مامەڵەکردن لە کاتی دەستتێوەردانی خەسووت لە پەروەردەکردنی منداڵەکەتدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-05-21:27:00 - کۆدی بابەت: 7507
مامەڵەکردن لە کاتی دەستتێوەردانی خەسووت لە پەروەردەکردنی منداڵەکەتدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەموو ئافرەتێک کاتێک دەبێتە دایک سەرەکیترین کاری ژیانی دەبێتە پەروەردەکردنی منداڵەکەی و هەموو هەوڵێک دەدات کە بە باشترین شێوە پەروەردەی بکات، خەسووش بە هەمان شێوە نەوەکەیی زۆر بۆ گرنگە و زۆرجار دەست وەردەداتە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵەکە، بۆیە گرنگ نییە پەیوەندی نێوان بووک و خەسوو پێشتر چۆن بووە بە هاتنی منداڵێک دەگۆڕدرێت دەکرێت چاکتر یاخود خراپتر ببێت.
زۆرجار کێشە لە نێوان بووک و خەسوودا دروست دەبێت لەسەر پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵ و ناخۆشی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام گرنگە بزانیت چۆن ڕوبەڕووی دەستتێوەردانی خەسووت دەبیتەوە، بەم ڕێگایانەی خوارەوە:

درک بەوە بکە کە نیازی باشە

کێشەکان کاتێک دەست پێ دەکەن کە کەسێک وابزانێت ڕاستی تەنها لەلای ئەوە، بیرکردنەوە لە تەندروستی و پەروەردەی منداڵ لە مێشکی دایک و خەسووەکەدا جیاوازە و هەریەکەیان و جۆرێکیان پێ باشترە، بەڵام لە ئەنجامدا ئامانجی هەردوولا باشترین پەروەردەیە بۆ منداڵەکە و نایانەوێت منداڵەکەیان هیچ زیانێکی پێ بگات، بۆیە گرنگە لەوە تێبگەیت کە نیازی خەسووت باشە و ئامانجی پەروەردەی منداڵەکەتە بەڵام بە شێوازی بیرکردنەوەی خۆی.

لەگەڵ خەسووت بڕۆنە لای پزیشکی پسپۆڕی منداڵ

پێکەوە لەگەڵ خەسووت منداڵەکەت ببەن بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ تاکوو ڕێنوێنتان پێ بدات لەسەر تەندروستی و بەخێوکردنی منداڵەکە و بەمشێوەیەش خەسووت زیاتر ئاگادار دەبێت و لە ئەنجامیشدا کەم کەس دەیەوێت کە دژی بڕیاری پزیشک بوەستێتەوە.

نا بڵێ بە جەنگی سارد

کاتێک ناخۆشی و شەڕ دەکەوێتە نێوان تۆ و خەسووت، بە ڕقکردن و بێدەنگی و قسە نەکردن لەگەڵ یەکدا کۆتایی بە شەڕەکە مەهێنن، بەڵکوو قسەی لەسەر بکەن بە شێوەیەکی هێمنانە و لە یەکتری تێبگەن و ئەگەر لە کاتی توڕەییتدا هەڵەیەکت کردووە و قسەیەکت داوە لە دڵی داوای لێبووردنی لێ بکە.

مەڵێ ئەمە تەنها منداڵی منە

مافی خۆتە نیگەران بیت لە بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵەکەتدا بەڵام هەرگیز مەڵێ کە ئەمە تەنها منداڵی منە و مافی ئێوە نییە کە دەست وەربدەنە پەروەردەکردنی بەتایبەت هەرگیز نابێت ئەم ڕستانە بە خەسووت بڵێیت، چونکە خەسووشت بە ئەندازەی تۆ بە منداڵی خۆی دەزانێت و خۆشی دەوێت، بۆیە ئاساییە ئەگەر زۆرجار بییەوێت ئەو بیشوات یاخود بیخەوێنێت و ڕۆژانە کەمێک لە لای ئەو بێت.

گرنگی پارچە سەهۆڵ

کاتێک لەسەر منداڵەکەت خەریکە تووڕە دەبیت و کێشە دەکەوێتە نێوان تۆ و خەسووتەوە، پارچە سەهۆڵ بەکاربهێنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توڕەییت و لەسەر سەرت دایبنێ و شلەمەنی و سەهۆڵاو بخۆرەوە تاکوو خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت.


سەرچاوەکان



1194 بینین