کودەتای ٢٠١٦ی تورکیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-24-13:22:00 - کۆدی بابەت: 8767
کودەتای ٢٠١٦ی تورکیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کودەتای ٢٠١٦ـی تورکیا (بە ئینگلیزی: 2016 Turkish coup d'état attempt، بە عەرەبی: المحاولة الانقلابية التركية، بە تورکی: 15 Temmuz Darbe Girişimi) کودەتایەکی سەربازی بوو لە ڕێکەوتی ٢٠١٦/٧/١٥ دژی دامودەزگاکانی دەوڵەت و حکوومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا. هەوڵەکە لەلایەن فراکسیۆنێکی ناو هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە ئەنجامدرا کە خۆیان وەک ئەنجوومەنی ئاشتی لە ناوخۆ دەناساند. کودەتاکە لە چەند شوێنێکی گەورەی تورکیا ڕوویدا، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندانی خەڵکی تورکیا و وەستانەوە لە دژیان سەرکەوتوو نەبوو. 

یاخیبووەکان هەوڵیاندا دەست بەسەر چەند شوێنێکدا بگرن لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و مەرمەریس و شوێنەکانی دیکە، وەک دەرچەی بەشی ئاسیای پردی بۆسفۆر، بەڵام دوای ئەوەی هێزە دڵسۆزەکانی دەوڵەت شکستیان پێهێنا، نەیانتوانی ئەو کارە بکەن. ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیكۆلاریزم و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیموكراسی و بایه‌خ نەدان به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و له‌ده‌ستدانی ناوبانگی توركیا له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ هۆكاری ئه‌و كوده‌تایه‌ دانا. لەڕێی بەیاننامەیەکەوە کە دوای کۆنترۆڵکردنی کەناڵی فەرمی تورکی TRT پەخشکرا، ڕایانگەیاند دەستیان بەسەر وڵاتدا گرتووە و قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری وڵات ڕادەگەیەنن، هەروەها فڕۆکەخانەکان دادەخەن.

بەپێی زانیاری لایەنە سەربازییەکانی تورکیا، هەردوو بەرپرسی هێزە ئاسمانییەکانی سوپا و هێزەکانی وشکانی بەرپرسی کودەتاکە بوون و موحەڕەم کوسای ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکی ئەرکانی سوپا پلانداڕێژەری بووە.

دوای هەڵگیرسانی کودەتا، ئه‌ردۆغان له‌ لێدوانێکیدا له‌ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێی بەرنامەی فەیس تایمەوە، داوای له‌ خه‌ڵک کرد بۆ به‌رپه‌رگرتن له‌ هه‌وڵی کوده‌تایه‌که‌ بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵیی دۆغان، بەشێک لە سەربازەکان تەقەیان لە کۆمەڵێک کەس کردووە کە ویستوویانە لە پردی بۆسفۆر بپەڕنەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەوڵی کودەتاکە کە لە ئەنجامدا برینداربوون. هەروەها بە فڕۆکە هێرش کرایە سەر پەرلەمانی تورکیا و لە چەند شوێنێکی تریش دەنگی تەقەکردن بیسترا. شارەکانی تورکیا لە شەودا دەستیان کرد بە خۆپێشاندانی بەرفراوان بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی هەڵبژێردراوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا و دژی کودەتاکە وەستانەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ئەردۆغان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبووڵ و پێشوازییەکی جەماوەری لێ کرا کە هەوڵی کودەتاکەی ڕاگرت و ڕایگەیاندبوو کە ئەو کەسانەی تێوەگلاون بەبێ گوێدانە پێگەکەیان سزا دەدرێن. 

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕە تورکییەکان، ٣٤ سەرکردەی سوپای تورکیا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە کە پێنجیان جەنەراڵن، هەروەها ٧٥٤ سەربازیش لە پەیوەندی لەگەڵ هەوڵی کودەتاکەدا دەستگیرکراون. نزیکەی ٦٠ کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون و بەپێی ئامارەکانی داواکاری گشتی ٤٢ کەس لە ئەنقەرە کوژراون کە ١٢ کەسیان پۆلیس بوون. 

