محەمەد قازی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-04-06-01:54:00 - کۆدی بابەت: 8148
محەمەد قازی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەممەد قازی (بە عەرەبی: محمد قازي، بە ئینگلیزی: Muhammad Ghazi) لە 03-08-1913 لەدایکبووە، یەکێک بووە لە ناودارترین وەرگێڕەکانی ئێران. 12ی گەلاوێژی ساڵی 1292ی کۆچی هەتاوی (1913ی زایینی) لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. بۆ خوێندن ڕووی کردە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر برد. ساڵی 1315 لە دارەلفۆنوون کە بەناوبانگ ترین خوێندنگەی تاران بوو خوێندنی و زانکۆی تەواو کرد و سێ ساڵ دواتر، لە 1318دا بڕوانامەی مافی لە زانکۆی تاران وەرگرت. ساڵی 1320 لە وەزارەتی دارایی دامەزرا. 1323 ژنی هێنا و دوو منداڵیان بوو، بە ناوەکانی مریەم و فەرهاد. ساڵی 1337 لەلایەن زانکۆی تارانەوە خەڵاتی باشترین وەرگێڕی درایە. ساڵی 1337 خێزانی کۆچی دوایی کرد. ساڵی 1349 ژنی هێنایەوە. ساڵی 1354 دوچاری شێرپەنجەی قوڕگ بوو و بۆ چارەسەری ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد. پاش گەڕانەوەی ئیتر بەبێ میکڕۆفۆنێکی سەر قوڕگ کەس دەنگی نەدەبیست. ساڵێک دواتر، لە 1355 بەهۆی ئازاری نەخۆشیەکەیەوە داوای خانەنشین بوونی کرد و خانەنشین کرا. زۆربەی کارەکانی لە بواری وەرگێڕان لە زمانی فەڕەنسیەوە بۆ زمانی فارسییە. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی وەرگێڕانی ڕۆمانی دۆن کیشۆتە کە خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕانی لە ساڵەکانی 1336 و 1337 بەدەستهێنا. جگە لە وەرگێڕان، قازی چەن بەرهەمیشی نووسیوە کە ئەوانیش هەر بە زمانی فارسیین. بە هاوکاریی ئەحمەد قازی ڕۆمانی ژانی گەلی برایم ئەحمەدیشی لە کوردییەوە کردە فارسی. قازی بێجگە لە توانای لە بواری وەرگێڕان، خاوەن بیر و زەینێکی سەیر بوو و هەزاران شێعری لەبەربوو. جگە لەوەش خۆی شیعری دەنووسی. 
ساڵی 1386 لە مەیدانێک بە ناوی خۆیەوە، پەردە لە سەر پەیکەری چوار مەتری محەمەد قازی لا درا، کە دەست و نەخشی هونەرمەندی سنەیی مامۆستا هادی زیائوددینییە.
لە مووزەی مامۆستا هێمن (بە فارسی: موزە مفاخر فرهنگی و هنری سرای هیمن) لە شاری مەهاباد دیوێک بە ناوی محەمەد قازییەوە کراوە و بێجگە لە بەرهەمە چاپکراوەکانی، بەشێک لە یادگارەکانی ئەویشی تێدا پارێزراوە.

بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی سەر زمانی فارسی

  • سناریوی دن کیشو - سناریۆی دۆن کیشۆت
  • کلود ولگرد - کلۆدی بەڕەڵا
  • سپیددندان - دان چەرموو
  • جزیرە پنگوئن ها - دوورگەی پەنگۆئەنەکان 
  • در آغوش خانوادە - لە ئامێزی بنەماڵەدا
  • شاهزادە و گدا - شازادە و گەدا
  • آخرین روز یک محکوم - دوایین ڕۆژی مەحکوومێک
  • شازدە کوچولو - شازادە چکۆلە
  • سادە دل - سادەدڵ
  • نظری بە طبیعت و اسرار آن - چاوخشاندنێک بەسەر سروشت و سوڕییدا
  • داستان کودکی من - چیرۆکی مناڵیم
  • تاریخ مردمی آمریک - مێژووی نەتەوەی ئەمریکا
  • تاریک‌ترین زندان - نووتەکترین بەندیخانە
  • نیە توچکا - نیەتووچکا
  • مادام بوواری - مادام بۆڤاری
  • مھاتما گاندی - مھاتما گاندی
  • دوریت کوچک - دوریتی بچکۆلە
  • طلا - ئاڵتوون
  • مردە ریگ - میرات
  • نان و شراب - نان و شەڕاب
  • مادر - دایک
  • دکتر کنوک - دوکتور کنۆک
  • تپلی - خەپەتۆڵە
  • آدم‌ھا و خرچنگ‌ھا - مرۆکان و قرژاڵەکان
  • دربارە مفھوم انجیل‌ھا - لە مەڕ مانای ئینجیلەکانەوە
  • آزادی یا مرگ - ئازادی یا مەرگ
  • ناپلئون - ناپێلئۆن 
  • مسیح باز مصلوب - مەسیحی دیسان لە خاچدراو
  • ایالات نامتحد - ویلایەتە یەک-نەگرتووەکان
  • بردگان سیاە - قولەڕەشە کۆیلەکان
  • ماجرای یک پیشوای شھید - سەربردەی پێشەوایەکی شەھید
  • سرمایەداری آمریکا - سەرمایەداریی ئەمریکا
  • ماجراجوی جوان - گورێخی گەنج
  • پولینا چشم و چراغ کوھپایە - پولینا چاو و چرای پێدەشت
  • فاجعە سرخپوستان آمریکا - کارەساتی سوورپێستەکانی ئەمریکا
  • باخانمان - لەگەڵ خانمان
  • قربانی - قوربانی
  • بیست کشور آمریکای لاتین - بیست وڵاتی ئەمریکای لاتین
  • سگ کینەتوز - سەگی قین‌ لەزگ
  • بی ریشە - بێ ڕیشە
  • زن نانوا - ژنی نانکەر
  • قلعە مالویل - قەڵای مالویێل
  • زوربای یونانی - زۆربای یۆنانی
  • پنج قصە - پێنج چیرۆک
  • درد ملت - ژانی گەل
  • کمون پاریس - کۆمۆنەی پاریس
  • در نبردی مشکوک - لە شەڕێکی گوماناویدا
  • مادر - دایک
  • زمین و زمان - زەمین و زەمان
  • کلیم سامگین - کەلیمی سامگین
  • در زیر یوغ -لە ژێر نیرە
  • عروج - ھەڵکشان
  • حلقە سوم - گەوی سێھەم
  • کرد و کردستان - کورد و کوردستان
  • دکامرون - دێکامروون
  • تاریخ ارمنستان - مێژووی ئەرمەنستان
  • پسرک روزنامە فروش - کوڕیژگەی ڕۆژنامەنووس
  • آلاخون والاخون - ماڵ بە کۆڵ
  • سقوط پاریس - ھەرەسی پاریس
  • صلاح‌الدین ایوبی - سەلاحەدینی ئەییووبی
  • غروب فرشتگان - ئاوابوونی فریشتەکان
  • کوروش کبیر - کۆرشی مەزن
  • چھل روز موسی داغ - چل ڕۆژی مووساداغ
  • سمرقند - سەمەرقەند

سەرجەم نووسراوەکانی دەستی محەمەد قازی

  • زارا، عشق چوپان (بە کوردی: زارا، ئەوینی شوان)  لە ساڵی 1319
  • خاطرات یک مترجم (بە کوردی: بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک) لە ساڵی 1371
  • سرگذشت ترجمەهای من (بە کوردی: سەربردەی وەرگێڕانەکانی من) لە ساڵی 1373

کۆچی دوایی

ڕۆژی 24ی سەرماوەزی ساڵی 1376ی کۆچی (14-01-1998 زایینی) لە تەمەنی 84 ساڵەییدا، لە نەخۆشخانەی ئێران مێهر لە تاران کۆچی دوایی کرد و هێنرایەوە مەهاباد و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتان لە پاڵ مامۆستا هێمن و هەژار و خاڵەمین و ماملێ و ناودارانی تری کوردەوە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.


سەرچاوەکان



965 بینین