فڕۆکەی بۆمبهاوێژ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-17-22:57:00 - کۆدی بابەت: 7295
فڕۆکەی بۆمبهاوێژ

ناوه‌ڕۆك

فڕۆکەی بۆمبهاوێژ چییە؟

فڕۆکەی بۆمب هاوێژ (بە عەرەبی: قاذفة القنابل، بە ئینگلیزی: bomber) فڕۆکەیەکی سەربازییە کە بۆ خستنەخوارەوەی بۆمب بۆ سەر زەوی یان ئامانجی دەریایی و سەنگەری بەرگری و شار و ناوچەکانی دوژمن و ئامانجگرتنی کارگە سەربازییەکان و ناوەندە ئابوورییەکانی ناو خاکی دوژمن بەکاردێت، هەروەها هەندێک جار لە تاقیکردنەوەی ناوکیش بەکاردەهێنرێت.

جەنگەکان

لە چەندین جەنگدا بەکارهێنراوە، وەک جەنگی جیهانیی یەکەم و جەنگی جیهانیی دووەم، لە ساڵی ١٩٤٠ بۆمبهاوێژە ئەڵمانییەکان بە سەرۆکایەتی هیتلەر هێرشیان کردە سەر شارەکانی بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤیەت و لە ساڵی ١٩٤٤ و ١٩٤٥ـیش بۆمبهاوێژی ئەمریکی و بەریتانی هێرشیان دەکردە سەر شارە ئەڵمانییەکان و زۆرینەی کارگە و پێگە ئابوورییەکانیان وێران کرد هەتاوەکوو ساتەوەختی ڕووخانی بەرلین لە ساڵی ١٩٤٥.

لە جەنگی سارددا پێگەی ئەم فڕۆکانە زۆر گرنگ بوو چونکە پیشەسازی فڕۆکەی سەربازی پلەیەکی زۆر بەرزی بڕیبوو و پەرەیان پێدرابوو و دەیانتوانی بۆمبی ناوکی و بۆمبی هایدرۆجینی هەڵبگرن، وەک فڕۆکەی بی-٥٢ ستراتۆفۆرس. هەروەها لەم ماوەیەدا لە جەنگی کۆریا و جەنگی فێتنامدا بەکارهێنران.

لە جەنگی دووەمی کەنداودا بۆمبهاوێژەکان کە بە چەکی ڕێنیشاندەری لەیزەر بارکرابوون بۆ بۆمبارانکردنی ئامانجەکانی عێراق بەکارهێنران.

پۆلێن بەندی

بۆمب هاوێژەکان بەسەر چوار جۆردا دابەشکراون:

بۆمبهاوێژێکی ستراتیجی: کە لە بنچینەدا دیزاین کراوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی مەودای زۆر بۆ سەر ئامانجە ستراتیجییەکان. بە واتایەکی تر بۆمبەکانیان یان مووشەکەکانیان دەخەنە سەر ئامانجەکانی دوور لە شوێنی شەڕکردن، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ئەو شەڕە هەیە، بۆ نموونە هەڵدەستن بە وێرانکردنی فەرمانە گشتییەکان، پردی سەربازی، یان کارگە سەربازییەکان.

وەک نموونەیەک لە بۆمبهاوێژی ستراتیجی: توپۆلیڤ ٩٥، توپۆلیڤ ١٦٠، بی ٥٢ و ڤیکەرس ڤالیانت.

بۆمبهاوێژی تاکتیکی: فڕۆکەیەکی بچووکترە کە دیزاین کراوە بۆ هێرشی نزیک و ماوەکورت، لە پێناسەی هاوچەرخی خۆیدا هەر فڕۆکەیەک کە بە بۆمبهاوێژی ستراتیجی دانەنرێت، دەبێتە بۆمبهاوێژی تاکتیکی.

هێرشبەری زەمینی: یان "فڕۆکەی پشتگیری نزیک"، فڕۆکەیەکە کە دیزاین کراوە بۆ ئامانجی تاکتیکی لە مەیدانی جەنگ وەک تانک، یاخود سەرباز. بۆ نموونە: سوخۆی ٢٥.