هەوڵی کودەتاکە لەلایەن سەرکردە سیاسی و سەربازی و پەرلەمانی تورکیاوە ڕەتکرایەوە، بەرپرسی هێزە دەریاییەکانی سوپا، دەریاوان بۆستانئۆغڵو و کەمال کیلچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنیش ڕەتیان کردەوە، کە ڕایانگەیاند "تورکیا بەهۆی کودەتاوە تووشی ئازار بووە، ئێمە بەرگری لە دیموکراسی دەکەین”.

پاشخان

لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن لە تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، هێزە چەکدارەکانی تورکیا سێ کودەتای سەربازییان ڕێکخستووە (لە ساڵانی ١٩٦٠، ١٩٧١ و ١٩٨٠)، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٧ بە ڕێگەی یاداشتێکی سەربازی دەستوەردانی کردووە. بەردەوام سوپا خۆی بە پاسەوانی دەوڵەتی عەلمانی تورک دەزانی کە لە سەردەمی موستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرابوو. پێش کودەتاکە دادگاییكردنی ئەرگەنەكۆن پێش ٢٠١٦ ڕوویدا، كە هەوڵێكی سەركردە مەدەنییەكانی توركیا بوو لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ نەهێشتنی هەژموون بەسەر سوپادا.

وردەکارییەکان

لە ١٥ـی تەمووزی ٢٠١٦ کاتژمێر ١٠ـی شەو، ژمارەیەك ئەفسەری سوپای توركیا، خولوسی ئاكار سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیایان دەستبەسەر كرد و تاوەکوو کۆتایی کودەتاکە چارەنووسی نەزانرابوو و دواتر ئازادكرا، هەروەها تەلەڤزیۆنی فەرمی توركیا دوای دەستپێکی كودەتاكە بە فەرمی پەخشی ڕاگرت. سوپای تورکیا قەدەغەی هاتووچۆی لە هەموو ناوچەکانی تورکیا ڕاگەیاند، و ڕاستەوخۆ کەناڵی جەزیرە بڵاویکردەوە ئەردۆغان بؤ کارێک ئەنقەرەی جێهێشتووە و لە مەرمەریس نیشتەجێیە، بەڵام دوای بیستنی هەوڵی کودەتا ڕاستەوخۆ دەڕواتە ئیستەنبووڵ، دوای جێهێشتنی هۆتێلەکەی لە مەرمەریس کودەتاچییەکان هێرش دەکەنە سەر هۆتێلەکە. 

شەوی کودەتا فڕۆکە سەربازییەکان دەستیان کرد بە فڕین بەسەر ئەنقەرەدا، هەردوو پردی فاتیح سوڵتان مەهمەت و بۆسفۆر لە ئیستەنبووڵ داخران. بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند، "کردەوەیەکی سەربازی لە دەرەوەی زنجیرەی فەرماندەیی ئەنجام دەدرێت و هەوڵێکی نایاساییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن بەشێکی سوپا و ئەوانەی ئەو کارە دەکەن نرخێکی زۆر دەدەن. هەروەها میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کۆمەڵێک تانک لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ بڵاو کراونەتەوە و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ناوخۆی تورکیا ڕێگرییان لێ دەکرێت لە چوونە ناو تویتەر و فەیسبووک و یوتیوب. 

نزیکەی کاتژمێر نۆی شەو کودەتاچییەکان ساڵح زەکی چۆلاک، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی تورکیایان بۆ بارەگای سەربازی بانگهێشت کردبوو و کاتێک گەیشتە ئەوێ دەستبەجێ دەستبەسەر کرا. عەبیدین ئوناڵ، بەرپرسی هێزی ئاسمانی تورکیا کە لە شاری ئیستەنبووڵ بەشداری لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا کردبوو، لەوێوە لەلایەن ئەو سەربازانەوە بە کۆپتەرێک ڕفێندرا. پاشان کودەتاچییەکان هەوڵیان دا ئاکار ناچار بکەن بەیاننامەی کودەتاکە واژۆ بکات و هەوڵدرا بەکارهێنانی پشتێنێک بیخنکێنن تاوەکوو ناچاری بکەن. بەڵام ڕەتی دەکاتەوە و دواتر دەگەیەنرێتە بنکەی ئاسمانی ئاکنجی. دواتر سەربازەکان دەڕۆنە ناو نووسینگه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له‌ ئیسته‌نبووڵ و داوایان له‌ خه‌ڵك كردووه‌ بچنه‌ دەرەوە. 

لەوکاتەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لە مەرمەریس بووە لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا و لەوێ پشووی داوە، لە نزیکەی کاتژمێر ١١:٠٠ تا نیوەی شەو، کۆپتەرەکان بارەگای هێزە تایبەتەکانی پۆلیس و بارەگای هێزی ئاسمانی پۆلیسیان لە گۆلباشی لە دەرەوەی ئەنقەرە بۆردمان کرد. لە هێرشەکاندا ٤٢ کەس کوژراون و ٤٣ کەسیش بریندار کران. هەروەها هێرش کرایە سەر بارەگای تورکسات لە گۆلباشی و بەهۆیەوە دوو کارمەندی ئاسایش کوژران. نزیکەی کاتژمێر ١١:٥٠ سەربازەکان گۆڕەپانی تەقسیمیان لە ناوەڕاستی ئەستەنبوڵ داگیرکرد.

كاتژمێر ١٢:٠٢ـی شەو، له‌لایه‌ن ڕۆیته‌رزه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ سه‌ربازان له‌ناو باڵه‌خانه‌كانی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی توركی (TRT) له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بوون. لە میانی هەوڵی کودەتاکەدا، سەربازەکان تیجان کاراشیان ناچار کرد بەیاننامەیەک بخوێنێتەوە کە تێیدا هاتووە "سەروەری یاسای دیموکراسی و عەلمانی لەلایەن حکوومەتی ئێستاوە لەناوچووە و ئێستا تورکیا لەلایەن ئەنجوومەنی ئاشتی لە ناوخۆوە سەرکردایەتی دەکرێت کە سەلامەتی دانیشتوان مسۆگەر دەکات." لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێزە چەکدارەکانی تورکیا بەتەواوی دەستیان بەسەر کارگێڕیی وڵاتدا گرتووە بۆ گێڕانەوەی ڕێکوپێکیی دەستووری و ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا و ئاسایشی گشتی کە زیانی پێگەیشتووە. هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستاش ماونەتەوە و هەموو پەیوەندییە باشەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتان بەردەوام دەبێت”.

ڕاستەوخۆ دوای بەیاننامەکە کەناڵەکە پەخشی ڕاگیرا.

ڕۆیتەرز لە ١٥ی تەمموزدا ڕایگەیاند کە سەرچاوەیەکی یەکێتیی ئەورووپا کودەتاکەی بە "باش ڕێکخراو" وەسف کردووە و پێشبینی کردووە کە "بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکە، ئەستەمە بوەستێنرێت". دیپلۆماتکارێکی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، باڵیۆزی تورکیا لە پایتەختەکەی تووشی شۆک بووە و بابەتەکەی زۆر بە جدی وەرگرتووە.

وەڵامی حکوومەت و ململانێ

نووسینگەی سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند، سەرۆک ئەردۆغان لەناو تورکیادا لە پشوودایە و سەلامەتە و هەوڵی کودەتاکەی بۆ هێرشکردنە سەر دیموکراسی شەرمەزار دەکات و هێشتا ئەردۆغان و حکوومەتەکەی لە دەسەڵاتدان. نزیكەی كاتژمێر ٠١:٠٠ـی شەو ئەردۆغان لە ڕێی بەرنامەی فەیس تایم لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن تورك چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا، تیایدا داوای لە لایەنگرانی كرد بە سەرپێچی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بکەن بڕژێنە سەر شەقامەكان و وتی "هیچ دەسەڵاتێك لە دەسەڵاتی گەل بەرزتر نییە". با لە گۆڕەپانە گشتیەکان و فڕۆکەخانەکان ئەوەی دەیانەوێت بیکەن”. 

