سەید قوتب

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-04-22:20:00 - کۆدی بابەت: 7751
سەید قوتب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و سەرەتای قۆناغەکانی ژیانی

سەید قوتب (بە عەرەبی: سید قطب) بیرمەند و کەسایەتی دیاری جیهانی ئیسلامی، لە گرنگترین بیرمەندەکانی سەردەمی ئیسلامی هاوچەرخە و بە باوکی ڕووحی ئیخوانییەکان دەناسرێت، پاش خۆی بە دەیان کتێب و نووسراو و بابەتی کاریگەری بەجێهێشتووە.
ناوی تەواوی سەید قوتب ئیبراهیم شازلییە، لە ساڵی 1906 لە گوندێکی سەر بە پارێزگای ئەسیوتی میسڕ لەدایکبووە، لە خێزانێکی ئاست مامناوەند پەروەردە کراوە، باوکی ئەندامی "حیزبی نیشتیمانی" ئەو سەردەمە بووە، دایکیشی زۆر کەسێکی پەیوەست بووە بە ئایینی ئیسلامەوە، سەید قوتب سەرەتای خوێندنی لە گوندەکەی خۆیان تەواو کردووە، دوای کۆچی دوایی باوکی، دایکی سەید قوتب و خوشک و براکانی کۆچ دەکەن بۆ شاری قاهیرە، لە قاهیرەوە خوێندنی تەواو کردووە، لە کۆلێجی"دار العلوم" تایبەت بە خوێندنی هاوچەرخ و کلاسیک وەرگیراوە، لە ساڵی 1933 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی تێدا بەدەستهێناوە.
سەبارەت بە ژیانی تایبەتی و لایەنی سۆزداری سەید قوتب هەرگیز ژیانی هاوسەری پێکنەهێناوە و هیچ ژنێک لە ژیانی نەبووە. 

وێستگەکانی ژیانی سەید قوتب

لە سەرەتای ژیانی پیشەیی وەکوو مامۆستای بنەڕەتی وانەی وتووەتەوە، هەروەها لە چەندان ڕۆژنامە و گۆڤار کاری نووسینی کردووە و بابەتی بڵاوکردووەتەوە، لەدوای بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی چەند پۆستێکی کارگێڕی و پەروەردەیی لە "وەزارەتی مەعاریف"ـی میسڕ وەرگرتووە.
لە ساڵی 1948 بۆ وەرگرتنی پسپۆڕی لە بواری بنەما پەروەردەییەکان، حکوومەت ناردی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو گەشتەی کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر کەسایەتی سەید قوتب، پاش گەڕانەوەی بۆ میسر، لە ساڵی 1952 دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لەهەموو پۆستە حکوومییەکان ڕاگەیاند.

کەسایەتی سەید قوتب

هزر و کەسایەتی سەید قوتب کاریگەر بوو بەو ژینگەیەی کە لێی پەروەردە کرابوو، ئەو لە جەنگ و مشتومڕە سیاسی و هزرییەکانی هەرگیز چارەسەری ناوەندگیر و میانڕەوی لەلا پەسەند نەبووە، دژی سیستم و هزری کۆمۆنیزم و سەرمایەداری بووە،
شێوازی نووسینی توند و بەهێز بووە و ڕەخنەگرێکی سەرسەخت بووە، زۆر بوێرانە گوزارشتی لە بیروبۆچوونەکانی کردووە و ڕاجیایی قبووڵ نەبووە، لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە بە توندی هێرشی کردووەتە سەر نەیارانی، کەسێکی ڕاڕا و سەرسەخت بووە، زۆر پەیوەستی بنەما و بیروباوەڕەکەی بووە.
لە کۆتایی بیستەم و سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو، سەید قوتب کاریگەر بوو بە بیرمەندی ناوداری میسڕی "عەباس عەقاد" و پشتگیری دەکرد، دژی بۆچوون و وتەکانی تەها حسێن و ئەحمەد شەوقی بوو، هەروەها لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کارەکانی "نەجیب مەحفوز"، سەید قوتب پشتگیری کردووە و بەرهەمە سەرەتاییەکانی نەجیب مەحفوزی لەلا پەسەند بووە. 

ئەزموونی نووسینی 

ـ ناوەڕۆکی نووسینەکانی سەید قوتب بەندە بە قۆناغەکانی ژیانییەوە، بە نووسینی ئەدەبی و وتاری سادە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەستی پێکرد، پاشان گرنگی دا بە نووسینی بابەتی سیاسی ڕۆژ، دواتر نووسینەکانی تایبەت کرد بە هزری ئیسلامی.
ـ لە سەرەتای ئەزموونی نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆییەکان پارچە نووسین و وتاری بڵاوکردووەتەوە نموونەی گۆڤاری "الرسالە - پەیام" و "لیواء" و چەندانی تر، هەروەها کاری سەرنووسەری بۆ گۆڤاری "الفکر الجدید - هزری نوێ" کردووە، پاشان لە سەردەمی چلەکان، قۆناغی نووسینی پەرەی سەندووە پارچە پەخشان و شیعر و ڕۆمانی نووسیوە، بەڵام لە ساڵی 1950 لەو جۆرە نووسینە وەستاوە و وازی لێهێناوە.
ـ نووسین و بەرهەمە سیاسییەکانی لە نیوەی دووەمی چلەکانەوە دەستی پێکرد، لە دوای شۆڕشی 1952 نووسینەکانی زیاتر دەرکەوتن و ناودار بوون، بەرهەمەکانی لە سەرەتای شەستەکان گەیشتنە ترۆپکی سەرکەوتن و لە زۆر ڕووەوە کامڵ بوون و لەنێو کایەی سیاسی و ئایینی میسڕ و جیهانی عەرەبی تا ئێستاش کاریگەری ماوە.

