سەرۆکی وڵات

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-28-20:20:00 - کۆدی بابەت: 7420
سەرۆکی وڵات

ناوه‌ڕۆك

زاراوەی سەرۆک

سەرۆک یان ڕەئیسی وڵات (بە عەرەبی: رئيس، بە ئینگلیزی: President) ناونیشانێکە بەکاردێت بۆ خستنەڕووی پێگەی بەرزی کەسی یەکەمی وڵات کە هەڵدەستێت بە ڕاپەڕاندنی یەکەمین کارە سیاسییەکانی وڵات.

وشەکە

وشەی سەرۆک لە کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگی (سەر)ـی کە مەبەست لێی لوتکە و سەری شتێکە، لە زمانی عەرەبیش وشەی (رئیس) بەکاردێت کە ئەویش لە وشەی (رأس)ـەوە هاتووە و بە واتای سەر دێت، لە زمانی ئینگلیزیش وشەی (Head of State) بەکاردێت. یاخود بۆ سەرۆکی وڵات زۆرجار وشەی (President) بەکاردێت کە لە کاری presideـی لاتینییەوە هاتووە و واتە "کەسێک هەستا بە کاری سەرکردایەتی".

ئەرکەکان

کار و ئەرکەکانی سەرۆک پەیوەندی بە شوێنێکی دیاریکراوەوە نییە و هەرچەند دامەزراوە و وڵاتەکەی گەورەتر بێت ئەرکی زیاترە و دەبێت ئاگادارتر بێت، بە پێچەوانەشەوە. لە وڵاتدا سەرۆک هەڵدەستێت بە دەرکردنی فرمانە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی و پێویستە ئاگاداری تەواوی ڕووداوەکانی دەوروبەری بێت و بزانێت چۆن هەنگاوی دواتر دەنێت کە گەلەکەی پێ بپارێزێت.

پلەی سەرۆکی وڵات

سەرۆک لە وڵاتانی دیموکراتی

زۆرجار لەو وڵاتانەی کە حکوومەتی دیموکراتی یان حکوومەتێکە کە نوێنەری خەڵکە، سەرۆکەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵدەبژێردرێن و لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە لە ڕێگای هەمان پرۆسەی دامەزراندنیانەوە دووبارە هەڵبژێردرێنەوە، کە ئەمەش لەڕێی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام دەسەڵاتەکانی ئەم جۆرە سەرۆکانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازن،  پۆستەکانی سەرۆکایەتی لە هەندێک وڵات بۆ نموونە وەک سەرۆکی ئیرلەندا تا ڕادەیەکی زۆر پۆستی شانازین و کاری سەرەکی حکوومەت ناکەن. لە کاتێکدا هەندێک سەرۆکی وڵاتان دەسەڵاتیان بە شێوەیەکە کە دەتوانن سەرۆکی حکوومەت یاخود ئەنجوومەنی وەزیران بگۆڕن، یاخود بڕیاری جەنگ بدەن و یاسایەک ڕەت بکەنەوە. لە هەندێک وڵاتیش سەرۆکی وڵات سەرۆکی تەواوی هێزە چەکدارەکانی وڵاتە.

سیستمی سەرۆکایەتی

لەو وڵاتانەی کە پەیڕەوی سیستمی سەرۆکایەتی دەکەن، سەرۆک ئەرکەکانی سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکوومەتیش پەیڕەو دەکات واتە ئاڕاستەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری حکوومەت دەکات و تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ خۆیەتی، سەرۆکەکان لەم سیستمەدا یان بە دەنگی جەماوەر بە شێوەی "ڕاستەوخۆ" یان بە "ناڕاستەوخۆ" یان بە ڕێگای "کۆلێجی هەڵبژێران (ئەمریکا)" هەڵدەبژێردرێن.

لە ئەمریکا سەرکۆمار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی "کۆلێجی هەڵبژێران"ـەوە هەڵدەبژێردرێت، کە لەم جۆرەدا چەند نوێنەرێک لە ویلایەتێک هەڵدەبژێردرێن بەپێی قەبارەی دەنگدەرانی ویلایەتەکە و دەنگدان لە نێوانیان دەکرێت، دواتر نوێنەرەکە پلەکانی سەرووتر دەبڕێت و لە کۆتاییدا دوو نوێنەر دەمێننەوە و یەکێکیان دەبێتە سەرۆکی وڵات.

لە وڵاتی مەکسیک سەرۆکی وڵات لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت و بۆ ماوەی شەش ساڵ دەمێنێتەوە، هەروەها ئەو کەسەی زۆرترین دەنگی بەدەست هێنابێت دەبێتە سەرۆک تەنانەت ئەگەر ڕێژەی سەروو %٥٠ـی تۆمار نەکردبێت.

لە وڵاتی بەڕازیل سەرۆک بۆ ماوەی چوار ساڵ بە دەنگدانێکی ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام دەبێت زۆرترین دەنگ و سەروو ڕێژەی %٥٠ـی بەدەست هێنابێت.

هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقا و تورکیا سیستمی سەرۆکایەتی پەیڕەو دەکەن.