نومان کورتولموش جێگری سەروەزیرانی تورکیا لە پەخشی ڕاستەوخۆ دەرکەوت و ڕایگەیاند، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا تا ئێستاش بەرپرسی حکوومەتە. سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە، مەلیح گۆکچەک سەر بە ئاکەپە، سەرەڕای قەدەغەی هاتووچۆ لەلایەن یاخیبووان، هانی خەڵکی دا بە سەرپێچیکردن بچنە دەرەوە بۆ شەقامەکانی ئەو شارە. فڕۆکەکەی ئەردۆغان کاتژمێر ٢٣:٤٧ لە فڕۆکەخانەی داڵەمان لە نزیک مەرمەریس بەرزبووەوە و ماوەیەک لە ئاسماندا مایەوە تاوەکو فڕۆکەخانەکە مسۆگەر کرا. دواتر فڕۆکەکەی کاتژمێر ٠٢:٥٠ نیشتەوە.

فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ ئەتاتورک داخرا؛ هەموو گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە هەڵوەشێنرانەوە. لە بارەگای پەخشی تی ئاڕ تی تەقینەوەیەک ڕوویدا و لە ئەنقەرەش تەقەیەکی زۆر کرا. هەر زوو دوای ئەوە، لەلایەن جەماوەرێکی مەدەنی و پۆلیسەوە هێرش کرایە سەر یاخیبووان لە بارەگای کەناڵەکە. کەناڵەکە گەڕایەوە بۆ پەخش و تیجان کاراش کە پێشتر کودەتاکەی ڕاگەیاندبوو، ڕاستەوخۆ ڕایگەیاندبوو کە بە بارمتە گیراوە و ناچار بووە بە ئاماژەی دەمانچە ڕاگەیاندنی کودەتاکە بخوێنێتەوە. 

تانکەکان لە نزیک بینای پەرلەمانی تورکیا تەقەیان کرد. هەروەها باڵەخانەی پەرلەمانیش بۆردمان کرا. دوای تەقەکردن لەسەر پردی بۆسفۆرس کۆمەڵێک خۆپیشاندەران برینداربوون. لە هەمان شەو هێلیکۆپتەرێکی سەر بە هێزەکانی لایەنگری کودەتا لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف-١٦ی سەربازی تورکیاوە خرایە خوارەوە. کاتژمێر ٠٣:٠٨ کۆپتەرێکی سەربازی تەقەی لە پەرلەمانی تورکیا کرد. كاتژمێر ٠٣:١٠ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی توركیا له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌یاندا ڕایانگه‌یاند كه‌ كۆنتڕۆڵی ته‌واویان له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌. بەڵام کاتژمێر ٠٣:١٢ یڵدرم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و ناوچەی دژە فڕین لەسەر ئەنقەرە ڕاگەیەندراوە و ئەو فڕۆکە سەربازییانەی کە هێشتا دەفڕن دەخرێنە خوارەوە.

لە کاتژمێر ٠٣:٢٣ و ٠٣:٣٣ جارێکی دیکە پەرلەمانی تورکیا بۆردمان کرایەوە و هێرشەکان ١٢ کوژراو و ٢ برینداری لێ کەوتەوە.

سەربازەکان چوونە ناو بارەگای سی ئێن ئێن تورک و ستۆدیۆکەیان ناچار کرد ڕابگیرێت، کە ئەو کەناڵە بوو لێدوانەکەی ئەردۆغانیان بە ڕاستەوخۆ گواستەوە. دوای یەک کاتژمێر لە پچڕانی کەناڵی سی ئێن ئێن تورک دەستی بە پەخشی کردەوە. دواتر ئیسماعیل كه‌هرامان رایگه‌یاند بۆمبێك له‌ گۆشه‌یه‌كی باڵه‌خانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی ناو په‌رله‌مان ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و هیچ كوژراوێك نه‌بووه‌ به‌ڵكو چه‌ند بریندارێك له‌ نێو ئه‌فسه‌رانی پۆلیسدا بووه‌.

نزیکەی کاتژمێر ٠٤:٠٠ دوو سێ هێلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر هۆتێلەکەی ئەردۆغان. بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، دە بۆ پانزە کەسی چەکداری قورس هاتوونەتە خوارەوە و دەستیان بە تەقە کردووە، بەڵام ئەردۆغان پێشتر ئەوێی جێهێشتبوو. لە ململانێی دواتردا دوو پۆلیس کوژران و ٨ پۆلیسیش بریندار بوون. 

ئاژانسی هەواڵی دۆغان بڵاویكردەوە، لە شاری ئیستەنبووڵ چەند كەسێك برینداربوون، دوای ئەوەی سەربازەكان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر هەوڵی كودەتاكەدا تەقەیان لە كۆمەڵێك كەس كرد كە هەوڵیاندابوو لە پردی بۆسفۆر بپەڕنەوە.

