نەوتی خاو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-25-23:13:00 - کۆدی بابەت: 7891
نەوتی خاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێترۆڵیەم (بە ئینگلیزی: petroleum) تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە ئەو هایدرۆکاربۆنانەی کە لە دۆخی شلی و گازی و ڕەقی لە زەویدا دروست دەبن، دەستەواژەی پێترۆڵیەم زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی شلەکەی، بەشێوەیەکی باو پێی دەوترێت نەوتی خاو (بە ئینگلیزی: Crude oil)، بەڵام دەستەواژە تەکنیکییەکەی بریتییە لە پێترۆڵیەم، هەروەها بە گازی سروشتی و جۆرە لینج یان ڕەقەکەی کە بە قیر ناسراوە دەوترێت پێترۆڵیەم، دۆخی شل و گازی پێترۆڵیەم بەشێکی گرنگی سووتەمەنی بەردەکییەکانە (بە ئینگلیزی: fossil fuels).
هایدرۆکاربۆنە شل و گازەکان بەتەواوی لە سروشتدا پەیوەستن و دەربڕینی دەستەواژەی گازی سروشتی و پێترۆڵیەم کورتکراوەتەوە و هەردووکیان پێیان دەوترێت پێترۆڵیەم.
سووتاندنی سووتەمەنییە بەردەکییەکان بڕێکی زۆر لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) دەکەنە هەواوە.

مێژووی بەکارهێنان

بەکارهێنانی بەرهەمی ڕووی زەوی

بڕێکی کەمی پێکهاتنی پێترۆڵیەم لە شێوەی گازی سروشتی و دەڵیانی نەوتی خاوەوە لە سەردەمی کۆنەوە ناسراون، سۆمەری و ئاشووری و بابلییە کۆنەکان زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر نەوتی خاو و قیر و ئەسفاڵتیان لە دەڵیانی گەورەوە دەردەهێنا، نەوتی شل یەکەمجار وەک دەرمان لەلایەن میسڕییە کۆنەکانەوە بەکارهاتووە، وەک پۆشەری برین و مەڵهەم و دەرمانی سکچوون بەکارهاتووە، ئاشوورییەکان و قیریان وەک سزایەک بەکارهێناوە بە ڕشتنی بەسەر سەری کەسانی تاوانبار و یاساشکێندا، بەرهەمەکانی نەوت وەک چەکی جەنگ لە جیهانی کۆندا بەکاردەهات، فارسەکان ٤٨٠ ساڵ پێش زایین لە کاتی گەمارۆدانی سەربازیدا تیریان بەکاردەهێنا کە بە ڕیشاڵی لە نەوت نقومکراو داپۆشرابوو، لە سەرەتاکانی سەدەی زایینیدا عەرەب و فارسەکان نەوتی خاویان دەدڵۆپاند بۆ دەستکەوتنی بەرهەمی گڕگرتوو بۆ مەبەستی سەربازی.
لە ئەنجامی داگیرکاری ئیسپانیا لەلایەن عەرەبەوە هونەری پیشەسازی دڵۆپاندن لە ئەورووپادا لە سەدەی ١٢دا بڵاوبوویەوە.

