مزگەوتی جەلیل خەیات

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-21-19:20:00 - کۆدی بابەت: 8340
مزگەوتی جەلیل خەیات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

مزگەوتی جەلیل خەیات (بە عەرەبی: جامع جلیل الخیاط) دیارترین و ناودارترین مزگەوتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەکەوێتە شاری هەولێری پایتەختی باشووری کوردستانەوە، لەلایەن گەورە بازرگانێکی کوتاڵفرۆش لە شاری هەولێر بە ناوی "حاجی جەلیل خەیات"ـەوە دروستکراوە، لە سەرەتای ساڵی 1997 ئەم بازرگانە لەسەر ڕووبەری 25 هەزار مەتری چوارگۆشە ئەرکی دروستکردنی ئەم مزگەوتەی لە ئەستۆ گرت و ماوەی بنیاتنانەکەی دە ساڵی خایاندووە.
بە دوو ساڵ پێش تەواوبوونی پڕۆژەکە "حاجی جەلیل خەیات" کۆچی دوایی کردووە، بۆیە لەسەر داوا و وەسێتی خۆی کوڕەکەی به ناوی "کامەران جەلیل خەیات" لە پاش کۆچی دوایی باوکی تەواوکردنی مزگەوتەکە دەگرێتە ئەستۆ و لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2007 بە فەرمی مزگەوتەکە بە ڕووی نوێژخوێناندا کرایەوە، شوێن و جێگەی نوێژخوێنان فراوان و گەورەیە، توانای لەخۆگرتنی نزیکەی سێ هەزار نوێژخوێنی هەیە، لە یاد و بۆنەکانی وەکوو نوێژی جەژنی قوربان، جەژنی ڕەمەزان، شەوانی ڕەمەزان، نوێژی تەراویح، شەوی قەدر و نوێژی هەینی مزگەوتەکە بە جۆرێک قەرەباڵغ دەبێت کە نوێژخوێنان لە شارەکانی ترەوە سەردانی مزگەوتەکە دەکەن، لە ئێستادا "دوکتۆر بەشیر خەلیل حداد" پێشنوێژ و ووتارخوێنی ئەو مزگەوتەیە و ڕۆژانی هەینی ووتاری هەینی بە هەردوو زمانی کوردی و زمانی عەرەبی پێشکەش بە نوێژخوێنان دەکرێت. 

شێوازی بنیاتنان و تایبەتمەندییەکانی مزگەوتەکە

دیزاین و تەلارسازی ئەم مزگەوتە ناوازە و تایبەتە، چونکە لەلایەن چەند ئەندازیارێکی لێهاتووی تورکەوە لەسەر شێواز و دیزاینی عوسمانی و ئیسلامی ڕەسەن بنیاتنراوە.
لە چەندان وڵاتەوە ئەندازیارانی سەرپەرشتیار بۆ ئەم پڕۆژەیە دیاریکرا و بەشێکی زۆری کەرەستەکانی بیناسازییەکەشی لە دەرەوەی عێراقەوە دەستەبەر کران، ژمارەیەکی زۆر لەو کەرەستانە لە وڵاتی تورکیاوە هێنران.
حەڕەمی ناوەوەی مزگەوتەکە لە 63 گومەزی بچووک پێکهاتووە کە دابەشبووەتە سەر ڕووی هەموو بەشەکانی مزگەوتەکە، هەروەها هۆڵە پاشگرەکانی سەر بە مزگەوتەکە نموونەی شوێنی نوێژکردنی ژنان و هۆڵی بۆنەکان چوار گومەزی قەبارە گەوەر سەر ڕووەکەیانی داپۆشیوە، گومەزێکی گەورەتر سەر ڕووی شوێنی سەرەکی نوێژکردنی داپۆشیوە کە بەرزییەکەی 50 مەترە و تیرەکەی 25 مەترە، ئەم گومەزانە هەر وەکوو زۆربەی مزگەوتەکانی شاری هەولێر لەسەر شێوازی شارستانییەتی ئیسلامی دێرین و عوسمانی کۆن دروستکراوە، هەروەها مزگەوتەکە خاوەن دوو بڵندگۆ و منارەی بەرزە کە لەسەر شێوازی منارەی مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ لە مەدینە دروستکراوە، بناغەی منارەکان لە بنچینەیەکی چوارگۆشەیی پێکهاتووە، پاشان شێوەیەکی هەشت لا لەسەر بناغە چوارگۆشەکە دروستکراوە و لەسەر ئەو هەشت لایە بە شێوەی بازنەیی منارەکە بەرزکراوەتەوە کە بەرزیی هەر منارەیەکیان 73 مەترە.
دیزاین و نەخشاندنی هونەری ناوەوەی شوێنی نوێژکردنی ژنان و پیاوان زیاتر لە دوو ساڵی خایاندووە کە بە دیزاینێکی ناوازە ناوەوەی نەخشێندراوە بە نەخش و نووسینی ئیسلامی، بیرۆکەی دیزاینی دەروازەی سەرەکی مزگەوتەکە لە دەروازەی "مزگەوتی ئیمام ئەبوو حەنیفەی نوعمان" لە بەغداد وەرگیراوە و لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەن.
مزگەوتەکە لەگەڵ بوونی شوێنی نوێژکردنی پیاوان، شوێنی نوێژکردنی ژنانیشی فراوان و تایبەتی هەیە کە زیاتر لە 300 نوێژخوێنی ژن دەتوانن نوێژی تێدا ئەنجام بدەن، هەروەها چەند هۆڵێکی تایبەتی هەیە بۆ بۆنە و پرسە و یادەکانی نموونەی یادی مەولوودی پێغەمبەر ﷺ و ساڵانە چەندان خولی تایبەتی و ئایینی تێدا دەکرێتەوە.
نرخ و تێچووی بنیاتنانی ئەم مزگەوتە لەسەر داوای خاوەن پڕۆژەکە تا ئەمڕۆ بە نادیاری ماوەتەوە، هەروەها یارمەتی و کۆمەکی خێرخوازی لە هیچ ڕێکخراو و کۆمەڵەیەکی دەرەوە و ناوخۆیی وەرنەگرتووە بۆ تەواوکردنی مزگەوتەکە، لە ئێستادا ژمارەی کارمەند و کارگوزار و خزمەتکاری مزگەوتەکە 35 کەسن، موچەی ئەوانیش هەر لەلایەن خێزانی جەلیل خەیاتەوە دابینکراوە.


سەرچاوەکان



1073 بینین