وڕێنە

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-14-01:59:00 - کۆدی بابەت: 7598
وڕێنە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

وڕێنە (بە ئینگلیزی: Delerium) حاڵەتێکی دەروونیی توندە بریتییە لە تێکچوونی لەناکاوی فرمانی هۆش، کە بریتییە لە شێوازی بیرکردنەوە، ڕەفتارکردن و ئاستی ئاگایی، ئەم گۆڕانانەش لە فرمانی هۆش کار دەکەنە سەر توانای یادەوەری و سەرنجدان.  

لە حاڵەتی وڕێنەدا کەسەکە تووشی سەرلێشێوان، ونبوون و سەرسڕمان دەبێت، بێئاگا دەبێت لە ژینگەی دەوروبەری و ناتوانێت بەباشی بیربکاتەوە و شتی بیربێتەوە. زۆرجار ئەم حاڵەتە لەناکاو دەست پێ دەکات و هەروها هەندێک جار بۆ ماوەی کاتی بەردەوام دەبێت و دەکرێت چارەسەر بکرێت. 

جۆرەکان

  • وڕێنەی سست: کاتێک کەسێک ناچالاکە واتا خەواڵوو، ماندوو و خەمناک دەردەکەوێت
  • وڕێنەی چالاک: کاتێک کەسێک بێ ئۆقرەیە و بە جۆش و خرۆشە، میزاجی بەخێرایی دەگۆڕێت و هەلوەسە دەکات، هەروەها ڕەتی دەکاتەوە کە چاودێری بکرێت
  • وڕێنەی تێکەڵ: کاتێک کەسێک لەنێوان نیشانەکانی حاڵەتی چالاک و ناچالاکدا بەخێرایی دێت و دەچێت

نیشانەکان

نیشانەکانی وڕێنە زۆرجار لەناکاو دەست پێ دەکەن لەماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک، هەندێک جار نیشانەکان دێن و دەڕۆن واتا بۆ ماوەیەک نامێنن و دیسان دەست پێ دەکەنەوە، باوترین نیشانەکان بریتین لە:

  • گۆڕان لە وریایی، بۆ نموونە کەسەکە لە ڕۆژدا زیاتر وریا و بەئاگا دەبێت و لە شەودا کەمتر
  • گۆڕان لە ئاستی ئاگایی و هەستکردن بە ژینگەی دەوروبەر، بۆ نموونە لەسەر بابەتێک گیر دەبێت لەجێی ئەوەی کاردانەوەی هەبێت، ناتوانێت سەرنج بخاتە سەر بابەتێک یان داڵغە لێ دەدات
  • شڵەژان و سەرلێشێوان
  • قسەکردنی بێسەروبەر، واتا قسەکردنێک کە هیچ مانایەکی نەبێت
  • تێکچوونی خەو و خەواڵوو بوون
  • گۆڕانی سۆزداری: تووڕەبوون، هەڵچوون، خەمۆکی، بێزاربوون یان زۆر دڵخۆشبوون
  • هەلوەسە و خەیاڵی پڕوپووچ 
  • خۆڕانەگرتن و بێتوانایی لە کۆنترۆڵکردنی خود یان بێئۆقرەیی
  • خاوبوونەوە بێدەنگ بوون 
  • کێشەی هزری: وەکوو کێشە لە یادەوەری، بەتایبەتی یادەوەریی کورتخایەن، زەحمەتی لە قسەکردن و خوێندنەوە و نووسین یان تێنەگەیشتن لە قسەی کەسانر تر

هۆکار 

  • کحول و ماددە هۆشبەرەکان: لە هەردوو حاڵەتی ژەهراویبوون بە بەکارهێنان و وازلێهێناندا دەکرێت ببنە هۆی وڕێنە. کۆنیشانەیەکی مەترسیداری وازلێهێنانێ کحول هەیە کە پێی دەوترێت لەرزە وڕێنە (بە ئینگلیزی: Delirium tremens)، بە گشتی لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە دوای چەند ساڵێک لە خواردنەوی بەردەوامی کحول، وازی لێ دەهێنن.
  • کێشەی مێتابۆلیکی، وەکوو ناهاوسەنگی لە ئەلیکترۆلایتەکاندا بۆ نموونە کەمیی سۆدیۆم یان کالسیۆم
  • خەواندن لە نەخۆشخانە، بەتایبەتی لە یەکەی چاودێریی چڕ
  • تووشبوونی میکرۆبی، وەکوو تووشبوونی میکرۆبیی میزەڕۆ، تووشبوونی میکرۆبیی سییەکان (Pneumonia) و ئەنفلۆنزا (Flu).
  • خەڵەفان
  • وشکبوونەوەی جەستە و بەدخۆراکی 
  • لەکارکەوتنی ئەندامی جەستە، وەکوو گورچیلە و جگەر
  • ژەهراویبوون، وەکوو ژەهراویبوون بە سیاناید و یەک ئۆکسیدی کاربۆن 
  • نەخۆشییە کوشندەکان
  • ئازاری توند
  • خەوزڕان
  • نەشتەرکاری، بۆ نموونە کاردانەوە بۆ سڕکەرەکان

