کۆبی برایانت

له‌لایه‌ن: - ئاکۆ محەمەد - به‌روار: 2021-12-30-21:22:00 - کۆدی بابەت: 7444
کۆبی برایانت

ناوه‌ڕۆك

کۆبی برایانت کێیە؟

ناوی تەواوی (کۆبی بین برایانت Kobe Bean Bryant)ـە، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ یاریزانی یاری باسکە بووە، و لەو بیست ساڵەدا پێنج جار بووەتە پاڵەوانی NBA لەگەڵ یانەی لۆس ئەنجلس لەیکەرز، نازناوی ماری ڕەش Black Mamba پێدرابوو، کۆبی بۆ هەمیشە وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی باسکە دەمێنێتەوە، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە ژیانی وەرزشییدا پێشکەشی کردووە، لەدوای مردنی و لە ساڵی ٢٠٢٠ ناوی چووە هۆڵی یادەوەریی نەیسمیثەوە بۆ کەسایەتییە بەناوبانگەکانی باسکەوە کە دەکەوێتە ویلایەتی ماسەشوستس، لە هەمان ساڵدا ناوی چووە هۆڵی وەرزشوانە ناودارەکانی فیلادلفییاوە.

کۆبی برایانت لە ٢٣/٨/١٩٧٨ لە شاری فیلادلفیای سەر بە ویلایەتی پەنسلڤانیا لەدایکبووە، بە ناوی شارێکی یابانەوە ناونراوە "برایانت"، جۆی جیڵی برایانت Joe Bryantـی باوکیشی پێشووتر یاریزانی NBA بووە، دایکی ناوی پامێلا برایانت Pamela Bryant بووە، و خاوەنی دوو خوشک بووە بە ناوەکانی شایا Shaya Bryant و شاریا برایانت Sharia Bryant، کۆبی لە ساڵی ٢٠٠١ هاوسەرگیریی لەگەڵ ڤانێسا لەین Vanessa Laineـی ١٩ ساڵدا کرد و پێکەوە بوونە خاوەنی چوار کچ بوون، لە ٢٦/١/٢٠٢٠ لە شاری کالاباساسی سەر بە کالیفۆرنیا کۆچی دوایی کرد.

ژیانی کۆبی برایانت

سەرەتای ژیانی لە ئیتاڵیا ژیاون بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی پێش لەدایکبوونی ئەم گواستوویانەتەوە بۆ ئیتاڵیا و لەوێ ژیاون، دوای ئەوەی گەڕاونەتەوە فیلادلفیا چووەتە یانەیەکی باسکە بە ناوی Lower Merion High School basketball team و بۆ چوار ساڵی یەکبەدواییەک سەرکردایەتیی تیپەکەی کردووە ببێتە پاڵەوان، لەو یانەیە چەندینجار خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی وەرگرتووە و ڕیکۆردی یاریزان ویڵت چامبەرلەین Wilt Chamberlaim ی شکاند بۆ تۆمارکردنی زۆرترین خاڵ لە لە باشووری خۆرهەڵاتی پەنسلڤانیا کە ٢٨٨٣ خاڵ بوو، دوای ئەوەی لە خوێندنگەیی ئامادەیی تەواوکرد داواکاریی پێشکەش کرد بۆ خولی پیشەگەرانی ئەمریکا NBA.

یانەی چارلۆتی هۆرنێتس The Charlotte Hornets لەناو داواکارییەکانی ساڵی ١٩٩٦ کە پێشکەشکرابوون بۆ (خولی پیشەگەرانی ئەمریکا NBA) کۆبی'یان هەڵبژارد، دوای ماوەیەکی کەم ڕووی کردە یانەی لۆس ئەنجلس لەیکەرز و بوو بە دووەم لاوترین یاریزانی مێژووی خولەکە لە دەسپێکی وەرزی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٧ی خولەکە، هەر بەزوویی لێهاتوویی خۆی سەلماند و لە ساڵی دووەمیدا وەک یەکێک لە باشترین یاریزانکانی خولەکە هەڵبژێردرا لەلایەن یەکێتیی All Star Gameی نێودەوڵەتیی تایبەت بە NBA، و بوو بە لاوترین یاریزان کە لەلایەن ئەو یەکێتییەوە هەڵبژێردرابێت.

کۆبی لەگەڵ شاکیل ئۆنیل Shaquille O’nealـی هاوتیمیدا نێوانی باش نەبوو بەڵام فیڵ جاکسن Phil Jackson کە ساڵی ١٩٩٩ بووە ڕاهێنەری لەیکەرز توانی بیانکاتە دوانەیەکی زۆر کاریگەر، کە کۆبی کرایە تۆپهاوێژ و ئۆنیلیش کرایە یاریزانی ناوەند. و لەوکاتەدا کۆبی تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو و بە سەرکردایەتیی ئەو دوانەیە لەیکەرز سێ جاری یەکلەدواییەک بووە پاڵەوانی NBA.

