میخائیل تۆلستیخ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-02-23:18:00 - کۆدی بابەت: 7913
میخائیل تۆلستیخ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میخائیل تۆلستیخ یان گیڤی (بە ڕووسی: Михаи́л Серге́евич Толсты́х، بە عەرەبی: ميخائيل سيرجيفيتش تولستيخ، بە ئینگلیزی: Mikhail Choudray Tolstykh) ئەو سەربازە ئۆکرانییەیە کە لە ماوەی دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەکدا بە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناوبانگی پەیداکرد کە تێیدا لەکاتی ڕووداوێکی تەقینەوەدا جگەرە دەکێشێت و هیچ خۆی تێکنادات و تەنیا بە خەمساردییەوە تەماشای ڕووداوەکە دەکات. ئەم ڤیدیۆیە گیڤی وەک کەسێکی بەجەرگ و بەهێز ناساند.

ژیان

میخائیل چۆودرەی تۆلستیخ لە ١٩٨٠/٧/١٩ لە شاری ئیلۆڤیسکی وڵاتی ئۆکرانیا لەدایکبووە، لە ١٩٩٨ بۆ ٢٠٠٠ لە سوپای ئۆکرانیادا خزمەتی کردووە و دواتر لە کارگەی گوریس و دواتریش وەک پاسەوانی سۆپەرمارکێت کاری کردووە. لەبەرئەوەی کێشەی لە قسەکردن هەبووە لە سوپای ئۆکرانیا دوورخراوەتەوە. بنەچەی باپیری دەگەڕێتەوە بۆ جۆرجییەکان و ناسناوەکەی ئەویش کە جیڤییە جۆرجییە.

لە سەرەتاکانی جەنگی دۆنباس دەڕواتە بەرەی هەڵگەڕاوەکانی دژی ئۆکرانیا و لە شەڕی ئیلۆڤیسک بەشداری دەکات. لە شەڕی فڕۆکەخانەی دۆنیتسکی دووەمدا دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆنی کۆماری گەلی دۆنیتسک. لەنێو سوپای شۆڕشگێڕانی کۆماری گەلی دۆنیتسک بە پلەی پێشکار تاوەکوو کاتی مردنی خزمەتی کردووە.

بەناوبانگ بوون

ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک دەربارەی شەڕ و کەسایەتی تۆلستیخ سەردانی دەکەن، لەوێ لەکاتی قسەکردنی گیڤی هاوەنێک لە نزیک شوێنی کۆبوونەوەکە دەتەقێتەوە و هەمووان دەشڵەژێن، تۆلستیخ لەگەڵ کێشانی جگەرەکەیدا سەیرێکی شوێنی تەقینەوەکە دەکات و هیچ کاردانەوەیەکی نابێت بەرانبەری. بەمەش ئەو وەک کەسێکی چاونەترس دەرکەوت.

سزا

لە ٢٠١٥/٢/١٦ لەلایەن ئەنجوومەنی ئەورووپی خرایە نێو لیستی کەسە سزادراوەکان. لە ساڵی ٢٠١٦یش لەلایەن ئۆکرانیاوە بە کۆمەڵێک تۆمەتی تاوانکاری تۆمەتبار کرا، وەک: دروستکردنی ڕێکخراوی تیرۆرستی و ڕفاندن و بەخراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دیلی جەنگ.

لە حوزەیرانی ٢٠١٥ کۆمەڵێک ڤیدیۆی تۆلستیخ بڵاوبوویەوە لەکاتی سزادان و سوکایەتی کردن بە سەربازە ئۆکرانییە دیلەکان لە شەڕی دووەمی فڕۆکەخانەی دۆنیتسک. لە ڤیدیۆکاندا بە ڕوونی دەرکەوتووە و بە چەقۆیەکەی ئاماژە دەکات و نیشانەی ئاڵای ئۆکرانیا لەسەر شانی سەربازەکان دەدڕێنێت و دەرخواردیان دەدات.

مردن

لە بەرەبەیانی ٢٠١٧/٢/٨ و لەکاتی کارکردنی لە نووسینگەکەی لە دۆنیتسک، بەهۆی موشەکێکی RPO-A Shmelـەوە کە لە شوێنێکی نادیارەوە هاوێژرابوو کوژرا. دواتر بەرپرسانی کۆماری گەلی دۆنیتسک هێزەکانی ئۆکرانیایان بە کوشتنی تۆلستیخ تۆمەتبار کرد و ئۆکرانیاش ڕەتی کردەوە.


سەرچاوەکان



655 بینین