دەرمان

بۆ نموونە کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان، وەکوو هێورکەرەوە و ئۆپیۆیدەکان. یان لەدوای وەستاندنی دەرمانێک.
هەروەها ئەو دەرمانانەی ئەگەر بەیەکەوە وەربگیرێن ئەگەری تووشبوون بە وڕێنە زیاد دەکەن، بریتین لە:

  • ئازارشکێنەکان
  • دەرمانەکانی خەو
  • دەرمانەکانی دەژخەمۆکی و دژەدڵەڕاوکێ
  • دەرمانەکانی هەستیاری (دژەهیستامینەکان) 
  • کۆرتیکۆستیرۆیدەکان
  • دەرمانەکانی نەخۆشیی پارکینسۆن
  • دەرمانەکانی دژەگرژبوون و کەشەنگبوون

کێ لە مەترسیدایە بۆ وڕێنە؟

  • مانەوە لە نەخۆشخانە یان لە خانەی بەساڵاچووان
  • تووشبووانی نەخۆشییەکانی مێشک، وەکوو خەڵەفان، پارکینسۆن و جەڵتەی مێشک
  • پێشینەی وڕێنە
  • پەککەوتنی بینین و بیستن
  • تووشبوون بە نەخۆشیی کوشندە یان هەبوونی زیاتر لە نەخۆشییەک
  • تووشبوون بە میکرۆب
  • پیربوون
  • نەشتەرکاری
  • وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کار لە مێشک و ڕەفتار دەکەن
  • وەرگرتنی ژەمێکی زۆری دەرمانە ئازارشکێنەکان، وەکوو ئۆپیۆیدەکان

دەستنیشانکردن

  • وەرگرتنی مێژووی پزیشکی و پرسیارکردن لەبارەی نیشانەکانەوە
  • تاقیکردنەوەی جەستەیی و دەماری
  • پشکنینی هۆشەکی
  • پشکنینی تاقیگەیی
  • پشکنینی تیشکیی مێشک، وەکوو ئێم ئاڕ ئای سکان و سی تی سکان

وڕێنە و خەڵەفان زۆر نیشانەی هاوشێوەیان هەیە، بۆیە جیاکردنەوەیان زەحمەتە و دەکرێت بەیەکەوەش ڕووبدەن. 

بە گشتی وڕێنە لەناکاو ڕوودەدات و دەکرێت هەلوەسەشی لەگەڵ بێت، دواتر نیشانەکان دەکرێت بەرەو باشبوون یان خراپتر بوون بچن، هەروەها بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند حەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

بەڵام خەڵەفان بەهێواشی پەرەدەسەنێت و نابێتە هۆی هەلوەسە، هەروەها نیشانەکان جێگیرن و بۆ ماوەی چەندین مانگ و ساڵ بەردەوام دەبن.

چارەسەر 

چارسەری وڕێنە بەندە لەسەر هۆکارەکەی و نیشانەکانی، زۆرجار چارەسەرکردنی هۆکاری وڕێنەکە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی وڕێنەکە بەتەواوی. چاکبوونەوەی وڕێنە لەوانەیە چەند حەفتەیەک یان چەند مانگێک بخایەنێت. چارەسەری بەردەست بۆ نیشانەکانی وڕێنە بریتین لە:

کۆنترۆڵکردنی ژینگەی دەوروبەر، بۆ نموونە دابنیکردنی ژوورێکی ئارام، بێدەنگ و ڕووناک، دانانی کاتژمێر و ڕۆژژمێر لەبەرچاو و لەدەوربوونی ئەندامانی خێزان. 

دەرمان

  • دژەخەمۆکییەکان
  • هێورکەرەوەکان
  • بلۆکەرەکانی دۆپامین

هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کەسەکە ئامرازەکانی یارمەتیدانی بیستن و بینینی هەبێت و بەکاریان بهێنێت، وەکوو چاویلکە بۆ باشتربوونی پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەریدا.


سەرچاوەکان



956 بینین