ناوهڕۆك
ستراتۆسفێر
چینی ستراتۆسفێر بریتییە لە دووەم نزمترین چینی بەرگەهەوای زەوی، كە دەكەوێتە سەروی چینی ترۆپۆسفێرەوە و بە ترۆپۆپەوس (tropopause) جیادەكرێنەوە. ئەم چینە لە بەرزی 12 كیلۆمەترەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە بەرزی 50 بۆ 55 كیلۆمەتر.
پەستانی بەرگەهەوای ستراتۆسفێر یەك لە هەزاری پەستانی ئاستی ڕووی دەریایە، لە چینی ستراتۆسفێردا چینێكی تر بوونی هەیە كە پێیدەوترێت چینی ئۆزۆن (ozone layer) كە بەشێكی بەگەهەوای زەوییە و ڕێژەیەكی زۆر لە گازی ئۆزۆنی تێدایە، بە بەرزبوونەوە لە چینی ستراتۆسفێردا پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە كە هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمژینی تیشكی سەرو وەنەوشەیی لەلایەن چینی ئۆزۆنەوە، پلەی گەرمی نزمترین بەشی ستراتۆسفێر 60 پلە ژێر سفری سیلیزییەوەیە، بەڵام لە بەشی سەرەوەی ئەم چینەدا پلەی گەرمی نزیكی 0 سیلیزییە.
بەبۆنەی كەمی پلەی گەرمییەوە لەم چینەدا كەشوهەوایەكی جێگیری هەیە و تەوژمی هەوایی تێدا دروست نابێت، بۆیە چینی ستراتۆسفێر هێچ هەورێكی تێدا نییە تەنها لە هەندێك حاڵەتدا نەبێت كە لە جەمسەرەكاندا هەور دەبینرێت كە پلەی گەرمی تێیدا زۆر نزمە، هەروەها چینی ستراتۆسفێر بەرزترین چینە كە فڕۆكە تۆڕبینییەكان بتوانن تێدا بفڕن.