شەڕکەری بۆمبهاوێژ: (هەروەها پێی دەوترێت شەڕکەری تاکتیکی، شەڕکەری هێرشبەر) فڕۆکەیەکی فرەڕۆڵە کە بەلایەنی کەمەوە توانای ئەوەی هەیە لە جەنگی ئاسمانیدا بەشداربێت یان هێرش بکاتە سەر ئامانجی زەمینی، زۆربەیان دیزاین کراون بۆ بەشداریکردن لە کردارەکانی جڵەوگرتنی زەوی (جڵەوگرتنی زەوی: کوشتنی هەر شتێک کە لە مەیدانی جەنگدا دەجوڵێت دوای هێرشکردنە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی زەوی و تەواوبوونی هێرشی سەرەکی).

شەڕکەرە فرەڕۆڵەکان بە شێوەیەکی سەرەکی دیزاین کراون بۆ دروستکردنی فڕۆکەیەک کە بەهۆی سنوورداری بودجەی فڕین، بتوانێت بەشداری لە هەموو ئەرکەکاندا بکات، وەک: ئێف-١٦ فاڵکۆن، میراج ٢٠٠٠، ئێف/ئەی ١٨ هۆرنێت، تۆرنادۆ.

مێژوو

جەنگی جیهانیی یەکەم

هەر لەو ساتەوەی فڕۆکە لە جەنگی جیهانیی یەکەم بەشداری جەنگی کرد فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانیش دەستیان بە ئەرکی خۆیان کردووە، یەکەم خستنەخوارەوەی بۆمبی ئاسمانی لەلایەن ئیتاڵییەکانەوە لە جەنگی عوسمانی و ئیتاڵی لە ساڵی ١٩١٢ بوو. لە ساڵی ١٩١٢دا، فڕۆکەوانی بولگاری (کریستۆ تۆبەراکسێڤیچ) پێشنیاری بەکارهێنانی فڕۆکەی کرد بۆ خستنەخوارەوەی بۆمب لەسەر پێگەکانی عوسمانییەکان. سیمۆن پێترۆڤ بیرۆکەکەی پەرەپێدا و چەندین نموونەی سەرەتایی دروست کرد کە توانای هەڵگرتنی چەندین جۆری بۆمبیان هەیە و لەو مۆدێلانەدا توانای فڕۆکەکەی زیاتر کردبوو بۆ هەڵگرتنی چەکی زیاتر.

لە ١٦ـی تشرینی یەکەمی ١٩١٢ لە ژێر چاودێری کریستۆدا، یەکەم دوو بۆمب لە فڕۆکەوە لە وێستگەی شەمەندەفەری عوسمانی لە ئەدرنە خراونە خوارەوە لەڕێی فڕۆکەی (ئێف ٢ ئەلباترۆس) و فڕۆکەوان ڕادوڵ میلکۆڤ.

دوای چەند تاقیکردنەوەیەک، سیمۆن پێترۆڤ لەسەر دیزاینێکی کۆتایی جێگیر بوو، کە تێیدا دینامیکی هەوایی فڕۆکەکە و شوێنی خستنە خوارەوەی بۆمبەکەی باشترکرد و کلکەکەی خستە سەر شێوەی (X). ئەم وەشانەی دیزاینی کۆتایی بە شێوەیەکی فراوان لە هێرشی ئاسمانی بولگاریا لە گەمارۆی ئەدرنە بەکارهات. پاشان دیزاینەکە و بۆمبەکە بە ئەڵمانیا فرۆشرا بە ناوی "چاتالدزا" (بە ئینگلیزی: Chathaldza، بە بولگاری: Чаталджа) و ژمارەیەکی زۆریان تاوەکوو کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم دروست دەکران. بۆمبەکە ٦ کیلۆگرام بوو و کاتێک بە زەویدا دەیکێشا، کونێکی بە پانی چوار بۆ پێنج مەتر و قووڵی یەک مەتر دروست دەکرد.

