چارەسەری بەستنی بۆری ئاو لە زستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-19-14:32:00 - کۆدی بابەت: 7635
چارەسەری بەستنی بۆری ئاو لە زستان

ناوه‌ڕۆك

بەستنی ئاو

لە کەشی سەرما و زستاندا زۆرجار کاتێک پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی زۆر دادەبەزن، بۆرییەکانی ئاوی ماڵان دەیبەستێت و هاوڵاتیان تووشی بێ ئاوی دەبنەوە. چەندین چارەسەری پێشوەختە و دواوەختە بۆ ئەو حاڵەتە هەیە و دەکرێت ڕێگری لێ بکرێت.

بەستنی بۆری ئاو لە زستان

کاتێک بەلووعەی ئاوی ماڵەوە دەکەیتەوە و ئاوی پێدا نایەتە خوارەوە، سەرەتا دڵنیابەرەوە لەوەی بۆرییەکان بێ کێشەن و نەتەقیون، دواتر دڵنیابە لەوەی تانکیی سەرەکی ماڵەوە درز و کونی نییە و هیچ کێشەیەکی نییە. دواتر کە دڵنیابوویتەوە هیچ تەقین و کونێک بوونی نییە و نەهاتنی ئاو بەهۆی بەستنی ئاوەوەیە لە کەشی سەرمادا. دوو هەڵبژاردەت لەبەردەمە:

یەکەم: گەر زانیت توانای کارکردنت لەگەڵ بۆرییەکان نییە و ناتوانیت بەباشی دەستنیشانی بکەیت چ بۆرییەک بەستوویەتی و کێشەی سەرەکی لەکوێیە، دەتوانیت پەیوەندی بە وەستایەکی ئاوەڕۆوە بکەیت بۆ ئەوەی لە سەهۆڵ و بەستوویی ناو بۆرییەکان ڕزگارت بکات.

دووەم: هەوڵبدە خۆت بۆرییە بەستووەکان شل بکەیتەوە و گەرمیان بکەیت، بەڵام دەبێت ئاگاداربیت چونکە دەکرێت ئەمە ببێتە هۆی زیان بۆ بۆرییەکان و تووشی تەقین و شکانیان بکات. بەتایبەت کاتێک زۆرێک لە بۆرییەکانی ئەمڕۆ پلاستیکن.

چارەسەر

ئەگەر زۆر باش نەبوویت لە کاری دەستی و کاری ماڵەوە، واباشترە ئەم کارە بە کەسێکی شارەزاتر بسپێریت، بەڵام گەر لە توانای خۆت دڵنیایت و پێشتر کاری ترت کردووە لە ماڵەوە دەتوانیت کۆمەڵێک کرداری خێرا بکەیت:

بەلووعەیەک بە کراوەیی بهێڵەوە: لەکاتی شلبوونەوە و توانەوەدا، سەهۆڵەکە دەگۆڕێت بۆ ئاو و هەڵم، بۆیە پێویستە دەرچەیەک هەبێت تاوەکوو ئاوی بەستوو بڕواتە دەرەوە و بۆیە پێویستە بەلووعەکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە و ببێتە دەرچەی ڕزگاربوونی هەڵم و ئاوەکە. هەروەها دەرچوونی هەوا لە بەلووعەکەوە یارمەتی خێراتربوونی کرداری شلبوونەوەکە دەدات.

گەرمی بخە سەر شوێنی بەستنەکە: ئەو شوێنەی بۆرییەکە کە بەستوویەتی یان هەر بەشێکی تری بێت، دەتوانیت پارچەیەکی گەرمی بخەیتە سەر بۆ ئەوەی کرداری توانەوەی خێراتر ببێت. بۆ ئەم کارە دەتوانیت سوود لە پەڕۆی گەورەی گەرمکراو، شەڵتەی گەرم یان قوماشی گەرمیی کارەبایی وەربگریت. بەڵام دەبێت ئاگاداری بیت و هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوە لە نزیک بۆرییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەجێ نەهێڵیت چونکە دەبێتە هۆی ڕووداوی نەخوازراو.

بزانە چی نەکەیت: هەرگیز نابێت گەرمکەرێکی وەک پەرەمێز یان هەر شێوەیەک لە شێوەکانی گازی پڕۆپان بەکاربهێنیت بۆ گەرمکردنەوەی بۆرییەکان کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئاگر بەری بکەوێت. چونکە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و توانەوەی بۆرییەکان.

بەکارهێنانی خوێ و شەکر و ڕۆن: ئەم پێکهاتانە دەتوانن پلەی بەستی ئاو نزم بکەنەوە و ڕێگە لە زوو بەستنی تەنکی و بۆریەکان بگرێت، بڕێک شەکر یان ڕۆن یان خوێ دەکەینە ناو تەنکی سەربان و تاڕادەیەکی باش ڕێگە لە بەستنی دەگرێت.

بەردەوامبە: بەپێی کەشی سەرما و ڕێژەی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، کرداری گەرمکردن و تواندنەوەکە دەگۆڕێت و لەوانەیە لە ناوچە شاخاوییەکان کە زیاتر پلەی گەرما نزمە کاتێکی زیاتری پێ بچێت لەچاو شوێنەکانی تر، بۆیە دەبێت بەردەوام بیت و ماندوونەبیت و پێتوابێت سەرناگرێت. دواتر بەلووعەکانی تری ماڵەوە بکەرەوە بۆ ئەوەی دڵنیاببیتەوە لەوەی هیچ بۆرییەکی تر بەستوویەتی یان نا.

لە کاتێکدا ئێمە ناتوانین کەشوهەوا کۆنتڕۆڵ بکەین، هەندێک شت هەیە کە دەتوانین بیکەین بۆ ڕێگەگرتن لە بەستنی بۆریەکان. بۆ نموونە دەکرێت پێشتر ئاوی حەوز و سۆندەکان خاڵی بکەین کە دەزانین دەیبەستێت، یان کاتێک بۆرییەک لە دەرەوەی ماڵەوەیە دەتوانین ئاوی خاڵی بکەین بۆ ئەوەی شەو نەیبەستێت.


سەرچاوەکان



2740 بینین