گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی 2021

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-01-13:42:00 - کۆدی بابەت: 7460
گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی 2021

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە ساڵی 2021 جیهان چەندان ڕووداوی گرنگ ببەخۆوە بینی ئەو ڕووداوانە هەمەجۆر بوون نموونەی ڕووداو و پێشهاتی سیاسی و ئابووری و وەرزشی و زانستی.

گرنگترین ڕووداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

لەم ساڵدا عێراق و هەرێمی کوردستان بە چەندان ڕووداو و پێشهاتی گرنگدا تێپەڕین، دیارترینیان بریتی بوون لە: 

سەردانیکردنی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

لە هەشتی ئازار "پاپا ڤاتیکان" بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە وڵاتی عێراق، گەشتەکەی لە پارێزگای بەغدادەوە دەستیپێکرد و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی بینی، پاشان سەردانی پارێزگای نەجەفی کرد و چاویکەوت بە مەڕجەعی باڵای شیعەکان "عەلی سیستانی"، پاشان پاپا سەردانی ناوچەی مێژوویی "ئۆر"ـی پارێزگای زەی قاڕی کرد، دواتر گەیشتە پارێزگای هەولێر نوێژی "قداسی" تێدا ئەنجامدا، کۆتا ناوچەیش کە سەردانی کرد پارێزگای مووسڵ بوو، کە لە ڕابردوودا بە ناوەندی نەتەوەی مەسیحییەکانی عێراق دادەنرا، پاپا لە سەردانەکەیدا جەختی لەسەر یەکڕیزی و ئاشتەوایی نێوان نەتەوەکانی عێراق کردەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

لە ڕۆژی دەی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی 2021 ئەنجامدرا، ئەم هەڵبژاردنە یەکەمین هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، لەم هەڵبژاردنە "ڕەوتی سەدڕ" بووە یەکەمی عێراق و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، چەند لایەنێکی عێراقی ناوداریش نموونەی ڕەوتی فەتح و جووڵانەوەی حقوق و دەوڵەتی یاسا و ڕەوتی حیکمە دووچاری شکستێکی گەورە بوونەوە، لایەنە دۆڕاوەکان چەندان خۆپیشاندانیان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان سازدا.

هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەروەزیرانی عێراق

لە حەوتی کانوونی دووەم سەروەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو، پاش ئەوەی ماڵەکەی لەلایەن سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کرایە ئامانج جگە لە زیانی ماددی زیانی گیانی نەبوو، چەند لایەنێک بەم ڕووداوە تۆمەتبار کران، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق شکستیان هێنابوو، بە ئامانجی پشێوی دروستکردن و تێکدانی سەقامگیری وڵات ئەم کارەیان ئەنجامدا.

گرنگترین ڕووداوەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ـ ئاشتەوایی وڵاتانی کەنداو: لە کانوونی دووەمی 2021 هەریەک لە وڵاتی سعودیە و قەتەڕ پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە پاش ئەوەی چەند ساڵێک بوو بەهۆی کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان نێوانیان تێکچوو بوو.
ـ دیاریکردنی جۆ بایدن وەکوو 46ـەمین سەرکۆماری ئەمریکا: لە 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 لە مەراسیمێکی فەرمیدا جۆ بایدن وەکوو 46ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرا.
ـ جووڵانەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی وڵاتی ئەڤغانستانی گرتەدەست: لە 15ـەی ئاب گرووپە توندڕەوەکانی جووڵانەوەی تاڵیبان کۆشکی سەرۆکایەتیان لە کابوولی پایتەخت داگیرکرد و سەرۆکی وڵات "ئەشرەف غەنی" بۆ دەروەی وڵات هەڵهات، جووڵانەوەی تاڵیبان بە فەرمی دەسەڵاتی ئەڤغانستانی گرتەدەست.
ـ لەکارکەوتنی بەرنامەکانی فەیسبووک: لە چواری کانوونی یەکەم تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک بۆ شەش کاتژمێر لەکارکەوتن، هۆکاری لەکارکەووتنی بەرنامەکانی فەیسبووک نموونەی ئینستاگرام و وەتسئەب لێکدانەوە و بیروبۆچوونی جیاوازی لەسەر خرایەڕوو، زیانی ملیاران دۆلاری بە کۆمپانیای فەیسبووک گەیاند. 

