چای ڕەش و سوودەکانی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-27-15:29:00 - کۆدی بابەت: 7405
چای ڕەش و سوودەکانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چا دووەم زۆرترین خواردنەوەی بەکارهێنری جیهانە لەدوای ئاو. هەموو جۆرەکانی چا لە ڕووەکی کامیلیا سینێنسس (بە ئینگلیزی: Camellia sinensis) دروست دەکرێن، بەڵام ڕێگەی جیاوازی دوورینەوە و ئامادەکردنی ڕووەکەکە جۆری جیاوازی چا بەرهەم دەهێنێت.

چای ڕەش دوای دوورینەوەی ڕووەکی کامیلیا بە پڕۆسەکانی سیسکردن، کووتانەوە، تۆپەڵکردن و ئۆکساندندا دەڕوات.
پڕۆسەی ئۆکساندن کاتێک ڕوودەدات کە گەڵاکانی ڕووەکەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لەبەر هەوا دادەنرێن. ئەنزیمەکان ماددە کیمیاییەکانی ناو گەڵاکان تێکدەشکێنن ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی ڕەنگی قاوەیی و بۆنە باوەکەی چای ڕەش.

پڕۆسەی دروستکردنی چای سەوزیش بەهەمان شێوەیە بەڵام کردەی ئۆکساندنی بەسەردا نایەت. کردەی ئوکساندن هەندێک سوودی خۆراکی دەدات بە چای ڕەش کە لە چای سەوزدا نییە. بۆ نموونە سوودی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە، دڵ دەپارێزێت لە نەخۆشیی ڕەقبوونی بۆڕییەکانی خوێن و یارمەتیی تەندروست مانەوەی پەستانی خوێن دەدات.

سوودەکانی چای ڕەش

بەگوێرەی کۆمەڵەی چای ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەساڵی ٢٠١٨، چای ڕەش ڕێژەی خواردنەوە و بەکارهێنانی ٨٥٪ بووە لەنێو جۆرە جیاوازەکانی چادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

چای ڕەش دەکرێت سوودەکانی هاوشێوەی چای سەوز ببێت، بەڵام بەهۆی بوونی ماددەی دژەئۆکسانەکان تێیدا، توێژینەوەی تایبەتی لەسەر کراوە کە چۆن کردەی ئۆکساندنی چای ڕەش سوودی تەندروستیی بۆ مرۆڤ دەبێت.

ئەوەی زۆر جێی سەرنجە لە چای ڕەشدا، بوونی ماددەی دژەئۆکسانەکانە تێیدا کە شەڕ دەکەن دژی تەنۆلکە سەربەستەکان لە لەشی مرۆڤدا. تەنۆلکە سەربەستەکان (بە ئینگلیزی: Free radicals)، گەردیلەی ناجێگیرن لە لەشدا کە بەهۆی کردە سروشتییەکانی جەستە و پەستانی ژینگەیی دروست دەبن. 

لەش بە شێوەیەکی ئاسایی دەتوانێت تەنۆلکە سەربەستەکان لەناو ببات، بەڵام کاتێک ڕێژەی ئەو تەنۆلکانە زۆر دەبێت ئەوا دەتوانن زیان بە خانەکان بگەیەنن و خانەکان تووشی گۆڕان بکەن، ئەم گۆڕانانەی خانەش جێی مەترسین و دەبنە هۆی تووشبوونی چەندین نەخۆشی وەکوو ڕەقبوونی بۆڕییەکانی خوێن (بە ئینگلیزی: Atherosclerosis) و چەند جۆرێکی شێرپەنجە.

دژەئۆکسانەکان دەتوانن یارمەتیدەر ببن لە لەناوبردنی تەنۆلکە سەربەستەکان، چاش یەکێکە لە سەرچاوەکانی دژەئۆکسانەکان. ڕاستییەکەی توێژینەوەکان دەریان خستووە کە ئاوێتەکانی فینۆڵ کە کاریگەری دژەئۆکسانیان هەیە، نزیکەی ۳۰٪ـی کێشی وشکی چای سەوز و چای ڕەش پێک دەهێنن.