گەڕانەوەی ئەردۆغان

دوای ئەوەی ئەردۆغان بە فڕۆکە گەیشتە ئیستەنبووڵ، لە نزیکەی کاتژمێر ٠٤:٠٠ لە ناو فڕۆکەخانە وتارێکی تەلەڤزیۆنی پێشکەش کرد، لە کاتێکدا هەزاران کەس لە دەرەوە گردبوونەوە. کاتژمێر ٠٦:٣٠ لە فڕۆکەخانەکەدا قسەی بۆ جەماوەرێکی لایەنگرانی کرد و وتی:  "لە تورکیا هێزە چەکدارەکان نە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن و نە سەرکردایەتی دەوڵەت دەکەن، ناتوانن". هەروەها وتی "ئەوانەی لە پێنسیلڤانیا" (ئاماژەیەک بۆ فەتحوڵڵا گولەن کە لە سەیلۆرسبورگ لە پێنسیلڤانیا دەژی و بزووتنەوەی خزمەتەکەی)ـی بە هۆکاری هەوڵی کودەتاکە تاوانبار کرد. ئەردۆغان هەروەها وتی پلانی هەیە بۆ "پاککردنەوەی" سوپاکە و وتی "ئەم ڕاپەڕینە دیارییەکە لەلایەن خوداوە بۆ ئێمە". ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بە دەوڵەت، سەرهەنگ موحەڕەم کوسای پێشووی بە ڕێکخەری کودەتاکە دانا لە مانگی ئازاری ٢٠١٦دا لە کارەکەی دوورخرایەوە بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە گولەنەوە هەبووە. 

بەڵام هاوپەیمانی بۆ بەها هاوبەشەکان، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و پەیوەندی بە گولەنەوە هەیە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دووپاتیکردەوە کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازی لە سیاسەتی ناوخۆییدا شەرمەزار دەکات، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتەکانی ئەردۆغان دژی بزووتنەوەکە "نابەرپرسیارانەیەکی زۆرە". گولەن خۆی لە بەیاننامەیەکی کورتدا کەمێک پێش نیوەشەو وتی: "وەک کەسێک کە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا لە ژێر چەندین کودەتای سەربازیدا ئازاری چەشتووە، بە تایبەتی سووکایەتی پێکردنە کە تۆمەتبار بکرێت بە هیچ پەیوەندییەک بە هەوڵێکی لەو جۆرەوە. من بە توندی ڕەتی دەکەمەوە ئەو جۆرە تۆمەتانە."

ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ١٦ی تەمموزەوە کودەتاکە بە شێوەیەکی شکستخواردوو دەردەکەوێت، چونکە خەڵک سەرپێچی فەرمانە سەربازییەکانی لایەنگری کودەتا دەکەن و لە گۆڕەپانە گەورەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە کۆبوونەتەوە بۆ دژایەتیکردنی. هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئیستەنبووڵ، سەربازانی لایەنگری کودەتاشیان ڕادەستی پۆلیس کردووە. ڕاگەیەندرا کە تا کاتژمێر ٠٥:١٨ فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بە تەواوی لەلایەن حکوومەتەوە کۆنترۆڵکراوەتەوە لە کاتێکدا پۆلیس لەناو بارەگای سوپای تورکیادا گەمارۆی کودەتاچییانیان داوە و داوایان کردووە خۆیان ڕادەست بکەن. لە نێوان کاتژمێر ٠٦:٠٠–٠٨:٠٠، شەڕێک لەوێ ڕوویدا. لە نەبوونی ئاکاردا، ئومیت دوندار، بەرپرسی سوپای یەکەم، وەک سەرۆکی ئەرکانی بە وەکالەت دەستنیشانکرا. 

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ١٦ی تەمموزدا، ئەو سەربازانەی پردی بۆسفۆریان گرتبوو، خۆیان ڕادەستی پۆلیس کرد کە لە ٥٠ سەرباز پێکهاتبوون. بەشێک لەو سەربازانە سەرەڕای هەوڵەکانی پۆلیس بۆ ڕزگارکردنیان لەلایەن خەڵکی سڤیلەوە کوژران. 