ئەزموونی حیزبی و زیندان

لە سەرەتای ئەزموونی سیاسی سەید قوتب پشتگیری  کۆمەڵەی "ئەفسەرانی ئازادیخواز"ـی کردووە، کە ئەو کۆمەڵەیە بوون سیستمی پادشایەتی میسڕیان ڕووخاند، چەند بابەتێکی پشتگیری لە ڕۆژنامەکان لەسەریان نووسی، لە ساڵی 1952 "جەمال عەبدولناسڕ" وەکوو ئەندامی دەستەی ڕزگاریخوازان دایمەزراند، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم دەستەیە لەگەڵ بیروبۆچوون و بنەماکانی سەید قوتب نەدەگونجان، شەش مانگ دواتر لە هەموو پۆستەکانی حکوومەت دەستی لەکارکێشایەوە.
ناوەڕۆک و جۆری بەرهەم و نووسینەکانی لە ساڵی 1947ـەوە ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی پەیوەندی بکات بە ئیخوان موسلیمینەوە، لە ساڵی 1953 بە فەرمی بووە ئەندامی ئەو حیزبە، کرایە بەرپرس و بەڕێوبەری چەند بەشێک لە حیزبەکە و ڕۆڵێکی کارای تێدا هەبوو، لە 26ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1954 بەهۆی ڕووداوێکی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی "جەمال عەبدولناسڕ" سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕ، ئیخوان موسلیمین تۆمەتبارکران بە پیلانگێڕی دژی سەرۆک و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پشێوی لە وڵاتدا، بۆیە بە سەدان ئەندامیان ڕاپێچی زیندان کران و دووچاری سزای قورس بوونەوە، سەید قوتب یەکێک بوو لەو ئەندامانەی کە ڕاپێچی زیندان کرا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا دواتر سزاکەی کەم کرایەوە بۆ 15 ساڵ، لە زیندان سەختی و ئەشکەنجەی زۆری بینیوە، بۆیە بەردەوام بوو لە نووسین و هەر لە زیندان ئەو کتێبەی نووسی کە بووە هۆی لە سێدارەدانی کتێبی "معالم الطريق" لە زیندان بڵاوکرایەوە، لە مانگی ئایاری ساڵی 1964 دوای دە ساڵ لە زیندان ئازاد کرا، بەپێی چەند ڕاوبۆچوونێک سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق عەبدولسەلام عارف داوای لە سەرۆکی میسڕ کردووە سەید قوتب ئازاد بکرێت، بەڵام دوای مانگێک لە ئازادکردنی دووبارە دەستگیر کرایەوە، کتێبەکەی و تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی عەبدولناسڕ و پشێوی دروستکردن هۆکاری دەستگیر کردنەکەی بوون، ناوەڕۆکی کتێبەکەی باس لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی دەکات و کۆمەڵگاکانی ئەوکاتەی بە تەکفیری لە قەڵەمدا بوو، هەروەها ڕاڤە و تەفسیری قورئانی تێدا ڕوونکرابووەوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی، کتێبەکە لە هەموو میسڕ قەدەغەکرا و هەموو لەبەرگیراوەکانی لەناوبران، ژمارەیەکی زۆر کەمێ لێ بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەم کتێبە لە جیهانی ئیسلامی زۆر ناودار بوو و بە هەزاران لەبەرگیراوەی لێفرۆشرا و تا ئێستاش ناوداری و کاریگەرییەکەی ماوە.

بەرهەمەکانی

بەرهەمەکانی هەمەجۆرن ئایینی و سیاسی و ئیسلامی زۆرترینیانە، چەند شیعر و پەخشانێکی دیاریکراویشی هەیە، زۆرێک لە بەرهەمەکانی وەرگێڕانی چەندین زمانی جیهانییان بۆ کراوە، هەروەها چەندێن کتێب و بابەت لەسەر شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوەی بەرهەمەکانی نووسراون، گرنگترین بەرهەمەکانی سەید قوتب:

  • النقد الادبي اصوله و مناهجه
  • طفل من القرية (یاداشتنامەی ژیانی خۆیەتی)
  • تصوير الفني في القرآن
  • خصائص التصور الٳسلامي
  • المستقبل لهذا الدين
  • العدالة اجتماعیة في الإسلام
  • في الظلال القرآن 

لە سێدارەدانی

لە سەردەمی زیندانی کتێبی "معالم الطریق"ـی نووسی، ئەو کتێبە هۆکارێکی سەرەکی بوو لە دووبارە دەستگیرکردنەوەی، لە ساڵی 1966 بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی سەرۆک بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچوو، لە کاتی دادگاییکردنەکەی سەید قوتب پارێزەری نەویست، بەڵکوو خودی خۆی داکۆکی لە مافی خۆی کرد، لە 29ـی ئابی هەمان ساڵ بڕیارەکە جێبەجێکرا و سەید قوتب و شەش کەسیتر لە ئەندامی ئیخوان موسلیمین لە سێدارە دران.


سەرچاوەکان



1154 بینین