دەرهێنانی سەرچاوەی سووتەمەنی ژێرزەوی

تاکوو سەرەتاکانی سەدەی ١٩ ڕووناککەرەوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر بە بەراورد بە سەردەمی یۆنانییەکان و ڕۆمانەکان پێشکەوتنی زیاتری بە خۆیەوە بینی، سەرچاوەی ڕووناکی یۆنانی و ڕۆمانییەکان زۆرجار پشتی دەبەست بەو ڕۆنەی کە لەلایەن ئاژەڵەکانی وەک ماسی و باڵندەکان و ڕووەکەکانی وەک زەیتوون و کونجی و چەرەساتەوە بەرهەم دەهێنرا، لەو کاتەی کە لە میزۆپۆتامیا تەختە دەسووتێنرا بۆ دەستکەوتنی ڕووناکی، تاوێری ئەسفاڵت (کە بەردەلم و بەردی کلس لەناو قیر یان پاشماوەی پێترۆڵیەمدا) نقوم دەکرا و لەگەڵ لم یان ڕیشاڵدا تێکەڵ دەکرا بۆ بەکارهێنان وەک ماددەی بنیادنەری ڕووناکی، ویستی ڕووناککەرەوەی باشتر هۆکاربوو بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی نەوتی باشتردا، لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩دا کێرۆسین یان نەوتی خەڵووز کە لە خەڵووزەوە دەردەهێنرا لە ئەمریکای باکوور و ئەورووپا بەکارهێنانێکی باوی هەبوو.
شۆڕشی پیشەسازی بووە هۆی هێنانی پێویستییەکی هەمیشە گەشەکردووی سەرچاوەی هەرزانتری نەوتە چەورکەرەکان و ڕووناکەرەوەکان، هەروەها پێویستی بە سەرچاوەیەکی باشتری وزە هەبوو، لە سەرەتادا سەرچاوەی ئەم وزەیە لە ڕێگەی ماسولکەی ئاژەڵ و مرۆڤەوە و لەڕێگەی سووتاندنی سووتەمەنییە ڕەقەکانی وەک دار و پەیینی گیایی و خەڵووزەوە دەست دەکەوت، کە ئەمانە بە هەوڵێکی زۆر و بە سەختی دەگوازرایەوە بۆ ئەو لایەی کە پێویستی بە سەرچاوەی وزەکە هەبوو، بەڵام لەلایەکی دیکەوە پێترۆڵیەمی شل سەرچاوەیەکی ئاسانتری گۆڕاوی وزەبوو، هەروەها نەوت جۆرێکی خەستتر و ئاڵۆزتر بوو لەهەر سووتەمەنییەکی تر کە پێشتر بەکارهاتبێت.
قۆناغی دەرهێنانی نەوتی خاو لە یەکەم بیرەنەوتی بە سەرکەوتویی هەڵکەندراوەوە سەری هەڵدا، پڕۆژەکە لەلایەن ڕێکخەری بازرگانیی ئەمریکی ئێدوین ئێڵ درەیکەوە سەرپەرشتی دەکرا، تەواوکردنی ئەم بیرە نەوتە لە مانگی ئابی ساڵی ١٨٥٩ بنچینەی پیشەسازی پێترۆڵیەمی جێگیرکرد، لەماوەیەکی کەمدا نەوتی گرانبەهای ژێرزەوی لە کارگەکانی نەوتی خەڵووزیدا کاری لەسەر دەکرا، هەروەها لە کۆتایی ئەو سەدەیەدا کێڵگەکانی نەوت لە چواردە ویلایەت کە لە نیویۆڕکەوە دەستی پێدەکرد تاکوو کالیفۆڕنیا و لە وۆمینگەوە تاکوو تەکساس دۆزرانەوە، لە هەمان ماوەدا کێڵگەکانی نەوت لە ئەورووپا و خۆرهەڵاتی ئاسیادا دۆزرانەوە.

گرنگیی پێترۆڵیەم لە سەردەمی پێشکەوتوودا

لە سەرەتاکانی سەدەی ٢٠مدا، شۆڕشی پیشەسازی پێشکەوتنەکەی گەشتە ئاستێک کە تیایدا بەکارهێنانی نەوتی پاڵفتەکراو بۆ ڕووناککەرەوەکان گرنگییەکەی پێشتری نەما، پیشەسازی نەوت و گاز لەبەر سوودەکەی لە ئامێری بزوێنەردا بەتایبەت بزوێنەری ئۆتۆمبێل بوو بە سەرچاوەیەکی سەرەکی و گەورەی وزە، هەروەها نەوت وەک بەشێکی گرنگی سووتەمەنی پێترۆکیمیایی دادەنرێت، کە گرنگییەکی بنچینەیی هەیە لە ئەو سەرچاوەی وزەیەی کە ئابووری جیهان پشتی پێ دەبەستێت.