ماوە سەختەکەی کۆبی و لۆس ئەنجلس لەیکەرز

دوای بردنەوەی دووەم نازناوی خوول لە ٢٠٠٢ برایانت و یانەکەی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک سەختی بوونەوە، لە ٢٠٠٣ یانەکە لە یاریی کۆتاییدا شکستیهێنا، چەند مانگێک دواتر برایانت تۆمەتبار کرا بە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچێک لە کۆلۆرادۆ، کۆبی بێتاوانیی خۆی پاراست و لەکۆتاییشدا سەرجەم تۆمەتەکان ڕەتکرانەوە دوای ئەوەی کچەکە ڕەتیکردەوە کە گەواهی بدات ئەمەش دوای چەندین مانگ لە گێچەڵی هاندەران و میدیاکان بۆ سەر یاریزانەکە، کەیسەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ یەکلایی بووەوە و کۆبی داوای لێبوردنی لە هاندەرانی کرد و ڕوونکردنەوەی دا، گوتی “کە ڕووداوەکە بە هیچ جۆرێک دەستدرێژی کردن نەبووە”، ئەم ڕووداوە بوو بە پەڵەیەک لەسەر ژیانی کۆبی، بە سەرکردایەتیی کۆبی جارێکی دیکە یانەکە گەیشتەوە یاری کۆتایی، بەڵام بەرامبەر یانەی دیترۆیت پیستۆنس Detroit Pistons تووشی شکستبوون، دوای ئەم شکستە یانەکە (ئۆنیڵ O’neal)ـیان فرۆشت و کۆبی’یان کردە سەرکردەی تیمەکە.

دەستکەوتەکانی کۆبی

کۆبی هەردوو وەرزی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦ و ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ بوو بە گۆڵکاری خولەکە و لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا بوو بە باشترین یاریزانی خولەکە، لە ساڵی ٢٠٠٩ یش بۆ چوارەم جار بوو بە پاڵەوانی خولی پیشەگەرانی ئەمریکی NBA بە باشترین یاریزانی یاریی کۆتایی دیاریکرا دوای ئەوەی لە یەک یاریدا توانیی ٣٢.٤ خاڵ تۆمار بکات، کۆبی بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی توانیویەتی ٣٣،٦٤٣ خاڵ تۆمار بکات و لەدوای کەریم عەبدوولجەبار دێت کە ٣٨.٣٨٧ خاڵی تۆمار کردووە، ساڵی ٢٠٠٨ لە ئۆڵۆمپیادی چین و ٢٠١٢ لە ئۆڵۆمپیادی لەندەن براوەی خەڵاتی مەدالیای ئاڵتوون بوو وەک یەکێک لە ئەندامانی تیپی باسکەی ئەمریکی لەسەر ئاستی پیاوان.

ساڵی ٢٠١٥ هۆنراوەیەکی لە شێوەی چێرۆکێکدا نووسی بە ناوی (باسکەی ئازیز Dear Basketball) و دوو ساڵ دواتر ئەو هۆنراوەیەی کردە کورتە فیلمێک بە هەمان ناوەوە ناوینا، هەر خۆیشی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە لە ساڵی ٢٠١٨ وەک باشترین کورتەفیلمی جوڵاو خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە، هەروەها خاوەنی کتێبێکە بە ناوی (The Mamba Mentality: How I play) کە تێیدا بۆچوونی خۆی لەسەر یاریی باسکە باس دەکات.

پێکانە یەک لەدواییەکەکانی

لە سەرەتای وەرزی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٣ یانەکە هەریەک لە یاریزانان ستیڤ ناش Steve Nash و دوایت هاوارد Dwight Howardـی هێنایە ڕیزەکانیانەوە، و بوونە یەکێک لە تیپە بەهێزەکان. بەڵام لە بێبەختیی تیمەکە کاتێک نزیکبوون لە گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی لە کۆمەڵەی یانەکانی سەر بە یەکێتیی ڕۆژئاوا، لە مانگی ٤ ی ٢٠١٣ برایانت لە پاژنەی پێیدا تووشی پێکان بوو و ئەو وەرزە بۆ ئەو کۆتایی پێهات، لە کۆتایی ئەو وەرزەدا لەیکەرز حەوتەمی خولەکەی بەدەستهێنا.

لە مانگی ١٢ی ٢٠١٣ دا گەڕایەوە یاریگا، تەنها دوای شەش یاری دووبارە تووشی پێکان بوویەوە ئەمجارە لە کڵاوەی ئەژنۆیدا و بەوهۆیەوە ئەو وەرزەیشی لەدەستدا، لە سەرەتای وەرزی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ دا دووبارە گەڕایەوە یاریگاکان، بەڵام جارێکی دیکە لە مانگی ١ ی ٢٠١٥ دا تووشی پێکان بوویەوە، ئەمجارەیان تووشی پچڕانی ژێی ماسولکەی شانی ڕاستی بوو.

لە وەرزەکانی دواتردا بەشداریی لە یارییەکاندا دەکرد بەڵام زۆر بە کەمی. و ئەوەبوو لە کۆتا یاریی وەرزی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و تۆمارکردنی ٦٠ خاڵ و خاڵی بردنەوەی یارییەکە بەرامبەر (یوتا Utah) وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند.

کۆچی دوایی

لە ٢٦/١/٢٠٢٠ خۆی و جیانای کچی "جیجی" و حەوت کەسی دیکە لە فڕۆکەیەکدا کە لە هەرێمی ئۆرانجەوە دەچوو بۆ کالیفۆرنیا بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەکەوە لە شاری کالاباساسی سەر بە کالیفۆرنیا کۆچی دواییان کرد، کەریم عەبدولجەبار، ئەفسانەی باسکەی ئەمریکی لە بارەی کۆبی'یەوە دەڵێت "خەڵکی هەمیشە وەک وەرزشوانێکی مەزن ئەو دەناسن کە سروشی بە تەواوی یاریزانانی باسکە بەخشیوە، بەڵام کۆبی لای من زیاتر لە وەرزشوانێکە".


سەرچاوەکان



865 بینین