منداڵە ١١ ساڵەکەت باشتر بناسە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-11-17:19:00 - کۆدی بابەت: 7804
منداڵە ١١ ساڵەکەت باشتر بناسە

ناوه‌ڕۆك

گەشەی جەستەیی منداڵی ١١ ساڵ

تەمەنی ١١ ساڵی بۆ کچان بە زۆری ساڵی دەستپێکی پێگەیشتنە، بۆ کوڕان بە گشتی لە ١٢ ساڵییەوە دەست پێ دەکات، هەندێ کاتیش لە ١١ ساڵییەوە دەست بە پێگەیشتن دەکەن، ئەو ناوچەیەی کە منداڵ لێی دەژی هەرچەند ژینگەیەکی سارد بێت، پێگەیشتن درەنگتر ڕوودەدات و هەرچەندیش گەرم بێت، پێگەیشتن زووتر ڕوودەدات.

پێگەیشتن لای زۆربەی منداڵان ناخۆشە، چونکە گۆڕانێکی زۆر لە جەستەدا ڕوودەدات و ڕەنگە منداڵ لەگەڵیان ڕانەیەت، لەبەر ئەوەی لەم ماوەیەدا ئارەقە ڕژێنەکان دەست بە گەشە دەکەن، ڕەنگە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆنی ئارەقی لێبێت، کەواتە پێویستییان بە گەرماوکردنی زیاترە.

گۆڕانەکانی کچان لە تەمەنی ١١ ساڵی

 • دەستپێکردنی سوڕی مانگانە
 • گەشەکردنی مەمکەکان
 • چەوریی پێست و موو زیاد دەکات
 • موو لە شوێنە هەستیارەکان گەشە دەکەن
 • گەشەکردنی سمت
 • چەوری جەستە زیاد دەکات

گۆرانەکانی کوڕان لە تەمەنی ١١ ساڵی

 • گەورەبوونی ماسولکەکان
 • چەوری لە موو و ڕوخساردا زیاد دەکات
 • گۆڕانی دەنگ
 • گەشەی مووی بن باڵ

گەشەی سۆزداری منداڵی ١١ ساڵ

هەستەکان لە منداڵی ١٢ ساڵ دەگۆڕێن و بەرەو بەدخوویی، بەگوێ نەکردن و توندی دەچن.، منداڵ پێش ١١ ساڵی بەبێ پرسیارکردن یاساکانی ماڵەوە پەیڕەو دەکات، بەڵام لەم قۆناغەوە دەست دەکات بە پرسیارکردن دەبارەی یاساکان، ئەگەر بە دروستی ئاگاداری منداڵ نەبن، ڕەنگە دووچاری ڕەفتاری خراپ ببێت.
لەم تەمەنەوە منداڵ دەست بەوە دەکات کە بڕیارەکانی سەربەخۆ بێت، هەمیشە پرسیار دەکات دەربارەی شتەکان، هەروەها حەزناکات خۆشەویستی خۆتان لە ڕێگای جەستەوە دەرببڕن، خۆشەویستی دەربڕینی جەستەیی وەکوو باوەشکردن نەوازشکردنی ڕەت دەکاتەوە.
منداڵ دەست دەکات بە برەودان بە کەسایەتی خۆی و زۆر گرنگە کە واتای خێزان لای ڕوون بێت، دەبێت گەشتی خێزانی و یاری خێزانی و کۆبوونەوەی خێزانی زیاتر ڕێکبخەن تا زیاتر لە واتای خێزان تێبگات، هەروەها بۆ یارمەتیدانی گەشەی کەسایەتیی، دەتوانن هەندێک لە کارە بچووکەکانی ماڵەوەی پێ بسپێرن.

گەشەی کۆمەڵایەتی منداڵ ١١ ساڵ

لەم تەمەنەوە منداڵ دەست دەکات بە پەسەندکردنی هاوڕێکانی، زۆر تێکەڵی هاوڕێکانی دەبێت، ڕەنگە لەسەر داوای هاوڕێکانی کارێک بکات کە هەرگیز ئەنجامی نەداوە و بیانکات بە پێشەنگی خۆی. پەیوەندی هاوڕێیەتی توند دەبێت و نرخی خێزان کەم دەبێتەوە.

گەشەی بیرکردنەوەی منداڵی ١١ ساڵ

منداڵ تا پێش ١١ ساڵی لە کاتی ئێستایدا دەژی، واتا هەموو ئەو کارانەی دەیکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی دەرئەنجامەکانی ئەنجامی دەدات، بەڵام لە ١١ ساڵییەوە دەست بە بیرکردنەوە لە دەرئەنجامی کارەکان دەکات، لەم تەمەنەوە دەست بە تێگەیشتن و ناسینی بابەتە جیاوازەکان و ڕێگای چارەسەری گونجاوتر دەکات.

قسەکردن و زمان

لەم تەمەنەدا، کێشەکانی قسەکردن وەکوو دەربڕینی هەڵە، بەرەو نەمان دەچن و گەشەی زمانەوانی پێشدەکەوێت.

یاری منداڵی ١١ ساڵ

منداڵ یارییەکانی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بەرەو یاری جدیتر و ڕاستیتر دەڕوات وەکوو وەرزشکردن، لەم تەمەنەدا وزەیەکی زۆری هەیە و نایەوێت لە هاوڕێکانیشی دوابکەوێت. لەوانەیە لەم تەمەنەدا دەست بە هەندێک چالاکی بکات بۆ کات بە سەربردن وەکوو، ڕۆشتن بۆ سینەما یان چوونە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانی.

خواردنی منداڵی ١١ ساڵ

منداڵ لەم تەمەنەوە دەست بە پێگەیشتن دەکات، کەواتە جەستەی پێویستی بە پشوودان و خواردنی زیاترە. هەوڵ بدەن بەرنامەیەکی خۆراکی دەوڵەمەند بە ماددەی ئاسن و پڕۆتین و ڤیتامینتان هەبێت، تاوەکوو منداڵ دووچاری کەمی ئەم ماددانە نەبێت و گەشەی ئاسانتر بێت.

دەبێت چ کاتێک نیگەرانی منداڵی ١١ ببین؟

گەشە و پێگەیشتنی هەر منداڵێک بە خێراییەکی جیاواز ڕوودەدات، کەواتە ڕەنگە ئەو خاڵانەی باسمان کرد دوابکەن بۆ ساڵی داهاتووی تەمەنی، بەڵام ئەگەر منداڵە کچەکەتان لەم تەمەنەدا دەستی بە گەشەکردن نەکرد و لە ساڵی داهاتووشدا گەشەی نەکرد، نیگەرانی ئەم بابەتە ببن و سەردانی پزیشک بکەن.
لەم تەمەنەدا خێزان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، خێزانێکی باش دەتواتنێت لەم تەمەنەدا یارمەتی منداڵەکەی بدات. بۆئەوەی کە یارمەتی منداڵە ١١ ساڵەکەتان بدەن، یەکەمین و گرنگترین شت ئەوەیە کە دەبێت بەتەواوی لێی تێبگەن و دواتر دەتوانن بە سوود وەرگرتن لە ڕەوشتی دروست و بەبێ ئەوەی منداڵ لە خۆتان بڕەنجێنن، یارمەتی بدەن.


سەرچاوەکان



429 بینین