لەلایەکی دیکەوە لە بارەگای سوپای تورکیا، ٧٠٠ سەربازی بێچەک خۆیان ڕادەست کرد لە کاتێکدا پۆلیس ئۆپەراسیۆنی بۆ ناو بیناکە ئەنجامدا و ١٥٠ سەربازی چەکداریش لەلایەن پۆلیسەوە لەناو بیناکەدا دەستگیرکران. کودەتاچییەکانی بینای تی ئاڕ تی لە ئیستەنبووڵیش بەرەبەیانی زوو خۆیان ڕادەست کرد. هەروەها ئاکار، سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا کە لە بنکەی ئاسمانی ئاکنجی لە ئەنقەرە کە بە بارمتە گیرابوو لەلایەن هێزەکانی لایەنگری دەوڵەتەوە ڕزگار کرا.

دوای شکستی کودەتا

دوای هەوڵی کودەتاکە پاکتاوکردنی بەرفراوان لە خزمەتگوزارییە مەدەنییەکانی تورکیا دەستیپێکرد و سەرۆک ئەردۆغان هۆشداری بە نەیارەکانی دا کە "ئەوان باجێکی قورس دەدەن بۆ ئەمە". ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەگەڵ هەندێک میدیای دیکەی ڕۆژئاوایی وەک ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، پاکتاوکردنەکانیان بە "دژە کودەتا" وەسف کردووە، تایمز پێشبینی کرد سەرۆک "لە جاران زیاتر تۆڵەسەندنەوە و کۆنترۆڵکردنی بوێت، قەیرانەکە نەک تەنها بۆ سزادانی سەربازە یاخیبووەکان بقۆزێتەوە بەڵکو بۆ زیاتر هەڵوەشاندنەوەی هەر ناکۆکییەک کە لە تورکیادا مابێت".

تا ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٦، پاکتاوکردنەکە زیاتر لە ٤٥ هەزار بەرپرسی سەربازی، ئەفسەری پۆلیس، دادوەر، پارێزگار و فەرمانبەری حکوومی گرتەوە کە دەستگیرکرابوون یان هەڵپەسێردرابوون، لەنێویاندا ٢,٧٠٠ دادوەر، ١٥ هەزار مامۆستا و هەموو ڕاگرێکی زانکۆ لە وڵاتەکەدا. ١٦٣ جەنەراڵ و دەریاوان دەستبەسەر کران، کە دەکاتە نزیکەی ٤٥%ـی کۆی گشتی سەربازیی تورکیا.

لە ١٨ـی تەمموزی ٢٠١٦، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جۆن کێری داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد کە سەرکوتکردنی زیادبوونی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بوەستێنن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو سەرکوتکردنە بە مەبەستی "سەرکوتکردنی ناکۆکی" بووە. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان مارک ئایرۆ نیگەرانی خۆی دەربڕی و هۆشداریدا لە "سیستمێکی سیاسی کە لە دیموکراسی دوور دەکەوێتەوە" وەک وەڵامێک بۆ پاکتاوکردنەکان.

لە ١٧ـی ئابی ٢٠١٦، تورکیا دەستی کرد بە ئازادکردنی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا لە کۆتاییدا بگاتە نزیکەی ٣٨ هەزار زیندانی زیندان، بۆ ئەوەی شوێنی زیاتر لە سیستمی سزادان بۆ دەستگیرکراوەکان دروست بکات، کە ژمارەیان نزیکەی ٣٥ هەزار کەسە، کە دوای تێوەگلان یان گومانی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ دەستگیرکراوان یان دەستبەسەر کراون کودەتای شکستخواردووی ساڵی ٢٠١٦.

به‌كر بۆزداغ، وه‌زیری دادی توركیا له‌ ٢٨ـی ئه‌یلوولی ٢٠١٦ ڕایگه‌یاند كه‌ ٧٠ هه‌زار كه‌س لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و ٣٢ هه‌زار كه‌س به‌ فه‌رمی ده‌ستگیركراون.

جەنەڕاڵ جاهیت بەکر کە فەرماندەی هێزەکانی تورکیا بوو لە ژێر دەسەڵاتی ناتۆ لە ئەفغانستان و سەردار سێنەر تۆپوچ بەرپرسی پەروەردە و هاوکاری لە ئەفغانستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی دوبەی کە پەیوەندییان بە کودەتا شکستخواردووەکەوە هەبوو، دەستبەسەر کران. 