دژەئۆکسانەکانی چای ڕەش جیاوازن لە دژەئۆکسانەکانی چای سەوز، بەهۆی کردەی ئۆکساندنەوە. چای سەوز بە گشتی لە کاتێکینەکان (بە ئینگلیزی: Cathecins) پێکدێت، لەماوەی کردەی ئۆکساندندا لە چای ڕەش، ئەم ماددەیە دەگۆڕێت بۆ تیاروبیجنەکان (بە ئینگلیزی: Thearubigins)، تیافلایڤنەکان (بە ئینگلیزی: Theaflavins) و فلاڤۆنۆڵەکان (بە ئینگلیزی: Flavonols). بوونی ئەم ماددانەش سوودی جیاواز دەدەن بە چای ڕەش وەک لە چای سەوز. کە ئەم سوودانەش بریتین لە:

ڕێگری کردن لە ڕەقبوونی بۆڕییەکانی خوێن

ڕەقبوونی خوێنبەرەکان یان ڕەقبوونی بۆڕییەکانی خوێن (بە ئینگلیزی: Atherosclerosis) بریتییە لە دروستبوونی چینێک لە تۆپەڵەی خوێن لە دیواری خوێنبەرەکاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشیی خوێنبەری تاجیی دڵ (بە ئینگلیزی: Coronary heart disease)، جەڵتەی مێشک (بە ئینگلیزی: Stroke) و نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە (بە ئینگلیزی: Chronic kidney disease). کە تەنۆلکە سەربەستەکان دەکرێت ببنە هۆکاری ئەم حاڵەتانە.
توێژینەوەیەکی هامستەر لە ساڵی ٢۰۰٤ـدا دەری خستووە کە وەرگرتنی بڕێکی گونجاو لە چای ڕەش یان سەوز دەتوانێت ڕێگری لە ڕەقبوونی بۆڕییەکانی خوێن بکات. هەروها توێژینەوەیەک دەری خستووە کە خواردنەوەی ڕۆژانەی سێ کوپ چای ڕەش یان زیاتر ڕێگری دەکات لە نەخۆشیی خوێنبەری تاجیی دڵ. 

توێژینەوەیەکی بە هەڕەمەکی ڕێکخراو دەری خستووە کە خواردنەوەی چای ڕەش بۆ ماوەی ١٢ هەفتە، ئاستی چەوریی سیانەگلیسراید (بە ئینگلیزی: Triglyceride)ـی بە ڕێژەی ٣٦٪ کەمکردووەتەوە، ئاستی شەکرەی خوێنی بە ڕێژەی ١٨٪ کەمکردووەتەوە و ڕێژەی چەوری خراپ بۆ چەوری باش (بە ئینگلیزی: LDL/HDL plasma ratio)ـی لە پلازمادا بە ڕێژەی ١٧٪ کەمکردووەتەوە.
هەروەها توێژینەوەیەک لە ٢٠١٤ـدا دەری خستووە کە ئەو کەسانەی ڕۆژانە چوار کوپ چای ڕەش دەخۆنەوە مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک کەمترە.

کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجە

دۆزینەوەکانی پەیمانگای نەتەوەییی شێرپەنجە (بە ئینگلیزی: National Cancer Institute) دەریان خستووە پۆلیفۆنەڵەکان کە لە چادا بوونیان هەیە مەترسیی گەشەکردنی لوو یان گرێ کەمدەکەنەوە. بەتایبەتیش چای ڕەش مەترسیی شێرپەنجەی مەمک، پێست، سییەکان و پڕۆستات کەمدەکاتەوە. توێژینەوەیەک دەری خستووە کە چای ڕەش یارمەتیدەرە لە زاڵبوون بەسەر بڵاوبوونەوەی گرێ هۆڕمۆنییەکانی شێرپەنجەی مەمک. 

کەمکردنەوەی پەستانی خوێن

لە تۆێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٥ـدا دۆزراوەتەوە کە چای ڕەش دەتوانێت خاوبوونەپەستان و گرژبوونەپەستانی خوێن کەمبکاتەوە. 
هەروەها خواردنەوەی چای ڕەش دەتوانێت کاریگەریی ژەمی پڕ چەوری لەسەر پەستانی خوێن پووچەڵ بکاتەوە. ئەم کاریگەرییە سەرەڕای بوونی ماددەی کافایینە لە چادا، بەڵام توێژینەوەی زیاتر پێویستن بۆ دووپاتکردنەوەی ئەنجامەکان. 
لەلایەکی ترەوە خواردنەوەی چا یەکێکە لە ستراتیجییەکانی ڕێکخستنی فشار کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستن و کەمکردنەوەی پەستانی خوێن. 

