ئەلکینەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-03-23:27:00 - کۆدی بابەت: 8126
ئەلکینەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە زانستی کیمیادا ئەلکین (بە ئینگلیزی: alkene) بەو هایدرۆکاربۆنانە دەوترێت کە بەندی دووانی کاربۆن-کاربۆنیان تێدایە، شێوگە گشتییەکەیان بریتییە لە CnH2n، ئەم ئەلکینانە زۆرجار پێشیان دەوترێت ئۆلیفین (بە ئینگلیزی: olefin) کە هەر هایدرۆکاربۆنێکە یەک دانە یان زیاتری بەندی دووانی تێدابێت، ژمارەی گەردەکانی هایدرۆجین لە ئەلکینەکاندا دوو ئەوەندەی ژمارەی گەردەکانی کاربۆنە.

ئەم خشتەیەی خوارەوە پێکهاتووە لە چەند ئەلکینێک:

ناوی ئەلکین بە کوردی ناوی ئەلکین بە ئینگلیزی شێوگ
ئیسین

Ethene 

(C2H4)
پڕۆپین

Propene

 (C3H6)

بیوتین Butene  (C4H8)
پێنتین Pentene  (C5H10)
هێکسین Hexene  (C6H12)
هێپتین Heptene   (C7H14)
ئۆکتین Octene   (C8H16)
نۆنین Nonene   (C9H18)
دێکین Decene  (C10H20)

تایبەتمەندیی فیزیایی

زۆربەی ڕەوشتە فیزیاییەکانی ئەلکان و ئەلکینەکان هاوشێوەن، هەردووکیان بێڕەنگ و بێجەمسەر و گڕگرتوون، دۆخی فیزیاییان پشت دەبەستێت بە بارستە مۆڵییەکەیان، سادەترین ئەلکینەکانی وەک: (ئەسیلین، پڕۆپیلین و بیوتین) لە پلەی گەرمی ژووردا گازن، ئەو ئەلکینە هێڵییانەی کە لە نزیکەی پێنج بۆ ١٦ گەردی کاربۆن پێکدێن شلن، ئەوانەشی کە لە کاربۆنی زیاتر پێکدێن ڕەقی شێوە مۆمیین. پلەی توانەوەی ڕەقەکانیش بە زیادبوونی بارستەی مۆڵییان زیاد دەکات.

بەشێوەیەکی گشتی ئەلکینەکان بۆنێکی بەهێزتریان لە ئەلکانەکان هەیە، ئەسیلین بۆنێکی شیرین و سواوی هەیە.

توانای توانەوە

ئەلکینەکان بەهۆی تایبەتمەندیی بێجەمسەرییانەوە لە ئاودا نەتواوەن، بەڵام لە توێنەرە بێجەمسەرەکانی وەک بەنزین بە تەواوی تواوەن.

پلەی کوڵان

پلەی کوڵانی ئەم ئاوێتانە بە زیادکردنی ژمارەی کاربۆنەکانیان زیاد دەکات، کاتێک ئەلکینەکان لەگەڵ ئەلکانەکاندا بەراورد دەکرێن، ئەوە دەبینرێت کە ئەگەر ئەلکینێک و ئالکانێک هەمان پێکهاتەی کاربۆنییان هەبێت پلەی کوڵانی هەردووکیان وەک یەکە، پلەی کوڵانی زنجیرە هێڵییەکانی ئەلکینەکان زیاترە لە زنجیرە لقدارەکان.

جەمسەرداری

ئەلکینەکان هەروەک ئەلکانەکان جەمسەرداری لاوازن، بەڵام توانای کارلێککردنیان کەمێک زیاترە لەبەر بوونی بەندی دووانی کاربۆن-کاربۆن تیایاندا.

ناونان

چەند یاسایەکی بنچینەیی هەیە بۆ ناونانی ئەلکینەکان بە پێی سیستمی ئایوپاکی نێودەوڵەتی (IUPAC):

  • درێژترین زنجیرەی گەردەکانی کاربۆن کە بەندی دووانی تێدایە بە زنجیرەی باوان دادەنرێت، بە هەمان ڕیزبەندی ناونانی ئەلکانەکان زنجیرەکە ناودەنرێت، بەڵام کۆتایی بە (ین) دێت لەجیاتی (ان)، کەواتە ئاوێتەی CH2=CHCH3 پێی دەوترێت پڕۆپین.
  • ئەگەری چوار کاربۆن یان زیاتر لە زنجیرەکەدا هەبوو ئەوا دەبێت شوێنی بەندە دووانییەکە دیاری بکرێت، چونکە گەردەکانی کاربۆن دەژمێردرێن، کەواتە یەکەمین ئەو دوو کاربۆنەی کە بە بەندی دووانی بەیەکەوە بەستراون دەبێت کەمترین ژمارە وەربگرن لەو ژمارانەی کە دەتوانرێت بۆیان دابنرێت، بۆ نموونە: ئاوێتەی CH3CH=CHCH2CH3 بەندە دووانییەکەی دەکەوێتە نێوان کاربۆنی دووەم و سێیەم، کەواتە ناوەکەی دەبێت بە ٢-پێنتین نەک ٣-پێنتین.
  • کۆمەڵە گۆڕاوەکانی ئەلکینەکان وەک ئەلکانەکان ناودەنرێن، هەروەها شوێنەکەیان بە ژمارە دیاری دەکرێت، کەواتە ئەم ئاوێتەیەی خوارەوە پێی دەوترێت ٥-مەسیل-٢-هێکسین، ئەوە بزانە کە ژماردنی زنجیرەی باوان هەمیشە بەو شێوەیە دەبێت کە کەمترین ژمارە وەربگرێت، هەتا ئەگەر ببێتە هۆی ئەوەی کە لقەکان (کۆمەڵە گۆڕاوەکان) زۆرترین ژمارە وەربگرن، هەمیشە بەندی دووانی لەپێش کۆمەڵە گۆڕاوەکانەوە کەمترین ژمارەی بۆ دادەنرێت.

بەکارهێنان

نموونەی بەکارهێنانی ئەلکینە جیاوازەکانی وەک ئیسین و پرۆپین بریتیین لە:

  • بەرهەمهێنانی پلاستیکی وەک پۆلیسین بۆ دروسکردنی جانتا و دەفر.
  • بەرهەمهێنانی پۆلیستایرین کە بەکاردێت لە دروستکردنی کەیسی باتری ئۆتۆمبێل و چەند بەشێکی ساردکەرە.
  • دروستکردنی ئیسان-٢،١-دایۆڵ کە بەکاردێت وەک دژەبەستن بۆ ڕادیەیتەری ماتۆڕی ئۆتۆمبێل
  • دروستکردنی ئیسانۆڵ
  • دروستکردنی دژەتەقەتەق لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلدا
  • دروستکردنی پڕۆپاناڵ کە بەکاردێت لە دروستکردنی ئەسیتۆن (لابەری بۆیەی نینۆک)
  • دروستکردنی ڕیشاڵی ئەکریلیک

چۆن تاقیکردنەوەی بوونی ئەلکین لە گیراوەیەکدا دەکرێت؟

گیراوەی ئاویی بڕۆمین بەکاردێت بۆ تاقیکردنەوەی بوونی ئەلکین، ئەگەر ئەلکین لەناو ئەم گیراوەیەدا بشڵەقێنرێت ئەوا گیراوەکە بێڕەنگ دەبێت.


سەرچاوەکان



709 بینین