هەروەها ئەڵمانییەکان باڵۆنی گەورەیان بە ناوی (زیپێلینز) وەک بۆمبهاوێژ بەکار دەهێنا، کە دەیتوانی بۆمبی پێویست هەڵبگرێت و بپەڕێتەوە بۆ بەریتانیا بۆ بۆمببارانکردنیان. لەگەڵ پەرەسەندنی دیزاین و کەلوپەلی فڕۆکە، هەردوولا فڕۆکەی گەورەیان بە چەندین بزوێنەری جیاواز بەکاردەهێنا بۆ بۆمبارانکردنی ئامانجە ستراتیجییە دوورەکان، بەتایبەتی لە ماوەی شەودا.

زۆربەی ئەو فڕۆکانەی هێڵەکانی پێشەوەی دوژمنیان بۆردومان کرد، فڕۆکەی تاک بزوێنەر و یەک فڕۆکەوان یان فڕۆکەوان و یاریدەرەکەی بوون.

یەکەم بۆمبهاوێژی چوار بزوێنەر (سیکەرسکی لی مۆرۆمیتس)ـی ڕووسی بوو کە لە ساڵی ١٩١٤ دروست کرا و بە سەرکەوتوویی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بەکارهات. بەریتانیاش تاقمێکی بۆمبهاوێژی قورسی دروست کردبوو بۆ بۆمبارانکردنی دڵی پیشەسازی ئەڵمانیا بەڵام پێش بۆمبارانەکە ئاگربەست ڕاگەیەندرا.

جەنگی جیهانیی دووەم

بۆمبهاوێژە کۆنەکان بە جۆرێک لە فڕۆکە دادەنران و زۆرجار وەک شتێکی جیاواز لەوانی دیکە سەیردەکران، ئەمەش بەهۆی بوونی چوار بزوێنەر لە فڕۆکەکە بۆ ئەوەی بتوانێت کێشێکی گونجاو هەڵبگرێت دەبوایە باڵەکانی بزوێنەری زیاتری هەبێت، لە ئەنجامدا، بۆمب هاوێژەکان زۆر گەورەتر بوون لە فڕۆکەیەکی ئاسایی.

لە پێش جەنگی جیهانیی دووەم چەند جۆرێکی فڕۆکە دروست کران وەک: بۆمبهاوێژی قووڵایی کە دەچوونە کرۆکی ئامانجەکە بۆ ئەوەی زۆرترین زیانی لێ بدەن، لەگەڵ فڕۆکەی بۆمبی سووک و مامناوەند و قورس.

لەگەڵ فڕۆکەی بۆمبهاوێژی تۆرپێدۆ کە بەتایبەت بۆ هەڵدانی تۆرپێدۆ دروست کرابوو.

کۆمەڵێکی دیکەیان بە شێوەیەک دروست کرابوون کە بۆ هێرشی زەمینی خێرا و نزیک بگونجێن، بەڵام نەک بە خێرایی فڕۆکە شەڕکەرەکان، هەروەها هەندێکیان چەکی ڕووبەڕوویان لەسەربوو بۆ خۆپارێزی لە شەڕی ئاسمان-ئاسمان.

جەنگی سارد

لە سەرەتای جەنگی سارددا چەمکی بۆمبهاوێژ فڕۆکەیەک بوو کە چەکە ناوەکییەکەی دەخاتە خوارەوە بۆ سەر دوژمن و ڕۆڵی لادەرکردن دەبینێت. لەگەڵ پەرەسەندنی مووشەکەکان، موشەکی ئاراستەکراو دروست بوو کە تێگەشتن لە چەمکی بۆمبهاوێژی شێواو کرد، چونکە فڕین چەندین تایبەتمەندی نوێی تێکەوت وەک فڕین لە بەرزی نەبینراو و خێرایی زۆر بەرز و ماوە درێژ و خۆدۆزینەوە لە ڕاداری دوژمن بووە گرنگترین ئامرازی ستراتیجی داواکراو بۆ ئەو جۆرە فڕۆکەیە.

ئەمە لە هەندێک دیزایندا دیارە، وەک دیزاینی بۆمبهاوێژی (کانبێرا)ـی ئینگلیزی کە توانی خێراتر و بەرزتر لە هاوتاکانی بفڕێت.