گرنگترین ڕووداوە زانستییەکانی جیهان

ڕۆژنامەی بەریتانی گاردیان "The Guardian" لە ڕاپۆرتێکدا دیارترین ڕووداوە زانستییەکانی ساڵی 2021‌‌ـی خستەڕوو کە بریتی بوون لە: 

گەردوونناسی و بۆشایی ئاسمان

زانستی گەردوونناسی و بۆشایی ئاسمان لە بابەتە هەرە باوەکانی ئەمساڵ بوون، بایەخێکی زۆری پێدراون، نموونەی گرنگرین ڕووداوەکانی ئەم بوارە بریتی بوون لە نیشتنەوەی چەند مەکۆک و ڕۆبۆتێک لەسەر هەسارەی مەریخ نموونەی ڕۆبۆتی "بێرسیڤیرانس"، کەوتنەخوارەوەی نەیزەکێکی نامۆ لە ئەمریکا، هەروەها دۆزینەوەی 200 هەسارەی نوێ لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، ئەوەی لەم ساڵدا بایەخی زۆری پێدرا گەشتکردنی کەسایەتییە دەوڵەمەند و ناودارەکان بوو بۆ بۆشایی ئاسمان نموونەی هونەرمەند "ولیام شانتەر" و چەند ملیاردێرێکی ناوداری تر.

بەستنی کۆنگرەی 26 لایەنەکە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا

ئەم کۆنگریە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ساڵی 2020 دواخرا، پاشان لە 31/ 10ـی ئەمساڵ بۆ 12/ 11 لە شاری گلاسکۆی بەریتانیا بە بەشداریی 200 وڵات کۆنگرەکە بەسترا، چەندان بابەتی پەیوەستدار بە ژینگە و کەشوهەواوە تاوتوێ کران، چەند بەڵێننامە و یاسای جیهانی دانران نموونەی دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ ئەو وڵاتە کەمدەرامەتانەی کە کێشەی ژینگەیی و کەشوهەوایان هەیە، هەروەها کەمکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی غەڵوز لە جیهاندا کە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ژینگە هەیە.

دیاریکردنی ژمارەی پێوانەیی ئەو منداڵانەی کە دووچاری قەڵەوی بوون

"تێرێزا مارتۆ" بەڕێوبەری یەکەی خۆراک و تەندروستی لە "زانکۆی کامبرێج" پێی وایە کە پڕۆگرامێکی پێوانەیی نیشتیمانی چەند ڕاستییەکی سەرسوڕهێنەری دۆزییەوە سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی نێوان تەمەنی 10 بۆ 11 ساڵان کە دووچاری قەڵەوی بوونەتەوە، ئەو پڕۆگرامە دەریخستووە کە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە خوێندکارن و دووچاری قەڵەوی بوون لە سێیەکەوە بۆ پێنجیەک زیادی کردووە.

گرنگترین ڕووداوە وەرزشییەکانی جیهان

ـ گەڕانەوەی جەماوەر و تەماشاکەرانی لەنێو یاریگاکان: دوای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جەماوەری وەرزشی لە بینین و ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی نێو یاریگاکان دابڕان، لە 2021 زۆرێک لە وڵاتان بە فەرمی تەماشاکەران و جەماوەری یارییە وەرزشییەکانیان گەڕانەوە نێو یاریگاکان.

ـ جامی عەرەبی 2021: وڵاتی قەتەڕ بۆ ماوەی 19 ڕۆژ میوانداریی ئەم پاڵەوانێتییەی کرد کە لە 30/ 1ـەوە بۆ 18/ 12 بەردەوام بوو، بە بەشداری 16ـە تیمی وڵاتی عەرەبی جامەکە دەستیپێکرد و 32 یاری تێدا ئەنجام درا، کۆتا یاری لەنێوان وڵاتی جەزائیر و تونس بوو، وڵاتی جەزائیر بووە براوەی جامەکە، نزیکەی 600 هەزار بینەر و تەماشاکەر ئامادەی جامەکە بوون.

ـ گواستنەوەی میسی: لە هەشتی مانگی ئابی ساڵی 2021 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا میسی بە فەرمی وازی لە یانەی بارشلۆنە هێنا، دوو ڕۆژ دوای ئەوە چووە ڕیزی یانەی پاریس سان جێرمانەوە، گرێبەستی بۆ دوو ساڵ لەگەڵ یانەکە واژوو کرد و درێسی ژمارە 30ـی هەڵبژارد.

ـ گواستنەوەی ڕامۆس: "سێرجیۆ ڕامۆس" دوای ئەوەی بۆندەکەی لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید نوێ نەکردەوە، چووە یانەی پاریس سان جێرمان.

ـ ڕۆناڵدۆ گەڕایەوە یانەی مانچستەر یۆنایتد: لە ساڵی 2009 ڕۆناڵدۆ یانەی یۆنایتدی بەجێهێشت و چووە یانەی ڕیاڵ مەدرید، دواتر لە ساڵی 2018 چووە یانەی یۆڤانتۆس، لە2021 گەرایەوە یانەی یۆنایتد و بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ واژوو کردن و نرخی گرێبەستەکەی 15 ملیۆن یۆرۆ بوو.

- میسی حەوتەمین تۆپی ئاڵتوونی بەدەستهێنا: لە ساڵی 2021 لیۆنێل میسی ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد بە بەدەستهێنانی حەوتەمین تۆپی ئاڵتوونی.


سەرچاوەکان



833 بینین