بەیرووت

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-09-20:45:00 - کۆدی بابەت: 7950
بەیرووت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەیرووت (بە ئینگلیزی: Beirut، بە عەرەبی: بيروت)، پایتەخت و گەورەترین شاری لوبنانە، لە ساڵی 2014دا ژمارەی دانیشتوانی گەورەشاری بەیرووت 2.2 ملیۆن کەس بووە، کە دەیکات بە سێیەم گەورەترین شاری ناوچەی ڕۆژهەڵات، ئەم شارە دەکەوێتە نیمچەدوورگەیەک لە ناوەڕاستی کەناری دەریای سپی ناوەڕاستی لوبنان.

مێژوو و گرنگی شارەکە

بەیرووت زیاتر لە 5000 ساڵە خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە و یەکێکە لە دیارترین شار و ناوچەکانی دەوروبەری‌ فینیکیا، بەمەش دەبێت بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیهان، یەکەم ئاماژەی مێژوویی شاری بەیرووت لە (تل العمارنة)ـی شانشینی نوێی میسردا دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 14ی پێش زایینی، ئەم شارە مێژوویەکی زۆر درێژی هەیە، بەدرێژایی مێژوو چەندین جار دەستی بەسەردا گیراوە، تێکشکێنراوە و نۆژەنکراوەتەوە، لە ماوەی ساڵانی 1500کاندا شارەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە، بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم، شارەکە پەیوەندییەکانی خۆیی لەنێو دەسەڵاتە ئەورووپییەکاندا بەهێزتر کرد و وەکوو بەندەرێکی سەرەکی و ناوەندێک بۆ چالاکی بازرگانی گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینی، شاری بەیرووت شوێنی بەڕێوبردنی کاروبارەکانی حکوومەتی لوبنانە و ڕۆڵی سەرەکی لە ئابووری لوبناندا دەبینێت، لەگەڵ ئەوەشدا بنکەی چەندین بانک و کۆمپانیا لە شارەکەدان، ئەم شارە بەندەرێکی گرنگی دەریاییە بۆ وڵات و ناوچەکە، هەروەها لەلایەن جیهانگەری و تۆڕی توێژینەوەی شارەکانی جیهانەوه بە شارێکی جیهانی بێتا دادەنرێت، بەیرووت بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنان و تەقینەوەی گەورە لە بەندەری بەیرووت زیانی زۆری بەرکەوتووە.

دانیشتوانی بەیرووت

شاری بەیرووت لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری وڵاتەکەیەتی، لەڕووی دیمۆگرافییەوە یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکان دەربارەی بەیرووت ئەوەیە کە لە ساڵی 1930ـەوە سەرژمێری فەرمی دانیشتوانی شارەکە نەکراوە، بۆیە ژمارەی دنیشتوانی لە سەرچاوەیەکەوە بۆ سەرچاوەیەکی تر جیاوازە و بەپێی خەمڵاندن ژمارەی دانیشتوانی خودی شارەکە بە 361,000 کەس خەمڵێندراوە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی بەیرووت و ناوچەکانی دەوروبەری بە 2.2 ملیۆن کەس دادەنرێت، یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی شاری بەیرووت ئەوەیە کە یەکێکە لەو شارانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەندین ئایینی جۆراوجۆری تێدایە، لەم ناوچەیەدا 18 ئایینی ناسراو هەیە، کە ئەوانیش چوار گروپی موسڵمان، دوازدە گروپی مەسیحی و گروپێکی جوولەکە لەخۆ دەگرێت، دانیشتوانی شارەکە تا ڕادەیەک باش تێکەڵ بوون و دوای شەڕی ناوخۆ  جیاکاری ڕوویدا، بە شێوەیەکی سەرەکی بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە مەسیحییەکانی لێ نیشتەجێیە، لە کاتێکدا بەشی ڕۆژئاوای شارەکه موسڵمانی سوننەی لێ نیشتەجێن، مەسیحییەکان ڕێژەی لە ٪35ی دانیشتوانی بەیرووت پێک دەهێنن، لە کاتێکدا موسڵمانەکان 63٪ی کۆی دانیشتوانی شارەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دروزی 1٪ و ئەوانی تر 1٪ی دانیشتوان پێک دەهێنن.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، هاوینی شاری بەیرووت مامناوەند، گەرم و وشکە، تێکڕای پلەی گەرمی ساردترین مانگی ساڵ لەسەرووی سفر پلەی سەدییەوەیە، بەلایەنی کەمەوە یەک مانگ تێکڕای پلەی گەرمی لەسەرووی 22 پلەی سەدییەوەیە، هەروەها چوار مانگیش پلەکانی گەرما دەگەنە 10 پلەی سەدی، وەرزەکانی بەهار و پاییز گەرمن بەڵام کورتن، زستانی شارەکە مامناوەند و باراناوییە، تێکڕای ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شاری بەیرووت 825 ملیمەترە و بەزۆری لە مانگەکانی تشرینی یەکەم تا نیسان دەبارێت، بارانی وەرزی بەهار و پاییز بەزۆری بارانی بەخوڕە و لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراودا دەبارێن، بەڵام بارانی وەرزی زستان چەندین ڕۆژ بەردەوامە و بە نەرمی دەبارێت، ئەگەر لە هاوینیشدا باران ببارێت ئەوا ڕێژەکەی زۆر کەمە، هەروەها بەفربارین زۆر بە دەگمەن ڕوودەدات جگە لە سنوورە شاخاوییە ڕۆژهەڵاتییەکان نەبێت کە بەهۆی بەرزاییەکەیانەوە بەفریان لێ دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی چەند جارێک و زۆربەی کات لە وەرزی زستاندا تەرزە دەبارێت.

هەندێک لە شوێنە بەناوبانگە گەشتیارییەکانی شارەکە

  • زانکۆی ئەمریکی بەیرووت (AUB)
  • مۆزەخانەی نەتەوەیی بەیرووت
  • شاری بیبلۆس
  • مزگەوتی محەممەد ئەل ئەمین
  • بازاڕی بەیرووت
  • شارۆچکەی بەعلبەک
  • مۆزەخانەی سورسۆق
  • گەرماوی ڕۆمانی
  • گۆڕەپانی شەهیدان
  • بەردی کۆتر
  • سەرای گەورە یان بینای حکوومەت
  • گوندی سەیفی
  • کۆشکی بەیت ئەل دین


سەرچاوەکان



532 بینین