موشەکەکانی (زەوی بۆ ئاسمان) مەترسییان بۆ ئەو فڕۆکانە دروست کرد کە لە بەرزایی بەرزدا دەفڕن، بۆیە تاکتیکی فڕینەکە گۆڕا و بوو بە خێرایی زۆر بەرز و فڕینی نزک کە بەم شێوەیە زاڵ دەبوو بەسەر هەموو بەرگرییەکان و لە ڕاداردا دەرنەدەکەوت.

کە موشەکەکان پەرەیان پێدرا، ئيتر پێویستی نەدەکرد بۆمبهاوێژەکان بەسەر ئامانجەکەدا بفڕن بۆ بۆمبارانکردن، بەڵکوو هەر لە دوورەوە بە نزیکبوونەوەیەکی کەم دەیانتوانی مووشەکەکان ئاڕاستە بکەن و بەوەش خۆیان لە بەرگرییەکانی زەوی بپارێزن.

لە کۆتایی جەنگی سارددا، پیشەسازی بۆمبهاوێژەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و بودجەوە تووشی کەمیی بوو و لە بەرانبەردا مووشەکی کیشوەربڕ پەرەی سەند کە بە بالیستیک دەناسرێت، بەم هۆیەشەوە ئەمریکا لە سەرەتای شەستەکان دروستکردنی North American XB-70 Valkyrie ڕاگرت، بەڵام هەریەک لە بی-٢ سپێرت و بی-١ لانسەر دوای گفتوگۆیەکی سیاسی گەورە چوونە خزمەت.

لە ڕووی ڕۆژهەڵاتی جیهانیشەوە، یەکێتیی سۆڤیەتیش وەک ئەمریکا بوو، لە حەفتاکان هەستا بە بەکارهێنانی بۆمبهاوێژی توپۆلیڤ تو-٢٢ی مامناوەند، بەڵام پڕۆژەی ماخ-٣ لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست و نرخی بەرز وەستا.

سەردەمی هاوچەرخ

لە سەردەمی هاوچەرخی ئێمەدا جیاوازی نێوان بۆمبهاوێژ و بۆمبهاوێژی شەڕکەر و فڕۆکەی شەڕکەری هێرشبەر ڕوون بووەتەوە، چەندین فڕۆکەی هێرشبەر - تەنانەت ئەوانەی کە لە شەڕکەران دەچن - دیزاین کراون بۆ خستنەخوارەوەی بۆمب بە توانایەکی زۆر بچووک بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئاسمانیدا.

 لە ڕاستیدا، بۆ ئەوەی شەڕکەرێک یان بۆمبهاوێژێکی شەڕکەر و بۆمبهاوێژێک لە یەکتری جیا بکەیتەوە، پێویستە پرسیار لە مەوداکە بکەیت؛ بۆمبهاوێژەکان فڕۆکەیەکی دوور مەودان کە توانای هێرشکردنە سەر ئامانجەکانیان هەیە لە دڵی خاکی دوژمندا، بەڵام شەڕکەر و بۆمبهاوێژی شەڕکەر مەودایەکی سنوورداریان هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان و بە فڕۆکەیەکی نزیک یان کورت مەودا دادەنرێن. لە ڕاستیدا تەنانەت ئەو پرسیارە وەڵامێکی ڕوونت ناداتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت جیاوازی بکەیت لە نێوان ئەم دوو جۆرەدا، چونکە ئێستا بەهۆی تایبەتمەندی پڕکردنەوەی سوتەمەنی لە ئاسماندا فڕۆکەی مەودا درێژ و کورت نزیک بوونەتەوە لە یەکتری و مەودا کورتەکانیش دەتوانن بە پڕکردنەوەی سوتەمەنی ماوەیەکی درێژتر ببڕن.

نموونەکان

  • B-2 Spirit Stealth Bomber
  • Tupolev Tu-160 / Blackjack
  • B-1B Lancer
  • B-52 Stratofortress
  • Tupolev Tu-22M
  • Tupolev Tu-95 (Bear)
  • Xian H-6
  • Sukhoi Su-24M (Fencer-D)
  • Sukhoi Su-34


سەرچاوەکان



478 بینین