چۆکلێت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-18-22:42:00 - کۆدی بابەت: 7308
چۆکلێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

چۆکلێت (بە ئینگلیزی: chocolate)، (بە عەرەبی: شکولاتة)، بەرهەمێکی خۆراکییە کە لە دەنکی کاکاوی برژاو و هاڕدراو دروست دەکرێت، وەک شیرینی و لە دروستکردنی خواردنەوە هەروەها تامخۆشکردن و ڕووپۆشکردنی چەندین بەرهەمی کێک و شیرینیدا بەکاردێت، لە شێوەی هەویر و لە دۆخی شل و ڕەقدا بەردەستە، دەوڵەمەندە بە کاربۆهیدرات و سەرچاوەیەکی باشی وزەی خێرایە، هەروەها بڕێکی کەم لە هاندەرەکانی ئالکەلۆیدی تیۆبڕۆماین ( بە ئینگلیزی: alkaloids theobromine) و کافایینی تێدایە.

مێژوو

درەختی کاکاو زیاتر لە ٣٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا چێندراوە لەلایەن مێزۆئەمریکییەکانەوە، خەڵکی ئەو ناوچانەی کە کاکاویان لێ چێندراوە بەکاریان هێناوە بۆ دروستکردنی خواردنەوە و زۆرجار لە ئاهەنگەکاندا خواردوویانەتەوە، خەڵکی شارستانییەتی مایا کە شارستانییەکی مێزۆئەمرکییە چۆکلێتییان بە خواردنی خوداوەندەکان داناوە، هەروەها درەختی کاکاویان بە پیرۆز داناوە، هەروەها کاتێک خاوەنشۆکانیان ناشتووە لە ئەو کەلوپەلانەدا کە کردوویانەتە گۆڕەکەیەوە کاکاویشی تێدا بووە، ئیسپانیا کۆنترین وڵاتی ئەوروپا بووە کە چۆکلێتی زیادکردووە بۆ خواردنەکانی، بەڵام بە تەواوی چۆنییەتی ڕوودانی ئەم زیادکردنە نادیارە، بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە کە چۆکلێت لە ساڵی ١٥٤٤ گەیشتووەتە ئیسپانیا لەگەڵ نوێنەرەکانی خەڵکی مایا کە بۆ سەردان چوونەتە ئیسپانیا، کە وەک دیاری لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە لە کاتی سەردانیکردنی شازادە فیلیپ، چۆکلێت شیرینکراوە و تامی پێ بەخشراوە بە تێکەڵکردن لەگەڵ دارچینی و ڤانێلا، هەروەها وەک خواردنەوەیەکی گەرم پێشکەشکراوە و بەتەواوی بەناوبانگ بووە لە ئیسپانیا، چەند ساڵێک دوای ئەوە چۆکلێت لە فەڕەنسا و ئینگلتەرادا ناسرا.
لە ساڵی ١٩٥٧ پیاوێکی فەڕەنسی دووکانێکی کردەوە لە لەندەن کە تیایدا چۆکلێتی ڕەقی دەفرۆشت بۆ دروستکردنی خواردنەوە، بەڵام نرخی گران بوو و تەنها کەسانی سەرمایەدار دەیانتوانی بیخۆنەوە، پاشان لە لەندەن و ئەمستردام و چەند شارێکی دیکەی ئەوروپادا چەندین دووکانی گەورەی تایبەت بە فرۆشتنی چۆکلێت کرانەوە، دواتر هەندێکیان وەک یانەی تایبەتیی بەناوبانگ گەشەیان کرد، نزیکی ساڵی ١٧٠٠ پیاوێکی ئینگلیزی چۆکلێتی پەرەپێدا بە زیادکرنی شیر بۆی، بەهۆی زۆری باج لەسەر هاوردەکردنی دەنکی کاکاو نرخی چۆکلێت تاکوو ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە هەرزان نەبوو، دوای ئەوەی کە هەرزان بوو چۆکلێت بە تەواوی بوو بە خواردنێکی بەناوبانگ.

بەرهەمهێنان

چۆکلێت لە کرۆکی دەنکی کاکاوی برژاوی ترشێنراو دروست دەکرێت، کرۆکی کاکاوەکان دەهاڕدرێت بۆ دروستکردنی هەویرێکی شلی چۆکلێت، دواتر دەکرێت لە قاڵبدا ڕەق بکرێت بۆ دروستکردنی چۆکلێتێکی تاڵی نیمچە ڕەق یان چۆکلێتی وشک (لە دروستکردنی کێک و شیرینیدا بەکاردێت)، یان پەستانی دەخرێتە سەر بۆ کەمکردنەوەی نەرمییەکەی و پاشان هاڕینی بۆ دروستکردنی تۆزی کاکاو (پاودەری کاکاو)، یان تێکەڵدەکرێت لەگەڵ شەکر و کاکاوی چەور بۆ دروستکردنی چۆکلێتی شیرین (ئامادەیە بۆ خواردن)، چۆکلێتی شیر بە زیادکردنی شیری وشک یان خەست بۆ چۆکلێتی شیرین دروست دەکرێت، چۆکلێتی سپی بە پڕتامی و بۆنە نەرمەکەی بەرز نرخێنراوە، بەڵام بە شێوەیەکی تەکنیکی چۆکلێت نییە، چۆکلێتی سپی لە هەویری کاکاو و شیر و شەکر و تامی وەک ڤانێلا دروست دەکرێت.

