زەینەب غەزالی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-15-14:02:00 - کۆدی بابەت: 7607
زەینەب غەزالی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

زەینەب غەزالی (بە عەرەبی: زینب الغزالي) ژنەبانگخواز و کەسایەتی ناوداری عەرەبی و ئیسلامی، خاوەن کەسایەتییەکی کاریگەر لەنێو کایەی ئیسلامی سیاسی میسڕدا، لە ساڵی 1919 لە گوندێکی دوورەدەستی پارێزگای ئەلدقهەلیەی میسڕ لەدایکبووە، لە خێزانێکی خانەدان و دەستڕۆیشتوو پەروەردە کراوە، باوکی لە زانایانی ئەزهەر بووە، دایکیشی کچی خێزانێکی خانەدانی ناوچەکەی خۆیان بووە و باپیری گەورە بازرگانی لۆکە بووە، لە تەمەنی دە ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و ئەو ڕووداوە کاریگەری لەسەر ژیانیان بەجێدەهێڵێت، بەو هۆیەوە خێزانەکەی کۆچ دەکەن بۆ قاهیرە و لەگەڵ برا گەورەکەی دەژین، لە سەرەتای دەستپێکی خوێندنی برا گەورەکەی ڕێگری کردووە لە خوێندنی، کتێبی بۆ دابین کردووە کە تەنها لە ماڵەوە وانەکانی بخوێنێت، بەڵام بە سووربوون و پێداگری زەینب بۆ فێربوون و زانست لە خوێندنگە حکومییەکان دەستی کردووە بە خوێندن، هەروەها لەسەر دەستی شێخە گەورەکانی ئەو سەردەمەی ئەزهەر زانستی شەرعی و ئایینی وەرگرتووە، نموونەی شێخ "عەبدولمجید ئەلـلەببان" و شێخ "عەلی مەحفوز" کە سەرۆکی گەورە زانایانی ئەو کاتەی ئەزهەر بوو.

ئەزموونی زەینەب غەزالی وەکوو ئەندام لە یەکێتیی ژنانی میسڕ 

لە پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، بەڕێکەوت لە ڕۆژنامەکاندا هەواڵێکی بینی لەسەر یەکێتیی ژنانی میسڕ کە بانگشەی ئەوەی دەکرد بەخششێکی زانستی هەیە بۆ سێ خوێندکار کە بۆ خوێندنی زانکۆ دەنێردرێن بۆ وڵاتی فەڕەنسا، بۆیە سەردانی ناوەندی یەکێتیی ژنانی کرد کە ئەوکات "هودا شەعراوی" پێشەنگ و ڕابەرایەتی یەکیەتییەکەی دەکرد، ناوی بۆ فەڕەنسا دەرچوو بەڵام بەهۆی چەند بارودۆخیکی تایبەتییەوە نەیتوانی گەشتەکە بکات، بۆیە هەر لەوکاتەوە بووە ئەندامێکی کارا لەو یەکێتییە و بانگەشی بۆ مافی ژنان دەکرد، بەهۆی ئەوەی زمانزان و ڕەوانبێژێکی لێهاتوو و چاونەترس بووە و کەسێکی باوەڕپێهێنەر و بەتوانا و بوێر بووە، بۆیە هەمیشە لە بۆنە و کۆبوونەوەکان وتار و گفتوگۆی لەسەر مافەکانی ژنان سازدەدا، هەمیشە دژی کۆت و بەند و سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژنان بووە، هەروەها لە سەرەتای ئەزموونی وەکوو ئەندام لەو دامەزراوەیە دژی چەند بڕیارێکی ئەزهەر بووە، زەینەب غەزالی  پێی وابووە کە دەکرێت لە چوارچێوەیەکی ئیسلامی و ئایینی میانڕەو هەموو داخوازییەکانی ژنان بەدەست بهێنرێت و دەستەبەر بکرێت.