پێکهاتەی کیمیایی

بەشی هایدرۆکاربۆن

نەوت بەشێوەیەکی بنچینەیی لە ئاوێتەی دوو توخمی سەرەکی پێکدێت کە بریتیین لە هایدرۆجین و ئۆکسجین، ئەم دوو توخمە چەندین جۆری جیاواز لە پێکهاتەی ئاڵۆزی مۆڵی پێکدەهێنن، جگە لە جیاوای کیمیایی و فیزیایی، هەموو نەوتە خاوەکان نزیکەی ٨٢٪ بۆ ٨٧٪ کێشەکەیان کاربۆنە و نزیکی ١٢٪ بۆ ١٥٪ کێشەکەیان هایدرۆجینە، قیری زیاتر لینج بەشێوەیەکی گشتی جیاوازە لە ٨٠٪ بۆ ٨٥٪ کاربۆنە و لە ٨٪ بۆ ١١٪ هایدرۆجینە، نەوتی خاو ئاوێتەیەکی ئەندامییە کە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەلکینەکان و بەندی یەکی کاربۆن-هایدرۆجین دابەش دەکرێت و شێوگی گشتی بریتییە لە CnH2n+2، یان ئاوێتەی بۆنداری کە شەش بەندی ئەڵقەیی کاربۆن-هایدرۆجینی هەیە، زۆربەی نەوتی خاو بەسەر ژمارەیەکی بێکۆتایی تێکەڵە و بەشدا دابەشکراوە، هەرگیز دوو نەوتی خاو کە لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەرهێنرابن بە تەواوی هاوشێوە نین.
زنجیرەی ئەلکانی پارافینیی: هایدرۆکاربۆن کە پێشی دەوترێت زنجیرەی میسان (CH4)، باوترین هایدرۆکاربۆنە لە نەوتی خاودا، پێکهاتەی سەرەکی گازۆلین پارافینەکانە کە لە پلەی گەرمیی ئاساییدا شلن، ئەو پاشماوەیەی کە لە پاڵفتەکردنی پارافینە کەم چڕییە شلەکانەوە دەست دەکەوێت بریتییە لە پلاستیک و مۆمی پارافینی ڕەق.

زنجیرەی نەفتینی: (بە ئینگلیزی: naphthenic series) کە شێوگە گشتییەکەی بریتییە لە CnH2n ، ئەم زنجیرەیە بەشێکی گرنگی هەموو بەرهەمە شلە پاڵفتەکراوەکانە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە پلەی کوڵانە بەرزەکاندا بەشێکی زۆری پاشماوە تێکەڵەکان پێکدەهێنیت، لەبەر ئەم هۆکارە ئەم زنجیرەیە زیاتر قورسترە، هەروەها پاشماوەی پڕۆسەی پاڵفتەکرندەکەی بریتییە لە ئەسفاڵت.
زنجیرەی ئەڵقەیی بۆندار: کە زنجیرەیەکی ئەڵقەیی لەیەک نزیکی ناتێرە، باوترین جۆری بریتییە لە بەنزین (C6H6)، کە لە هەموو نەوتە خاوەکاندا بوونی هەیە، بەڵام ئاوێتە بۆندارەکان وەک زنجیرە بەشێوەیەکی گشتی تەنها بڕێکی کەمی سەدی نەوتە خاوەکان پێکدەهێنن.