جۆرەکان

چۆکلێت دەتوانرێت بکرێت بە چەند جۆرێکی جیاوازەوە وەک: پوخت، چۆکلێتی تاڵ کە زۆرجار پێی دەوترێت (چۆکلێتی کێک)، زۆربەی ئەو چۆکلێتانەی لە ئێستادا بەکاردێن لە جۆری چۆکلێتی شیرینن، کە تێکەڵەیەکە لە چۆکلێت و شەکر، جۆرە سەرەکییەکانی چۆکلێت بریتیین لە:

چۆکلێتی شیر

چۆکلێتی شیر چۆکلێتێکی شیرینە کە شیری وشک یان شیری خەستی تێدایە، لە بەریتانیا و ئێرلەندا چۆکلێتی شیر دەبێت بە لایەنی کەمەوە ٢٠٪ لە کاکاوی وشک پێک بێت.

چۆکلێتی سپی

چۆکلێتی سپی پێکهاتەی وەک چۆکلێتی شیر وایە و هیچ لەو کاکاوە وشکەی تێدانییە کە بەرپرسە لە ڕەنگی تۆخی چۆکلێت، بەپێی ستاندارد چۆکلێتی سپی دەبێت لە تێکەڵەیەکی هەویری کاکاو (کاکاوی چەور) و شیری وشک و تام شیرینکەر و چەند پێکهاتەیەکی دیکەی گونجاو و سەلامەت، بەڵام نابێت کاکاوی ناچەوریی تێبکرێت.

چۆکلێتی ئاسایی

چۆکلێتی ئاسایی بە زیادکردنی چەوری و شەکر بۆ تێکەڵەی کاکاو دروست دەکرێت، لە زۆربەی شوێندا پێی دەوترێت چۆکلێتی شیرین، نزیکەی ٪٣٥ لە کاکاوی وشککراوە پێکدێت، تاکوو ڕێژەی کاکاوی وشک تیایدا زۆربێت تامی تاڵتر دەبێت، چۆکلێتی نیمچە شیرین بریتییە لە چۆکلێتی ئاسایی کە ڕێژەیەکی کەمی شەکری تێدایە، چۆکلێتی تاڵ و شیرین چۆکلێتی شلە کە هەندێک شەکری تێدایە (بە گشتی ١/٣ شەکرە) و ڕێژەی کاکاوی چەور و ڤانیلای زیاتر تێدایە، شەکری کەمتر و هەویری کاکاوی زیاترە لە شەکری نیمچە شیرین.

چۆکلێتی تاڵ

چۆکلێتی تاڵ هەویرێکی پوختی چۆکلێتە کە پێشی دەوترێت چۆکلێتی شیرین نەکراو یان چۆکلێتی کێک، پێکدێت لە دەنکی پوختی کاکاوی برژاو کە هاڕدراوە و تامێکی بەهێزی قووڵی چۆکلێتی هەیە، بە شێوەیەکی ئاسایی لە دروستکردنی کێک و شیرینی و ئەو بەرهەمانەدا بەکاردێت کە شەکریان تێدایە.

بەکارهێنان

قاڵب

چۆکلێت لە شێوەی لە قاڵبدراودا پێکهاتەیەکی ڕەقی هەیە لە ڕووی فیزیاییەوە، کە بە شێوەی چۆکلێتی ئاسایی و شیر و سپی بوونی هەیە، هەندێک لەو قاڵبانەی کە زۆربەی زۆریان لە چۆکلێت پێک دێت لەگەڵ پێکاتەی دیکەی وەک چەرەسات و مێوژ و کارامێلدا تێکەڵدەکرێن، هەروەها چۆکلێت وەک پێکهاتەیەک لە دروستکردنی چەندین جۆری جیاوازی شیرینی لە قاڵبدراودا بەکاردێت.

داپۆشەر و پڕکەر

چۆکلێت وەک بەرهەمی تامخۆشکەر بەکاردێت لە زۆربەی شیرینییەکاندا، وەک کێکی چۆکلێت و چەندین جۆری دیکەی شیرینی، هەندێک جۆری نوقڵ و سووکەژەمیش چۆکلێتیان تێدایە، نموونە بۆ پڕکەر وەک (M&M's) و داپۆشەر وەک کێکی داپۆشراو بە چۆکلێت.

خواردنەوە

هەندێک جۆری خواردنەوە ناحکولییەکان چۆکلێتیان تێدایە وەک: چۆکلێتی شیر و چۆکلێتی گەرم و چۆکلێتی میڵکشەیک، هەندێک جۆری خواردنەوەی کحولیش چۆکلێتییان تێدایە، چۆکلێت تامێکی بەناوبانگە لە ئایسکرێم و هەندێک جۆری نوقڵدا، قاوەی کافێ مۆکا جۆرێکی ئێسپرێسۆیە کە چۆکلێتی تێدایە.


سەرچاوەکان



1074 بینین