رۆژی ٢٠ـی حوزەیرانی ٢٠١٩، دادگای تیرۆر لە توركیا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ١٥١ كەسدا سەپاند، لەنێویاندا جەنەڕاڵ ئاكن ئۆزتورك، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی توركیا كە دەستی هەبووە لە كودەتاكەدا. ١٢٨ کەس سزای "تاهەتایی قورس"ـیان بەسەردا سەپێنرا، کە ئاماژەیە بۆ مەرجی سەخت بەبێ پارێزبەندی، بەهۆی ڕۆڵیان لە کودەتاکەدا، هەروەها ٢٣ کەسی تریش سزای هەتاهەتایی ئاساییان وەرگرت.

هۆکارەکانی شکست

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانی کودەتاکە، ئاژاوەی ڕیزەکانی پیلانگێڕەکان بوو. هاکان فیدان بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا پیلانی کودەتاکەی دۆزییەوە و پیلانگێڕەکان ناچار بوون پێنج کاتژمێر پێش وادەی دیاریکراو کودەتاکە جێبەجێ بکەن. یەکێک لە ڕێکخەرانی سەرەکی بە ناوی جەنەڕاڵ سەمیح تێرزی لەلایەن پێشڕەوێکەوە بەناوی عومەر حەلیسدەمیر کوژرا و ئەوەش لە سەرەتاوە ورەی یاخیبووانی پەكخست. ئەم دوو ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کە کودەتاکە بە شێوەیەکی ناهەماهەنگی ئەنجام بدرێت. 

گەورەترین ئەفسەرانی ستافی سوپا دژی کودەتاکە بوون، و بە ئاشکرا فەرمانیان بە هەموو کارمەندەکان کرد بگەڕێنەوە سەر بنکەکانیان. یاخیبووان لە دەرەوەی زنجیرە فەرماندەیی سەربازیدا مامەڵەیان دەکرد، هەماهەنگی و سەرچاوەیان نەبوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەو سەربازە سەربازیانەی کە یاخیبووان کۆیان کردبووەوە، لە ئامانجی ڕاستەقینەی ئەرکەکەیان ئاگادار نەبوون و بێهۆش بوون. زۆرێکیان خۆیان ڕادەست کرد بۆ ئەوەی تەقە لە خۆپیشاندەران نەکەن. جەنەڕاڵ ئومیت دوندار فەرماندەی سوپای یەكەم لە ئیستەنبووڵ پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە كرد بۆ ئاگاداركردنەوەی لە پیلانەكە، ڕازی كرد پێش پیلانگێڕەكان هۆتێلەكەی چۆڵ بكات و هاوكاری كرد بۆ دەستەبەركردنی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ بۆ ئەوەی ئەردۆغان بنیشێتەوە. هەروەها دەزگای هەواڵگری پێشتر چەکە دژەفڕۆکەکانی خۆی کۆکردەوە، کە پیلانگێڕەکان ئاگادار نەبوون لە بوونیان، ئەمەش بووە هۆی لەناوبردنی فڕۆکەی یاخیبووان.

بە گوتەی ئێدوارد ئێن لوتواک، ستراتیجیستێکی سەربازی، یەکێکی تر لە خاڵە لاوازەکان بێتوانایی یاخیبووان بوو لە نەهێشتنی ئەردۆغان و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی حکوومەت، چ بە کوشتن یان بە دەستبەسەرکردنیان. یەکەیەکی هێزە تایبەتەکان لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە نێردرابوون بۆ کوشتن یان دەستگیرکردنی سەرۆک بەڵام لەدەستیاندا چونکە تەنها چەند خولەکێک پێشتر لەلایەن دەستە سەربازییەکانەوە چۆڵکرابوو. کاتێک ئەردۆغان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەتاتورک نیشتەوە (کە لەلایەن لایەنگرانییەوە لە دەستی یاخیبووان کۆنترۆڵکرابووەوە)، کودەتاکە کۆتایی هات. 

