شیردان لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-30-19:50:00 - کۆدی بابەت: 7442
شیردان لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێک کات دایکێک کاتێک شیری خۆی دەدات بە منداڵەکەی دووبارە دەزانێت کە دووگیان بووەتەوە، لێرەدا گرنگە دایکەکە زانیاری هەبێت بۆ پاراستنی تەندروستی خۆی و منداڵەکەی و منداڵەکەی ناو سکی.

ماوەی دووگیانی و شیردان

دایکی دووگیان دەتوانێت شیر بدات بە منداڵەکەی و کێشەیەکی وای بۆ دروست نابێت و دەکرێت هەندێک جار دایکەکە تووشی گرژبوونی منداڵدانی ببێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی لەبارچوون و منداڵبوونی پێش وەختە بۆیە مایەی نیگەرانی نییە، تەنها لە چەند حاڵەتێکدا دایکەکە ناتوانێت لەماوەی دووگیانیدا شیر بدات بە منداڵەکەی و لە کاتی بینینی ئەم نیشانانەدا دایکەکە ئەگەر شیر دەدات، دەبێت بە زووترین کات شیردانەکە بوەستێنێت و پەیوەندی بکات بە پزیشکەوە ئەوانیش:

  • ئەگەر دووگیانییەکەت مەترسیدارە یاخود ئەگەری ڕوودانی منداڵبوونی پێش وەختەت لەسەرە.
  • ئەگەر دووگیانیت بە دوو منداڵەوە.
  • ئەگەر پزیشک پێی وتوویت کە نابێت لەماوەی دووگیانیدا جووتبوون ئەنجام بدەیت.
  • ئەگەر خوێنبەربوونت هەیە و ئازاری منداڵدانت هەیە.

کێشەکانی شیردان لەماوەی دووگیانیدا

بەگشتی شیردان لەماوەی دووگیانیدا بێ زیانە تەنها لە چەند حاڵەتێکی تایبەتدا نەبێت، واتە دایک دەتوانێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی تاکوو منداڵەکەی دیکەشی دەبێت و بە هەمان شێوە دەتوانێت شیر بە هەردووکیان بدات، واتە شیردان بە دوو منداڵ لە یەک کاتدا، هەڵبەتە ئەگەر منداڵی یەکەم پێویستی پێی هەبێت و کاتی تەرککردنی شیری نەهاتبێت، بەڵام لەوانەیە ئەم شیردانە لەو ماوەیەدا ئەم چەند کێشەیەی هەبێت ئەوانیش:

  • زیادبوونی دڵتێکچوون.
  • ئازاری گۆی مەمک بە هۆی زۆر گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە.
  • ماندوویەتی، بەڵام دووگیانی خۆی ماندوویەتی لەگەڵدایە و ناکرێت هۆکاری ئەم جۆرە ماندوویەتییە بگەڕێنێتەوە بۆ دووگیانی دایکەکە.

 گرتنەوەی شیر لە منداڵەکەت لەماوەی دووگیانیدا

لە دوای ئەوەی سکەکەت ٥ مانگی تێپەڕاند وردە وردە لەوانەیە شیرت کەم بکات و بە پێی پێویست نەبێت و منداڵەکە خۆی لێی بێزار ببێت، بە تایبەت ئەگەر لە تەمەنێکدا بێت کە بتوانێت جگە لە شیر خواردنی دیکەش بخوات ئەوا هەوڵ دەدات جێگای شیرەکە بە خواردنەکان پڕ بکاتەوە، بەڵام هەندێک منداڵی دیکە هەن کە زۆر قورسە بتوانن واز لە شیری دایک بهێنن، گرنگە دایکەکە زۆر ئاگاداربێت لەو بڕیارەی کە دەیدات ئایا منداڵەکەی لە شیر دەبڕێتەوە یاخود نا چونکە ئەمە ڕاستەوخۆ کایگەری دەخاتە سەر باری تەندروستی جەستەیی و ڕۆحی خۆی منداڵەکەشی.

ئایا دووگیانی کاریگەری دەخاتە سەر شیری دایکەکە؟

ئەو هۆڕمۆنانەی کە بەهۆی دووگیانییەکەوە دەردەدرێن لەوانەیە کەمێک تامی شیرەکە بگۆڕن، هەر بۆیە هەندێک لە منداڵان بەهۆی گۆڕانی تامەکەیەوە واز دەهێنن لە خواردنی شیرەکە و یاخود بەهۆی گۆڕانکاری گۆی مەمکەوە گرتن و مژینی مەمکەکەیان لەلا قورستر دەبێت و ئەمەش هۆکارێکی ترە کە حەزیان بۆی نەمێنێت.

ڕێنوێنی بۆ خواردنی خۆراک لە کاتی شیردان لەماوەی دووگیانیدا 

گرنگە ئەو دایکانەی کە دووگیانیشن و شیریش دەدەن خواردنی باشتر و وزەبەخشتر بخۆن، کالۆریی پێویست بۆ جەستەت بەندە لەسەر تەمەنی منداڵە شیرە خۆرەکەت، ئەگەر لەگەڵ شیرەکەی تۆشدا خواردنی دیکەش دەخوات ئەوا ڕۆژانە پێویستت بە ٥٠٠ کالۆری زیاتر دەبێت، ئەگەریش تەمەنی کەمترە لە ٦ مانگ پێویستت بە ٦٥٠ کالۆری زیاتر هەیە.
هەروەها پێویستت بە ٣٥٠ کالۆری زیادە هەیە لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا و ٤٥٠ـا کالۆریش لە سێ مانگی سێیەمدا، ئەگەر لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا بەهۆی حاڵەتی دڵتێکچوونەوە زۆر خواردنت بۆ ناخورێت ئەوا دڵگران مەبە چونکە لە سێ مانگی یەکەمدا پێویستت بە کالۆری زیاتر نابێت.


سەرچاوەکان



2691 بینین