ڕێگری کردن لە شەکرە

هەندێک توێژینەوە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە چای ڕەش مەترسیی شەکرە کەم دەکاتەوە. هەروەها لە توێژینەوەیەکدا کەسانی تووشبوو بە شەکرەی جۆری دوو، بڕی جیاوازیان لە چای ڕەش خواردەوە بۆ ماوەی چوار هەفتە. توێژەرەوەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کەوا خواردنەوەی ڕێکوپێکی چای ڕەش کاریگەریی دژەئۆکسان و دژەهەوکردنی هەیە بۆ کەسانی تووشبوو بە شەکرەی جۆری دوو. 
چای ڕەش هاندەرێکی زۆر باشی ئەنسۆلینە لە لەشدا کە ڕێگری لە تووشبوون بە شەکرە دەکات. بەپێی توێژینەوەکان چالاکی ئەنسۆلین بە هۆی خواردنەوەی چای ڕەش و پێکهاتەکانی، ١٥ هێندە زیادی کردووە. توێژەرەوەکان دەریان خستووە کە کاتێکینەکان (بە ئینگلیزی: Cathecins) بەرپرسن لە زیادکردن و هاندانی چالاکی ئەنسۆلین، بە تایبەتیش ئێپیگالۆکاتێکین گالەیت (بە ئینگلیزی: Epigallocatechin gallate)

باشترکردنی سەرنجدان و توانای مێشک

چای ڕەش کافایین و ترشە ئەمینییەکی بەناوی ئێڵ-تیاناین یان لیڤۆ-تیاناین (بە ئینگلیزی: L-theanine) تێدایە، کە توانای سەرنجدان و ئاگایی زیاد دەکەن.

لیڤۆ-تیاناین چالاکی ئەلفا (بە ئینگلیزی: Alpha activity) لە مێشکدا زیاد دەکات کە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی مێشک و سەرنجدانی باشتر. هەر لەبەر ئەوەشە کە خواردنەوەی چا وزیەکی جێگیرترت دەداتێ بە بەراورد بە خواردنەوە کافایینیەکانی تری وەکوو قاوە.

سوودەکانی تر

توێژینەوەکان دەریان خستووە کەوا چای ڕەش دەتوانێت یارمەتی چڕیی ئێسک بدات، مەترسیی هەڵئاوسانی جومگەی ڕۆماتیدی (ڕۆماتیزم) (بە ئینگلیزی: Rheumatoid arthritis) کەمدەکاتەوە و ڕێگریش دەکات لە نەخۆشی پارکینسۆن. هەروەها چای ڕەش یارمەتی پاراستنی تەندروستیی هەناو دەدات بەهۆی هاندانی گەشەی بەکتریا سوودبەخشەکانی هەناو و ڕێگریکردن لە گەشەی بەکتریا زیانبەخشەکان، ئەمەش بەهۆی بوونی ماددەی پۆلیفینۆڵەوەیە.


ماددە خۆراکییەکانی چا

پەیمانگای نەتەوەییی شێرپەنجە دەری خستووە کە چا ئەم ماددە خۆراکییانەی تێدایە:

  • ئەلکالۆیدەکان، کە بریتین لە کافایین، تیۆفیلین و تیۆبڕۆماین
  • ترشە ئەماینییەکان
  • کاربۆهایدرەیت
  • پڕۆتینەکان
  • کلۆرۆفیل
  • فلۆراید
  • ئەلەمنیۆم
  • ماددە کانزایی و کانزا دەگمەنەکان
  • ئاوێتە ئەندامییە هەڵچووەکان، کە بەرپرسن لە تام و بۆنی چا 

تایبەتمەندیی دژەئۆکسانی چای ڕەش بەهۆی بوونی ماددەی پۆلیفینۆڵە تێیدا (بە ئینگلیزی: Polyphenol)، پۆلیفینۆڵەکان ئەو ئاوێتانەن کە ڕووەک لە تیشکی سەرووبنەوشەیی و زیندەوە زینبەخشەکانی هۆکاری نەخۆشی دەپارێزن. 

فلاڤۆنۆیدەکان جۆرێکن لە ماددەی پۆلیفینۆڵ، هەروەها لە ترێ، شەرابی سوور و خواردنی تریشدا هەن.

تایبەتمەندیی دژەئۆکسانی ماددەی پۆلیفینۆڵ، لەش دەپارێزێت لەو گۆڕانانەی کە دەبنە هۆی نەخۆشی. 

ڕێنوێنی بۆ پێشکەشکردنی چای ڕەش

چا جگە لەوەی وەک خواردنەوەیەکی سەرەکی ڕۆژانە بەکاردێت. دەکرێت لە دروستکردنی خواردنیشدا بەکار بێت بۆ نموونە وەک شلەیەکی کوڵاندن لەجێی ئاو بەکاردێت، ئەمەش بۆن و بەرامی چا دەدات بە خواردنەکە.

خواردنەوەی چای ڕەش ڕێگەیەکی تەندروستە بۆ دەستکەوتنی بڕی ڕۆژانەی پێویست لە کافایین. چا کالۆرییەکەی کەمە بەتایبەتیش ئەگەر شەکری بۆ زیاد نەکرێت.

ڕێگەکانی بەتامکردنی چا بەبێ زیادکردنی شەکر بریتین لە:


سەرچاوەکان

923 بینین