بەشی ناهایدرۆکاربۆنی

جگە لە ژمارەیەکی بێکۆتای ئاوێتەی هایدرۆکاربۆنی ناو نەوتی خاو، گۆگرد و نایترۆجین و ئۆکسجینیش ئاساییانە بەشێکی کەم بەڵام گرنگی نەوتی خاون:

گۆگرد

سێیەمین پێکهاتەی گەردیلەیی نەوتی خاوە، لە جۆرە قورس و مامناوەندەکانی نەوتی خاودا بوونی هەیە، لە مەودای بارستەی مۆڵی سوک و مامناوەندا گۆگرد تەنها لەگەڵ هایدرۆجین و کاربۆندا پەیوەست دەبێت، لە کاتێکدا کە لە بەشی بارستەی مۆڵیی قورسدا لەگەڵ گەردە گەورە فرەبازنەییەکان کە ئۆکسجین و نایترۆجینیشیان تێدایە جێگیر دەبێت، تێکڕای گۆگرد لە نەوتی خاودا کەمتر لە 0,05٪ کێشەکەی پێکدەهێنیت، بەشێوەیەکی گشتی تاکوو چڕی ڕێژەیی (لە ڕێگەی چڕی ڕێژەییەوە سوکی و مامناوەندی و قورسی نەوتی خاو دیاری دەکرێت) زیاد بکات بڕی گۆگرد زیاد دەکات، لە کاتی پاڵفتەکردندا زۆربەی زۆری گۆگرد لە نەوتی خاودا لادەبرێت، لەبەر ئەوەی لە کاتی سووتانی سووتەمەنییەکەدا ئۆکسیدی گۆگرد دەچێتە هەواوە کە پیسکەرێکی ژینگەیە، هەروەها وەک ماددەی زیانبەخش کاردەکەنە سەر ئامێری بە پڕۆسەکردنی نەوت.

ئۆکسجین

بڕی ئۆکسجین لە نەوتی خاودا ٢٪ لە کێشەکەی کەمترە، هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وەک بەشێکی ئاوێتە هایدرۆکاربۆنە قورسەکان ڕۆڵ دەبینێت، لەبەر ئەم هۆیە زۆربەی ئۆکسجین لە نەوتە خاوەکاندا بوونی هەیە.

نایترۆجین

لە زۆربەی نەوتە خاوەکاندا بوونی هەیە، هەروەها ڕێژەی نایترۆجین بە بڕی 0.1%ـی لە کێشی نەوتی خاوەکە کەمترە، زۆربەی نەوتە خاوەکان کلۆریدی سۆدیۆمیشیان تێدایە کە وەک گۆگرد لادەبرێت.

زۆربەی توخمە کانزاییەکان کە لە ئاوی دەریادا بوونیان هەیە لە نەوتی خاودا دۆزراونەتەوە، کە ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەستی لەنێوان ئاوی دەریا و ئەو جۆرە ئاوێتەیەی کە نەوتی خاوی لێوە ڕێکدەخرێت، لەسەروو هەموویانەوە باوترین توخمی کانزایی ناو نەوتی خاو بریتیین لە ڤەنادیۆم و نیکڵ.

تایبەتمەندیی فیزیایی

نەوتی خاو پێکدێت لە زنجیرەی پەیوەستی نزیک لەیەکترەوە کە ئەم زنجیرانە لە تێکەڵەیەکی ئاوێتەی هایدرۆکاربۆنی پێکدێن کە لە گازۆلینەوە دەست پێدەکات تاکوو ڕەقە قورسەکان، ئەو تێکەڵە جیاوازانەی کە نەوتی خاو پێکدەهێنن دەکرێت لە ڕێگەی پاڵفتەکردنەوە و لەژێر زیادکردنی پلەی گەرمی لەیەکتر جیابکرێنەوە بۆ ئەم پێکهاتانە: گازۆلین، کێرۆسین، ڕۆنی چەورکەر، پاشماوەی نەوتی ڕەش، قیر و پارافین کە ئەم پێکهاتانەی باسکران لە سووکترینەوە بۆ قورسترین ڕیزکراون، نەوتە خاوەکان لە تایبەتمەندی فیزیایی وەک چڕی ڕێژەیی و لینجی و ڕەنگدا جیاوازن.


سەرچاوەکان



1912 بینین