هۆکاری لافاوی شاری هەولێر چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-17-16:55:00 - کۆدی بابەت: 7288
هۆکاری لافاوی شاری هەولێر چییە؟

ناوه‌ڕۆك

لافاوی هەولێر

شاری هەولێر یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و پایتەختییەتی، شارەکە لەڕووی ئاو و ئاوەڕۆوە کێشەی گەورەی هەیە و ئەمەش ساڵانە تووشی لافاو و هەستانی ئاوی دەکات و کێشەی ماددی و مەعنەوی بۆ خەڵکەکەی دروست دەکات و چەند جارێک بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیانی هەولێر و دەوروبەری، لەگەڵ هەزاران زیانی ماددی لە ئۆتۆمبێل و خانوو و کەرەستە و شەقامەکان.

هۆکاری لافاوی هەولێر چییە؟

١- له‌ رووی تۆپۆگرافی و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیی شاری هه‌ولێر، هەولێر بەشێوەیەکە، تاوەکو بەرەو باکوور و باکووری رۆژئاوای شارەکە بڕۆین، به‌رزییه‌كه‌ی له‌ ئاستی رووی ده‌ریاوه‌ زیاتر ده‌بێت و تا ده‌گاته‌ 3 مه‌تر له‌ ئاستی رووی ده‌ریا. له‌ هه‌ندێك شوێنی پارێزگای هه‌ولێر، ساڵانه‌ هه‌زار و ٣٠٠ ملم باران ده‌بارێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان ساڵدا له‌ ناحیه‌ی قوشته‌په‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ ٣٥٠ ملم، هه‌رچی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێریشه‌، ٤٤٢ ملم بارانی لێ باریوه‌، له‌ كاتێكدا، به‌رزیی شاره‌كه‌ له‌ ئاستی رووی ده‌ریا ده‌گاته‌ ٤٢ مه‌تر، ئه‌و داتایه‌ش له‌ ساڵانی 2001 تاكو 2006 تۆمار كراون.

٢- رێژەی گەشەسه‌ندنی شارەکە زۆرە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، کە وای کردووە جۆری زەوییەکە بگۆڕێت، لە جۆری سروشتی بۆ جۆری دیكه‌. بۆ نموونە: کۆنکریت و قیر و... هتد، کە ئەمە وا دەکات ئەو بارانەی دەبارێت، راستەوخۆ کۆببێتەوە و لەسەر زەوی بڕوات. کە لە رابردوودا بەشێکی بارانەکە بە چەند شێوازێک کەم دەبووەوه‌. بۆ نموونە: وەستان لەسەر دارو گەڵا و گژوگیا، هەڵمژینی بەشێکی باران لە لایەن چینی یەکەمی زەوی (خۆڵ).

٣- داخستن، یان بچووککردنەوەی هەموو ئەو کەناڵ و رووبار و رێڕەوە سروشتییە کاتییانەی ئاو، بە هۆی گەورەبوونی شار، ئەمەش وادەکات لەکاتی باران باریندا، ئاو رێرەوی نوێ بۆ خۆی دروست بکات، یاخود لە چەند شوێنێکی دیاری کراو کۆببێتەوە. هەروەها بەشێکی دیكه‌ی ئەم کەناڵ و رووبار و رێڕەوە سروشتییە کاتییانە، لە کاتی باران باریندا، ئاو لە دەرەوەی سەنتەری شار دەگوازنەوە بۆ دەرچەی کۆتایی، بەڵام کە ئێستا بەربەست دروست بووە لە بەردەمیان و رێرەوی نوێش دروست نەکراون، بۆیە ئاوی بارانەکە کێشە دروست دەکات، هەروەکو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت.

٤- سیستەمی ئاوەڕۆی هەولێر کۆنە، تێروتەسەل نییە، (لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە سیستەمەکە لە هەموو شوێنێکی شار نییە و به‌ ته‌واوه‌تی پێکەوە بەستراو نییە)، بە شێوەیەکی زانستی بنیات نەنراوە، چاكکردنەوەی بەردەوامی لەسەر نییە، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، کە خاڵە لاوازەکان دیاری نەکراون، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە، تاوەکو ئێستا شاری هەولێر (IDF)، کێرڤی تایبەت بە خۆی نییە، بۆئەوەی لەسەر ئەم بنەمایە دیزایین بکرێت.

٥- ئەم بەشەی سیستەمی ئاوەڕۆ ناتوانێت ئەو ئاوەی، کە لە ئەنجامی باران باریندا دروست ده‌بێت، بە شێوەیەک بگوازێته‌وه‌، کە (overflow) دروست نەبێت.

٦- نەبوونی هۆشیاریی تەواو لەلایەن هاونیشتمانیان بۆ پاراستن و پاکڕاگرتنی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ، کە زۆربەی جار بۆڕی و مەنهۆڵ و چاڵی وەرگرتن، پڕن لە جۆرەها پیسیی و خاشاک، کە دەبنە بەربەست لەبەردەم جووڵەکردنی ئاو بە شێوەیەکی ئاسایی و خێرا.

رێژه‌ی بارانبارین

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری هه‌ستانی لافاو له‌ سه‌نته‌ری هه‌ولێر، به‌ گوێره‌ی داتای بارانبارینی ساڵانه‌ و مانگانه‌ و رۆژانه‌، له‌ وێستگه‌ی سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ ساڵی 1992 تاكو 2018، رێژه‌ی بارانبارین گۆڕانكاریی زۆر به‌سه‌ردا هاتووه‌.

وه‌ك له‌ داتاكان خراوه‌ته‌ڕوو، ساڵی 2018، زۆرترین رێژه‌ی باران باریوه‌، كه‌ نزیكه‌ی 720 ملم بووه‌، ساڵی 1999ش كه‌مترین رێژه‌ تۆمار كراوه‌، كه‌ ته‌نها 225 ملم بووه‌، زۆرترین بڕی بارانیش، كه‌ له‌ رۆژێكدا، واتا 24 كاتژمێر باریبێت، 103 ملم بووه‌، كه‌ له‌ 3ی شوباتی 2006 بووه‌.

بارانی به‌خوڕ

له‌ نێوان ساڵانی 1992 تاكو 2018، چه‌ندین جار بارانی به‌خوڕ تۆمار كراون، بۆ نموونه‌ (51، 55، 57، 67، 71 و 75 ملم) تۆمار كراون، به‌ڵام له‌ ساڵ و رۆژی جیاوازدا بووه‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌رچاوه‌ و زۆره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بێت شیكردنه‌وه‌ بۆ داتاكانی بكرێت، كه‌ له‌ چ كاتێك و له‌ چه‌ند كاتژمێر باریون.

بارانبارین له‌ كاتژمێرێكدا، له‌نێوان ساڵانی 2008-2018، زۆرترین رێژه‌ تۆمار كراوه‌، كه‌ 6.18 ملم بووه‌ له‌ كاتژمێرێكدا، ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆره‌ و به‌ بارانی به‌ خوڕ و لێزمه‌ پێناسه‌ دەكرێت.

ده‌بێت بزانرێت زۆرترین بڕه‌ باران له‌ كاتژمێرێكدا، چه‌ند به‌رده‌وام بووه‌ و ئه‌و بڕه‌ بارانه‌ چه‌ندی خایاندووه‌. ئه‌و جۆره‌ بارانه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا، هیچیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ كاتژمێرێك.


سەرچاوەکان



1495 بینین