سەلام عوبێدی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-06-19:15:00 - کۆدی بابەت: 7517
سەلام عوبێدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەلام جاسم عوبێدی (بە عەرەبی: سلام جاسم العبيدي، بە ئینگلیزی: Salam Jassem Hussein al-Obeidiفەرماندەیەکی ناسراوی سەربازی سوپای عێراقە و کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی هەیە لەناو جەماوەری عێراقیدا، ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە کردنەوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لە دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٧.

ژیان

سەلام جاسم حسێن عوبێدی، لە ١٩٧٩/٥/٨ لە پارێزگای دیالەی عێراق لەدایکبووە، کۆلێجی زمانی خوێندووە و لە ماوەی جەنگی عێراق لە ٢٠٠٣ هەردوو زمانی ئینگلیزی و عیبری خوێندووە، دوای شکستی عێراق و ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس، بەهۆی حەزی باوکییەوە سەلام لە کۆتاییەکانی ٢٠٠٣ دەڕواتە ناو سوپای نوێی عێراق و دەبێتە سەرباز، هەر ئەوکات دەنێردرێتە یەکەی هێزی دژەتیرۆر.

لە ساڵی ٢٠٠٤ بەشداری جەنگی فەللووجە دەکات و دژی شیعەکانی سوپای مەهدی دەوەستێتەوە.

جەنگی دووەمی عێراق

کاتێک جەنگی داعش یان دووەمین جەنگی ناوخۆی عێراق لە ٢٠١٤ دروست بوو، سەلام فەرماندەی کەرتی دووەمی لەشکری یەک (ISOF-1) بوو، کە بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و زیاتر بە یەکەی ئاڵتوونی دەناسرێتەوە. سەلام لە دەستپێکی جەنگ ڕەخنەی توندی لە نووری مالیکی سەروەزیرانی ئەوکاتی عێراق گرت و بە هۆکاری تەواوی کێشەکانی عێراقی ناوبرد، لە ماوەی جەنگدا نەیهێشتووە هیچ سەربازێک ئاڵای شیعە و تایفەگەری و وێنەی ئیمامی حسێن بەرزبکاتەوە، دژی هەموو کەسە سیاسی و ناسراوەکانیش وەستاوەتەوە کە گڕی تایفەگەری و دەمارگیری خۆش بکەن.

لە هەردوو جەنگی تکریت و ڕومادی بەشداری کردووە، لە ٢٠١٦/٦/٩ لە شەڕی فەللووجە بەهۆی لێدانی موشەکێکەوە بریندار دەبێت.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٦ بەشداری شەڕی دووەمی مووسڵی کرد و لە ٢٠١٦/١١/١ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی مووسڵی ئازادکرد، لە کۆتاییەکانی مانگی دوازدەی ٢٠١٦ سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاهێنانی وەرگرت، لە هاوینی ٢٠١٧ بە پلەی پێشکارەوە گەڕایەوە بۆ عێراق و بەشداری لە شەڕی ناوچەی مووسڵی کۆن کرد. دواتریش لەدوای جەنگ پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ پلەی سەرهەنگ.  


سەرچاوەکان



317 بینین