ئاورۆرا

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-01-29-15:01:00 - کۆدی بابەت: 7732
ئاورۆرا

ناوه‌ڕۆك

ئاورۆرا چییە؟

ئاورۆرا ناسراو بە ڕووناکی جەمسەریی یان ڕووناکییەکانی باکوور (بە ئینگلیزی: Aurora) دیاردەیەکی سرووشتییە، ئەو ڕووناکییە ڕەنگدارانەن کە شەوان لە ئاسمانی ئەو ناوچانەی نزیکی جەمسەری باکوور و باشوورن دەردەکەون. ڕووناکییەکان لە شەواندا دەردەکەون و دەبینرێن، دیمەنێکی جوان و تایبەت لە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا دەنەخشێنن، بەتایبەت لە شەوانی زستاندا کە کاتی شەو تێیدا درێژترە.

سەرچاوەی دروستبوونی ئاورۆراکان

ئاورۆراکان لە شەواندا دەردەکەون بەڵام لە ڕاستیدا سەرچاوەی دروستبوونیان خۆرە، خۆر جگە لە وزەی گەرمی و ڕووناکی، چەندین تەنۆلکە و شێوەی جیاوازی تری وزە بۆ سەر زەوی دەنێرێت، ئەو بوارە موگناتیسیەی بە دەوری زەویدایە لە زۆربەی ئەو وزە و تەنۆلکانەی کە دەکرێت زیانمان پێ بگەیەنن، دەمانپارێزێت، بەڵام خۆر بە بەردەوامی هەمان بڕی وزە نانێرێت، زەوی بە بەردەوامی لەبەردەم شەپۆلی بای خۆریی (wind Solar) یان گەردەلوولی خۆریی (Storm Solar) دایە، یەکێک لەو گەردەلوولە خۆرییانە بە (Ejection Mass Coronal) ناسراوە، کە تێیدا خۆر بڕێکی زۆر لە گازی بارگاوی دەردەپەڕێنێت کە دەتوانن بە خێراییەکی زۆر بە بۆشاییدا بگوازرێنەوە.

چۆنیەتی دروستبوونی ئاورۆراکان 

کاتێک گەردەلوولێکی خۆری بەرەو ڕووی زەوی دێت، هەندێک لە وزە و تەنۆلکە بچووکەکانی شەپۆلەکە دەتوانن بە ناو بوارە موگناتیسییەکەی زەویدا تێپەڕ ببن و لە بەرگەهەوای زەویدا نزیک بە جەمسەرەکان قەتیس دەبن، لەوێدا تەنۆلکەکانی لە خۆرەوە هاتوو بەر ئەو گازانە دەکەون کە لە بەرگەهەوای زەویدا هەن، بەهۆی ئەو بەرکەوتنە لەسەر ئاستی گەردیلەیی، وزە بە شێوەی ڕەنگ دەردەپەڕێت و ئەو دیمەنە سەرنجڕاکێشە دەنەخشێنێت.
لە کاتی بەرکەوتنی تەنۆلکەکان لەگەڵ گەردیلەکانی ئۆکسجین ڕەنگی سەوز و سوور دەردەکەوێت، لە بەشەکانی سەرەوەی بەرگەهەواش بەهۆی هەبوونی گازی نایترۆجین ڕەنگی سووری تۆخ و پەمەیی باو دەردەکەوێت.

شێوەی ئاورۆراکان

ئاورۆراکان بەردەوام لە جووڵەدان و شێوەیەکی دیاریکراویان نییە، وەکو پارچە قوماشێکی جووڵاو وان لە ئاسماندا بەهۆی ئەوەی تەنۆلکەکانی لە خۆرەوە هاتوو بەردەوام لە جووڵەدان وەکو کاردانەوەیەک بۆ هێزی بوارە موگناتیسییەکەی زەوی. 
زانایەکی نەرویجی بۆ یەکەم جار ئەم دیاردەیەی شیکردەوە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ خەڵکی بەم دیاردە سەرسوڕهێنەرە کە ئاسمانی شەوانی ڕووناک دەکردەوە، سەرسام بوون، هەزاران چیرۆک و بیردۆز هەبووە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ئێستا ئێمە پێی دەڵێین ئاورۆرا، بەڵام تا نزیکەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا کەس گومانی ئەوەی نەبوو کە دیاردەکە پەیوەندی بە خۆرەوە هەبێت، زانای نەرویجی کریسچن بێرکڵند: (Birkeland Kristian) یەکەم کەس بوو ئەوەی دۆزییەوە کە سەرچاوەی ئاورۆراکان خۆرە، ئاورۆراکان جگە لە ڕووناکی، دەنگیشیان هەیە چەندەها بەڵگە و گەواهیدەر هەبوون گێڕاویانەتەوە گوایە لە کاتی دەرکەوتنی ڕووناکییەکاندا، گوێیان لە دەنگیش بووە، واتە بەرکەوتنی گەردیلە گازەکان و تەنۆلکەکانی لە خۆرەوە هاتوو تەنها وزە بە شێوەی ڕووناکی دەرناپەڕێنن بەڵکو هەندێک جار دەنگیش دروست دەکەن، گەواهیدەرەکان دەنگەکانیان بە دەنگی فیشکە، چەپڵە و تەقەیەکی کورت و خێرا پەسن داوە، ئەوەی ڕوونە ئەم دەنگانە لەلایەن خەڵک و زانایانەوە بیستراوە، بەڵام هێشتا ڕوونکردنەوەی تەواوەتی زانستی نییە شێوازی دروستبوونی
دەنگەکە ڕوونبکاتەوە، هەسارەکانی دیکەش ئاورۆرایان هەیە هەسارەی زەوی تاکە هەسارە نییە لە سیستمی خۆردا کە ئاورۆرای هەبێت، بەڵکو بە هۆی تەلسکۆبی هابڵەوە تێبینی کراوە هەریەکە لە هەسارەکانی موشتەری و زوحەلیش ئاورۆرایان هەیە. 
ئاورۆرای موشتەری کە لە ڕێگەی هەبڵەوە تێبینی کراوە، ڕەنگەکەی شینە، هەزارەها جار ڕووناکییەکەی لە ڕووناکی ئاورۆراکانی زەوی بەهێزترە، هەسارەی زوحەلیش بەهۆی بوونی گازی هایدرۆجین لەبەرگە هەواکەیدا، ئاورۆراکانی بە ڕەنگی سوور دەبینرێن.

کات و شوێنی بینینی ئاورۆراکان

ئەم دیاردەیە لە دووری ١٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی زەوییەوە ڕوودەدات، لە هەر کاتێکدا بێت ئەگەری ڕوودانی هەیە، ڕۆژ بێت یان شەو، بەڵام تەنها لە شەودا دەتوانرێت لەسەر زەوییەوە ببینرێت، باشترین شوێن بۆ بینینی ئاورۆراکان، لەو ناوچانەیە کە دەکەونە نزیک جەمسەری باشوور و باکووری زەوی دوور لە ڕووناکی شار و شارۆچکەکان، بە تایبەت لە ناوچەکانی (سوید، نەرویج، سیبریا، ئاڵاسکا، کەنەدا، ئەنتارکتیکا و دوورگەی جۆرجیای باشوور. 


سەرچاوەکان



720 بینین