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی سەربازی، چەند فڕۆكەیەكی یاخیبووی ئێف ١٦ فڕۆكەی سەركۆمار ئەردۆغانیان لە ڕێگەی ئیستەنبووڵ كردووەتە ئامانج، بەڵام تەقەیان نەكردووە. دواتر بەرپرسێکی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری تورکیا ڕایگەیاند کە فڕۆکەکان تەقەیان نەکردووە، چونکە فڕۆکەوانەکانی فڕۆکە جەنگییەکان لەلایەن فڕۆکەوانەکەی سەرۆک ئەردۆغانەوە لە ڕێگەی ڕادیۆوە پێیان گوتراوە کە ئەم فڕۆکەیە فڕینی کەناڵی گەڵفستریمی چوارەمە و گەشتێکی هێڵی ئاسمانی تورکییە. 

بە وتەی ناونیهال سینگ، نووسەری کتێبی (دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات)، هەوڵی کودەتاکەش شکستی هێنا، چونکە پیلانگێڕەکان نەیانتوانی کۆنترۆڵی میدیاکان مسۆگەر بکەن. کودەتا سەرکەوتووەکان پێویستی بەوەیە کە یاخیبووان کۆنتڕۆڵی میدیای گشتی بکەن.

ئەمەش ڕێگە بە تەنانەت بەشە یاخیبووە بچووکەکانیش دەدات خۆیان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن، سەرکەوتنیان وەک شتێکی دڵنیا پێشان بدەن. لە ئەنجامدا خەڵکی بێلایەنیش ڕازی دەکەن کە پشتی ئەوان بگرن یان لانی کەم بەرەنگاری نەبنەوە. یاخیبووان نەیانتوانی بە شێوەیەکی دروست پەیامەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر لە سەرانسەری ئەو میدیایانەی کە کۆنتڕۆڵیان دەکرد پەخش بکەن. ئەوان نەیانتوانی توركسات كە كۆمپانیای سەرەكی پەیوەندییەكان و مانگی دەستكردی توركیایە ڕابگرن و نەیانتوانی كۆنتڕۆڵی تۆڕەكانی تەلەڤزیۆن و مۆبایلی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنن. ئەمەش ڕێگەی بە ئەردۆغان دا پەیوەندییەکەی بە فەیس تایمەوە ئەنجام بدات و لە تەلەڤزیۆن قسە بکات.

ئەردۆغان سانسۆر نەکرا و هەربۆیە توانی فەیس تایم بەکاربهێنێت بۆ کۆکردنەوەی بەرخۆدان، ئەمەش لە بەرامبەردا ڕێگری لە توانای پیلانگێڕان کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە. ئەوەی کودەتاکەی ڕاگرت بەرخۆدانی مەدەنییە بەرامبەر بە سەربازەکان، واتە دەسەڵاتی گەل. بەڵام کۆمەڵێک لە زانایان شکستەکەی دەخەنە ئەستۆی سەربازی نەک دان بە دەسەڵاتی جەماوەر و سەرکەوتنەکانیاندا بنێن. <Kinney, Drew Holland> 

هێزەکانی لایەنگری دەوڵەت نامەیەکی کورتیان بۆ هەموو هاووڵاتییەکی تورکیا نارد و داوایان لێدەکرد ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بە هەوڵی کودەتاکە. بە درێژایی شەو لە مزگەوتەکانی سەرتاسەری وڵاتەوە چەندین جار بانگ دەکرا بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کودەتاچییەکان. لە کاتێکدا بەزۆری لە منارەکانەوە بانگ دەکرێت بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە پرسەیەک، بەڵام بە شێوەیەکی نەریتی بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕووداوێکی بەرچاو ئەنجام دەدرێت، لەم حاڵەتەدا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە. 

کودەتاچییەکان چەند کاتژمێرێک پێش ئەو کاتەی کە پلانیان بۆ دانراوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان کرد کاتێک تێگەیشتن کە پلانەکانیان خراوەتە ژێر مەترسییەوە. ئەگەر کودەتاکە لە کاتی سەرەتایی خۆیدا، واتە نیوەی شەو دەستی پێ بکردایە، بەشێکی زۆری دانیشتووانەکە خەوتبوون. شەقامەکان زۆربەیان چۆڵ دەبوون.


سەرچاوەکان



1847 بینین