سیستمی نیمچەسەرۆکایەتی

ئەم سیستمە بە سیستمی فەڕەنسیش ناسراوە، لەم سیستمەدا وەک سیستمی پەرلەمانی هەردوو سەروەزیران و سەرۆک بوونیان هەیە، بەڵام بە پێچەوانەی سیستمی پەرلەمانییەوە سەرۆک جاروبار دەسەڵاتی زیاتری هەیە. بۆ نموونە لە فەڕەنسا کاتێک کە حیزبی سیاسی سەرکۆمار زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەدەست دەهێنێت، سەرکۆمار دەتوانێت لە نزیکەوە لەگەڵ پەرلەمان و سەروەزیران کاربکات بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش.

ئەم شێوازە لەلایەن چارلس دی گۆلەوە دامەزرا و بە شێوازی جیاواز لە هەریەک لە فەڕەنسا و فینلەندا و ڕووسیا و ڕۆمانیا و میسڕ و سریلانکا بەکاردێت.

سیستمی پەرلەمانی

سیستمێکی دیکەی حکوومەت ئەو سیستمەیە کە لە کۆمارە پەرلەمانییەکاندا بەکاردێت، کە سەرۆکایەتی کۆمار بە زۆری پێگەیەکی شانازییە و دەسەڵاتێکی زۆری نییە، ئەو وڵاتانەی ئەم سیستمە بەکاردێنن بریتین لە: ئیسرائیل، عێراق، ئیرلەندا، ماڵتا، ئیتاڵیا، نەمسا، هەنگاریا، پۆڵەندا، ئایسلەندا، هیندستان، پاکستان، سەنگاپوورە، ئەڵمانیا و یۆنان.

سەرۆکایەتی بەکۆمەڵ

تەنیا کەمینەیەکی بچووکی کۆمارە مۆدێرنەکان هەن کە تاکە سەرۆکێکی دەوڵەتیان نییە، وەک: 

  • سویسرا: کە سەرۆکایەتی دەوڵەت بە کۆمەڵ دەسپێردرێت بە ئەنجوومەنێکی حەوت ئەندامی بە ناوی "ئەنجوومەنی فیدراڵیی سویسرا"، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکێک بوونی هەیە بەڵام ئەو سەرۆکەش ئەندامێکی ئەنجوومەنی فیدراڵییە و بۆ ماوەی یەک ساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی فیدراڵی (پەرلەمانی سویسرا) هەڵبژێردراوە.
  • هەردوو سەرۆکەکەی سان مارینۆ کە لەلایەن "ئەنجوومەنی گەورە" و "ئەنجوومەنی گشتی"ـیەوە هەڵبژێردراون.
  • لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعی بوو، بەڵام سەرۆکایەتی سۆڤیەتی باڵا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی گشتی دەوڵەتەکەی جێبەجێ دەکرد و سەرۆکی یەکیەتییەکەش لە ڕۆژئاوا بە سەرۆک ناودەبرا.
  • کۆماری یوگۆسلاڤیا: دوای مردنی جۆزێف برۆز تیتۆ هەڵوەشایەوە و هەندێک لە کۆمارە نوێیەکانی سەرۆکی بەکۆمەڵیان هەیە وەک بۆسنە و هەرسک کە خاوەنی ئەنجوومەنێکی سێ کەسییە و یەکێک دەبێتە سەرۆک.

سەرۆک لە سیستمی دیکتاتۆری

لە دیکتاتۆرییەتدا زۆر جار نازناوی "سەرۆک" لەلایەن ئەو سەرۆکانەوە کە بە زۆر یان بەهۆی کودەتاوە هاتوونەتە سەر دەسەڵات بەخۆیان دەدرێت، وەک زۆرێک لە سەرۆکەکانی مێژووی وەک عەیدی ئەمین لە ئۆگەندا و ئەدۆڵف هیتلەر لە ئەڵمانیا و فێردیناند مارکۆس لە فلیپین و سەدام حسێن لە عێراق.

"سەرۆک تاوەکوو کۆتایی ژیان" ناونیشانێکە کە هەندێک لە سەرۆکە دیکتاتۆرەکان بەخۆیانیدا دەبڕن بۆ ئەوەی هەموولایەک دڵنیابکەنەوە کە کەس ناتوانێت تاوەکوو مردنیان دەسەڵاتیان لێ وەربگرێتەوە، بەڵام زۆرینەیان پێش وادەی خۆی یان کوژراون یاخود دوورخراونەتەوە، بەڵام هەندێکیش هەن کە تاوەکوو مردنیان لەسەر دەسەڵات بوون، وەک: "ئەلێکساندەر پێتیۆن، ڕافائێل کاریرا، جۆزێف برۆز تیتۆ، فرانسوا دۆڤالیێر". هەروەها کیم ئیل سۆنگی یەکەمین سەرۆکی کۆریای باکوور بە سەرۆکی هەمیشەیی کۆریا دانراوە لەدوای مردنی.

سۆلا لوسیوس کۆرنلیوس لە ساڵی ٨٢ـی پێش زایین ناسناوێکی نوێی بۆ خۆی دانا بە ناوی "dictator rei publicae constituendae causa" بە واتای "دیکتاتۆر بۆ جێگیرکردنی دەستوور".


سەرچاوەکان



589 بینین