سادیزم

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-24-19:16:00 - کۆدی بابەت: 7371
سادیزم

ناوه‌ڕۆك

سادیزم چییە؟

سادیزم (بە ئینگلیزی: Sadism) جاران بە نەخۆشییەکی دەروونی لەقەڵەمدەدرا، بەڵام ئێستا زیاتر وەک شێواز یان لادانێکی کەسایەتییە. لەکاتێکدا هەمووان خۆیان بەدوور دەگرن لەوەی کەسانی تر ئازار بدەن و هەست بە تاوان دەکەن لەو بارەیەوە جا چ بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست. بەڵام سادیزم بریتییە لە چێژ وەرگرتن لە ئازاردان، سووکایەتی پێکردن و شکاندنی جەستەیی، دەروونی و سێکسی کەسانی دیکە. ڕێژەی چێژ وەرگرتنەکەش بەند دەبێت لەسەر ئاستی ئازار چەشتنی کەسە قوربانییەکە بەهۆی ڕەفتارە شەڕانگێزییەکەی کەسە سادییەکە. سادیزم پێچەوانەی ماسۆشیزمە و وشەی سادیزم لە ناوی نووسەری فەرەنسی مارک دی ساد (بە ئینگلیزی: Merquis De Sade 1740 - 1841) وەرگیراوە کە بۆ یەکەمجار ئاماژەی بەم نەخۆشییە کرد. 

کەسایەتیی سادی

کەسایەتیی سادی (بە ئینگلیزی: Sadiastic) لەناو پۆلێنکردنە کۆنەکانی تێکچوونە کەسایەتییەکان هەبووە و ئێستا بە ڕەوشێکی کەسایەتی دادەنرێت.
کەسانی سادی، کۆمەڵێک جیاکەرەوەیان هەیە کە دڵڕەق، کەللـەڕەق، دڕ، تووندوتیژ، تۆقێنەر، سوکایەتی پێکەر و شەڕانگێزن. حەز بە ئازاردانی کەسانی تر دەکەن و چێژی لێ وەردەگرن، تەنانەت چێژ لەوەش وەردەگرن کە ببینن کەسێک لەلایەن کەسێکی ترەوە ئازار دەدرێت.
لە دەستنیشانکردن و ئاماری نوێدا سادیزمی سێکسی بە نەحۆشییەکی دەروونی هەژمار دەکرێت کە بریتیە لە ورووژان و خرۆشانی دووبارەبووەوەی سێکسی بە ئازاردانی کەسانی تر. بۆ نموونە چێژ وەردەگرن لەوەی لەکاتی سێکسکردن، کەسی بەرامبەریان ئازار بدەن.

چوار جۆرەکەی سادیزم

بە گشتی کەسایەتیی سادی لە یەکێک لە چوار جۆرەکەی سادیزم دەبن، ئەوانیش:

سادیزمی هەڵچوو (بە ئینگلیزی: Explosive sadist): ئەم کەسانە کاتێک هەست بە بێ ئومێدی دەکەن لە ژیانیان یان هەست بە شەمەزاری و بێ هیوایی دەکەن، ئەوا جڵەو لەدەست دەدەن و ڕەفتاری تووندوتیژ و  تۆڵەسەندنەوەی بێ بنەما بەرانبەر کەسانی تر لە ناخیاندا سەر هەڵدەدات. ئەم تووندوتیژییە لە کاتی هەڵچوون و هێرشی ترسناک بۆ سەر ئەوانی تر دەردەکەوێت، بەتایبەتی بۆ سەر ئەندامانی خێزان.

سادیزمی ستەمکار (بە ئینگلیزی: Tyrannical sadist): ئەم جۆرەیان ترسناکتر و تووندوتیژترە لە جۆری یەکەم، ئەمانە لە هەڕەشەکردن و ترساندن و چەوساندنەوە و ئازاردانی کەسانی تر چێژ و خۆشی وەردەگرن و ڕەفتاری وەحشیگەرانە ئەنجام دەدەن. ناچارکردنی قوربانییەکان بەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، ملکەچ ببن و بترسن، چێژێکی زۆریان پێ دەبەخشێت. زۆرجار حەز دەکەن خۆیان بشارنەوە لە چاوی کەسانی تر بۆ ئەنجامدانی ئەو ئارەزووانەیان کە نایاسایین.

سادیزمی ناچارکەر (بە ئینگلیزی: Enforcing sadist): ئەم جۆرە زیاتر لەناو پاسەوانانی سەربازی، ڕاگری زانکۆکان، چاودێرانی زیندان و ئەفسەرانی پۆلیس یان هەر کەسێکی تری کاربەدەستدا باوە، کە وا هەست دەکەن پێویستە ئەو کەسە بن کە جڵەوی بەدەست بێت و ئەو کەسانە سزا بدات کە یاسا و ڕێساکانیان شکاندووە. هەرچەندە ئەوان لەو باوەڕەدان ئەم کارانە بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەکەن، بەڵام ڕاستییەکەی پاڵنەری قوڵتری لە پشتەوەیە و کاتێک بەدوای کەسانی یاساشکێندا دەگەڕێن هەوڵ دەدەن تووندترین سزایان بدەن و چێژی لێ وەردەگرن.

سادیزمی لاواز (بە ئینگلیزی: Spineless sadist): ئەم جۆرەیان تەواو جیاوازە لە جۆرەکانی تر، بەوەی ئەم کەسانە لە ناخیاندا زۆر ترسنۆک و نائارامن، لەکاتی هەست کردن بە بوونی مەترسی دەست بە خەیاڵە شەڕانگێزەکانیان دەکەن و سەرەتا هێرش دەکەن، بەهیوای ئەوەی کە سەرەتا پێش بە دوژمنەکەیان بگرن و دواتر پرسیار بکەن. ئەم کەسانە هێرشی شەڕانگێز بەکار دەهێنن تا بەوانی تر بڵێن کە ترسنۆک نین. بەم شێوەیەش دەتوانن جڵەوی هەستەکانی ناخیان بکەن و بەتەواوی پێچەوانەی ئەو هەستانە خۆیان پیشان بدەن. ئەمانە بەدوای کەسانی وەکوو خۆیاندا دەگەڕێن کە بەهۆی کاری خراپەوە لۆمە کرابن، بۆ ئەوەی ببن بە دەستەیەکی هێرشبەر و ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات ئەو هێرشانە بکەن کە لە ناخیاندا هەیە و نکۆڵی لێ دەکەن.

چارەسەری سادیزم 

سادیزم دەکرێت لەڕێی چارەسەرە دەروونییەکانەوە یاخوود دەرمان چارەسەر بکرێت، بەتایبەتیش جۆری چارەسەری دەروونی هزریی ڕەفتار دەکرێت یارمەتیدەر بێت.


سەرچاوەکان



2166 بینین