرمام
رێگەی سەرەکیی قوشتەپە
رێگەی سەرەکیی فاتاوە
رێگەی سەرەکیی ماوەران - میراوە
 
جگە لە گەڕەکەکانی هەولێر، لە قوشتەپەش لافاو دروستبوو و زیانی دارایی زۆری خستەوە. بەهۆی لافاوەوە لە ناحیەکە ٢٠٠ ئۆتۆمبێل، ١٠٠ ماڵ و ٦٠ دوکان زیانیان بەرکەوت. زۆرترین زیان و قوربانی لە سنووری ناحیەی دارەتوو و قوشتەپە بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە لەو ناوچانە بارانی زیاتر باریوە.

بەهۆی لافاوەکەشەوە بەشەناوخۆییەکانی شەوکەت شێخ یەزدین زیانی بەرکەوت و لە زانکۆی سەڵاحەدین هەفتەیەک کرا بە پشوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەشەناوخۆییەکان.


سەرچاوەکان



1228 بینین