ناوهڕۆك
ناساندن
هۆکاری بۆنی زەوی دوای باران بارین چییە؟ (بە ئینگلیزی: What causes the earth to smell after rain؟، بە عەرەبی: ما الذي يسبب رائحة الأرض بعد المطر؟) تا ئێستا بۆنێکی تایبەتی زەویت هەست پێکردووە دوای یەکەم بارانی هاوینێکی درێژ؟ بە دڵنیاییەوە باران خۆی بۆنی نییە. ئەم بۆنە تایبەتە، کە هەروەها ئاماژەی پێدەکرێت بە پێتریکۆر (petrichor)، لە ڕاستیدا لە بەکتریایەکەوە دێت کە پێی دەوترێت ئەکتینۆمایسیتەکان (Actinomycetes) کە لە خاکدا هەن.
پێتریکۆر
پێتریکۆر (petrichor) ئەو زاراوەیەیە کە لە لایەن زانا ئوسترالییەکانەوە داهێنراوە لە ساڵی ١٩٦٤ بۆ وەسفکردنی بۆنە تایبەتەکەی زەوی کە لەگەڵ بوونی باراندا دەردەهات. ئەم بۆنە بەهۆی ئاو لە بارانەوە و یەکگرتنی لەگەڵ ئاوێتەکانی وەک ئۆزۆن و جیۆسمین و ڕۆنی ڕووەکی زەوییەوە دروست دەبوو.
ئەو بەکتریایەی بەشدارە لە بۆنی باران
ئەکتینۆمایسیتەکان بەکتریایەکی شێوە دەزوولەیی - ڕیشەین کە بە زۆری لە خاکی گەرم و شێدار گەشە دەکەن. چەندین ژینگەی دیکەی هەیە لەوانە ژینگەی ئاوی یان لە لاشەی ئاژەڵان، بەڵام خاک شوێنی سەرەکی نیشتەجێبوونی ئەم بەکتریایە.
دوای ماوەیەکی زۆر لە بوونی کەشوهەوای وشک، چالاکییەکانی ئەکتینۆمایسیتەکان لە خاکدا خاو دەبێتەوە. ڕێک پێش باران بارین، کاتێک خاکەکە شێدار دەبێت، ئاکتینۆمایسیتەکان دەست دەکەن بە بەئاگابوون و بەرهەمێکی لاوەکی دروست دەکەن کە پێی دەوترێت جیۆسمین (geosmin) کە بەشداری دەکات لە "بۆنی زەوی".
بەکتریا ئەکتینۆمایسیتەکان ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە لە خاکدا بە باشترکردنی خۆراکی خاک و هاندانی گەشەی ڕووەکەکان. ئەوان دەتوانن ئاژەڵ و ڕووەکی مردوو شیبکەنەوە، پاشان دووبارە خۆراک بۆ گەشەی ڕووەک دروست دەکەنەوە.
هەروەها ئەم بەکتریایانەی ئەکتینۆمایسیت دەتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی گەشەی بەکتریا زیانبەخشەکانی خاک بۆ پاراستنی ژینگەیەکی بەردەوام لە خاک.
زۆرجار خەڵک زەحمەتە تێبگەن لە بوون و ڕۆڵی میکرۆبەکان لە ژینگە و ژیانی ڕۆژانەیاندا. زەحمەتە ئەم وردەزیندەوەرانەی وەک بەکتریاکانن ببینرێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە هەموو شوێنێک هەن. لەم زنجیرەیەدا، تۆڕی جیهانی تەلەفزیۆنی چینی CGTN تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە بچووکترین زیندەوەرەکانی سروشت، و لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر ئەوەی چۆن ئەم زیندەوەرە بەهێزانە دەتوانن ئێمە ڕزگار بکەن یان لەناومان ببەن.
بەکتریا ئەکتینۆمایسیتەکان جۆرێک لە بەکتریا بوون کە لە خاکدا دۆزرانەوە. ئاوێتەیەک دەردەن کە پێی دەوترێت جیۆسمین. لە ڕێگەی دڵۆپە بارانەوە جیۆسمن لە خاکەوە دەردەدرێتە ناو هەوا و بەشدارە وەک پێکهاتەیەک لە بۆنی خاکی دوای باران. جیۆسمین کە چۆیە هەواوە لەلایەن لووتی مرۆڤەوە دیاریدەکرێت تەنانەت کەمتربێت لە پێنج بەشی ترلیۆنێک.
ڕۆڵی ئۆزۆن لە بۆنی باران
کاتێک هەورەتریشقە دێت گەردیلە دووانییەکانی ئۆکسجین و نایترۆجین دابەش دەکرێن و دووبارە ڕێکدەخرێنەوە دروستکردنی ئۆکسیدی نایترۆجین (NO) و ئۆزۆن یان O3. گەردەکانی ئۆزۆن بەهۆی دڵۆپە بارانەوە دادەبزنە سەر زەوی بۆ ئەوەی بەشداربن لە بۆنی خۆشی باران.
بەشداربوونی ڕووەکەکان لە بۆنی باران
لە کاتی کەشوهەوای وشکدا ڕووەکەکان ئاوێتەکان بەرهەم دەهێنن کە لە نێوان بەردەکاندا کۆدەبنەوە لە خاکدا. کاتێک باران دەبارێت ئاوێتەکان دەردەدرێن بۆ ناو هەوا بۆ زیادکردنی پێکهاتەیەکی تری بۆنی خاکی دوای باران واتا پێتریکۆر.
ترشی ستیریک و ترشی پالمیتیک کە بریتین لە ڕۆنی ڕووەکی باو. ئەوان ترشە چەورییەکانن، زنجیرەکانی هایدرۆکاربۆنی درێژ لەگەڵ گروپی کاربۆکسیل لە یەک لای کۆتاییەوە و لە لا کۆتاییەکەی دیکەشەوە گروپی مەثیل.
پاشان بە کۆبوونەوەی هەر سێ بەشە گرنگەکە و تێکەڵبوونی لەگەڵ ئاوی باران پێتریکۆر واتا بۆنی باران دروستدەبێت.