ژیانی سیاسی و بوون بە ئەندام لە ئیخوان موسلیمین

دوای ئەوەی تووشی ڕووداوێکی سووتان بوو لە لێواری مەرگ گەڕایەوە، بە تەواوی وازی لە یەکێتیی ژنان هێنا و چالاکییەکانی تێدا وەستان، ڕووی کردە بانگخوازی بۆیە لە ساڵی 1937 "کۆمەڵەی خانمانی موسڵمان"ـی دامەزراند بۆ بڵاوکردنەوەی بانگخوازیی ئیسلامی، توانی بە ماوەیەکی کورت ناودار بێت و ژمارەیەکی زۆر لە خانمان لە کۆمەڵەکەی سوودمەند بوون و بوونە ئەندام.
پەیوەندی زینەب غەزالی لەگەڵ "ئیخوان موسلمین" دوای ساڵێک لە دامەزراندنی کۆمەڵەکەی خۆی حەسەن بەننا ڕابەر و دانەری حیزبەکە، پێشنیاری بۆ کرد کە بێتە نێو ڕیزەکانی ئیخوانەوە و ببێتە بەڕێوبەری ژنانی ئیخوان، لە سەرەتادا غەزالی داواکەی ڕەتکردەوە، بەڵام دواتر بە فەرمی بووە ئەندامی ئیخوان موسلیمین، لە ئیخوان وەکوو ژنێکی چالاک و قسەزان و ڕەوانبێژ و بوێر ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە نێوەندگیری ئیخوان و لایەنەکانی تری میسڕ، بۆیە لەسەر داوای حەسەن بەننا وەکوو نێوەندگیرێک و نێردراوی وەفدی ئیخوان لەگەڵ سەروەزیرانی ئەو کاتەی میسڕ "موستەفا نەحاس" بەشداری کۆبوونەوەیەکی کردووە، چونکە کەسێکی هاوکاریخواز بووە لە نێوان ساڵانی 1952 بۆ 1954 ڕۆڵێکی بایەخداری بینیوە لە هاریکاری کردنی ئەو خێزانانەی کە ئەندامی ئیخونیان هەبوون بەڵام زیندان بوونە و بارودۆخیان خراپ بووە.

لە سەردەمی"جەمال عەبدولناسڕ" ڕەتیکردووەتەوە چاوی پێ بکەوێت و هەمیشە دژی یاساکانی بووە، بەهیچ شێوەیەک ڕازی نەبووە کۆمەڵەکەی "کۆمەڵەی خانمانی موسڵمان" بچێتە ژێر ڕکێفی یەکێتیی کۆمۆنیزم، بۆیە بە بڕیاری حکومەت کۆمەڵەکەی هەڵوەشێندراوەتەوە و هەموو چالاکییەکانی ڕاگیراوە، لە ساڵی 1965 بەهۆی ئەوەی چاوپێکەوتنی عەبدولناسڕی ڕەتکردەوە ڕاپێچی زیندان کراوە بۆ ماوەی شەش ساڵ بە تۆمەتی جیاجیا و ساختە زیندانی کراوە، قورسترین ڕۆژانی ژیانی لە زیندان ژیاوە و لە کتێبی"ایام من حیاتي - ڕۆژانێک لە ژیانی من" باسی لە ڕۆژەکانی زیندانی کردوە، لەسەر داوای پادشای سعوودیە "فەیسەڵی کوڕی عەبدولعەزیز" لە سەردەمی"ئەنوەر سادات"ـی سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕ ئازاد کراوە، لە دوای ئازادکردنی زەینەب غەزالی لە کاری بانگخوازی نەوەستاوە، بەڵکوو بە گڕوتینێکی زیاتر پەرەی بە بانگخوازیکردنی خەڵکی بۆ ئیسلام داوە، سەردانی چەندن وڵاتی عەرەبی کردووە تێیدا وانە و وتاری ئایینی پێشکەش کردووە.

بەرهەمەکانی

ـ ایام من حیاتي - ڕۆژانێک لە ژیانی من
ـ نظرات في كتاب الله - تێڕوانین لە کتێبەکەی خودا
ـ نحو بعث جدید - بەرەوە زیندووبوونەوەیەکی نوێ
ـ الی ابنتي - بۆ کچەکەم 

کۆچی دوایی

لە ساڵی 2005 لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



707 بینین