ئەسپ و چرا و مانگ - شێرکۆ بێکەس

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-05-10-23:44:00 - کۆدی بابەت: 8601
ئەسپ و چرا و مانگ - شێرکۆ بێکەس

ناوه‌ڕۆك

ئەسپ و چرا و مانگ

شاعیر: شێرکۆ بێکەس

بەرهەم: مێرگی زام مێرگی ھەتاو

شیعر: ئەسپ و چرا و مانگ

-بابە بۆچی ئەسپەکەی «شێخ»لە بناردا کەوت و گلا و
نەبوو بە «با» و
بە بروسکەو
سەرنەکەوتە سەر ترۆپکی
پاشەڕۆژ و
شاخی هەتا و؟ ! 
- کوڕم.. ئینگلیز.. داوی ئینگلیز
ئینگلیز.. خستی
ئینگلیز.. گرتی
ئینگلیز.. کوشتی! 
- ئەی بابە بۆ چرای ئاڵای
ناو بەفرانباری مەهاباد
لە تەمەنێکی زۆر کورتدا
کورتتر لە گوڵی دار چوالە و
کورتتر لە خەونی پەپوولە
پرشنگەکانی هەڵوەری و
دڵی وەستا؟ ! 

- کوڕم! فووی ڕووس
فووی «ستالین» و «سەڵتەنە» و
گۆڕینەوەی خوێنی کوردستان بە نەوت و
مەزاتە گەورەکەی دنیا! 
- ئەی بابە ئەم «مانگ»ەی ئێستا
کە لە ئاسۆی خوێنمانەوە بوو بە خەونی
گۆیژە و مەتین وسەفین و
لە ناو سەری مێژوویەکی شەهیدەوە
خەرمانەی دا؟ ! 
بابە.. بابە ئەی ئەمەیان
ئەم مانگەیان
کێ ئەی کوژێ؟ ! 

- کوڕم.. کورد خۆی.. هەر خۆی و خۆی

کەسی تر نا
ئەمجارەیان خۆی ئەیکوژێ
خۆی ئەیکوژێ
خۆی!!


سەرچاوەکان



324 بینین