خالیدی کوڕی وەلید

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-10-01:23:00 - کۆدی بابەت: 8193
خالیدی کوڕی وەلید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و کەسایەتی خالیدی کوڕی وەلید

خالیدی کوڕی وەلید (بە عەرەبی: خالد بن ولید) هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ و خاوەن کەسایەتییەکی بە جەرگ و بوێر و ئازا، ناوی تەواوی خالیدی کوڕی موغەیرەی کوڕی عەبدوڵڵایە، ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە سەر کەعبی کوڕی لوئەی کە حەوتەم باپیرە گەورەی پێغەمبەر ﷺـە، ڕێکەوتی لەدایکبوونەکەی دیار نییە، بەڵام مەزەندە کراوە کە بە 40 ساڵ پێش کۆچکردنی هاوەڵان بۆ مەدینە لە شاری مەککە لەدایکبووە، تەمەنی منداڵی لە بیابانەکانی مەککەدا بەسەر بردووە و له نێو ژینگەیەکی هۆزەکی و عەرەبی پەروەردە کراوە، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز و دلێر بووە و لە جەنگەکاندا چاونەترس و بوێر بووە، شارەزای تەکتیک و فێڵ و تەڵەکەی جەنگی بووە و تواناییەکی لە ڕادەبەدەری هەبووە لە پلانداڕێژی و تەکتیکی شەڕکردن و ڕابەرایەتیکردن لە جەنگەکاندا، لەڕووی تایبەتمەندیی کەسایەتی و جەستەییەوە مێژوونووسان کەسایەتی خالیدیان چواندووە بە کەسایەتی عومەری کوڕی خەتتاب، تایبەتمەندییەکانانیان زۆر لەیەکەوە نزیک بووە و هاوشێوەی یەکبوونە، تەنانەت زۆرێک بەهۆی زۆری لێکچوونی قیافەت و باڵایان لەیەکیانیان جوودا نەکردووەتەوە. خالید لە پێش ئیسلامدا پێگەیەکی باڵای لەنێو پیاوانی قوڕەیشدا هەبووە و کەسێکی دەستڕۆیشتوو و دەوڵەمەند بووە چونکە باوکی لە خانەدانەکانی قوڕەیش بووە، بۆیە سەرۆک هۆزکانی قوڕەیش ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت، زۆر دووربین و دانا بووە و بە بوێری و داناییەوە بۆچوونەکانی دەردەبڕی و تێڕوانینی بۆ شتەکان قوڵ بووە، تایبەتمەندییەکی تری ناوداری هەبووە ئەویش بریتی بووە لەوەی کە هەمیشە یارمەتی لێقەوماوان و هەژارانی داوە و ڕەزییل نەبووە. 

موسڵمانبوونی خالید و هەڵوێستەکانی لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ

لە پێش موسڵمانبوونی خالیدی کوڕی وەلید دژایەتی ئیسلامی کردووە و لە نێو قوڕەیشدا بەرپرسی سەربازی و پێشڕەوی سوارەکانی جەنگ بووە، لە جەنگی بەدر  بەشداری نەکردووه، بەڵام لە جەنگی ئوحود ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە سەرکەوتنی قوڕەیشییەکان، چونکە هێرشی هەڵگەڕاوەی کردە سەر موسڵمانان و بووە هۆکاری شکستی موسڵمانان لەو جەنگەدا، خالیدی کوڕی وەلید لە دوای پەیماننامەی حودەیبییە موسڵمان بوو، دوای ئەوەی پێغەمبەر ﷺ پەیامێکی بۆ "وەلیدی کوڕی وەلید"ـی برای خالید نارد کە پێش ئەو موسڵمان ببوو، لەو پەیامەدا لە هەواڵی خالیدی دەپرسی و فەرمووی کە "ئەگەر موسڵمان بێت و بەهرەکانی بۆ خزمەتی ئیسلام بەکاربهێنێت زۆر بۆی چاکتر و خێرترە" بۆیە خالید لە مانگی سەفەڕی هەشتی کۆچی بە شەش مانگ پێش فەتحی مەککە موسڵمان بوو، خالید لە مەککەوە بەڕێکەوت بۆ مەدینە و لە ڕێگادا چاوی بە عەمری کوڕی عاس و عوسمانی کو‌ڕی تەلحە کەوت، پێکەوە ‌بەڕێکەوتن بۆ مەدینە و بوون بە موسڵمان، بەهۆی ئازایەتییەکەیەوە پێغەمبەر ﷺ لە بارەیەوە فەرموویەتی: (خالد سیف اللە المسلول) واتا: "خالید شمشێری هەڵکێشراوی خودایە"، خالیدی کوڕی وەلید لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق و عومەری کوڕی خەتتاب ڕێبەری فتوحات و جەنگە ئیسلامییەکان بووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام، هۆکاری سەرکەوتنی زۆرێک لە جەنگەکان بووە و بەشداری زیاتر لە سەد جەنگ کردووە. 

گرنگترین جەنگەکانی خالیدی کوڕی وەلید 

جەنگەکانی پێش موسڵمانبوونی:
ـ جەنگی ئوحود 
ـ جەنگی خەندەق
جەنگەکانی دوای موسڵمانبوونی لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ:
ـ جەنگی موئتە
ـ فەتحی مەککە
ـ جەنگی حونەین
ـ جەنگی تەبووک
جەنگەکانی سەردەمی خەلافەتی ئەبوبەکری سدیق:
ـ جەنگی هەڵگەڕاوەکان و جەنگی یەمامە
ـ فەتحی عێراق
- فەتحی وڵاتی شام
جەنگەکانی سەردەمی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتتاب:
جەنگی ئەبوقودس
جەنگی دیمەشق
ـ جەنگی یەرمووک
ـ فەتحی قودس
ـ فەتحی باکووری سووریا

کۆچی دوایی

لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب لە ساڵی 21ـی کۆچی پەتای ڕەشەمەرگ (تاعوون) لە وڵاتی شام بڵاوبووەوە، خالیدی کوڕی وەلید دووچاری ئەو درمە بوو  لە 18ـی ڕەمەزانی ساڵی 21 ـی کۆچی لە شاری حمس کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



3662 بینین